كورد باجی كوردایەتی ئەدات

29/07/2020

هێمن غازی

هێمن غازی
گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس، ئەوا كوالێتی ژیان لەئێستا زۆر باشتر بوو، قسەكە لەسەر بڕ و جۆری كاڵاو خزمەت گوزارییەكان نییە بەتەنیا، بەڵكو چارەكە سەدەیەك لەمەو بەرو لەژێر دەستی حكومڕانی بەعسی عەرەبدا تاكی كورد لەدابین كردنی مافە سەرەتاییەكانی بێبەش نەبوو، ئەوكات تەنانەت گوێزانیان لەبایەعیدا دابەش دەكرد، بیرمە لای بەریدەكەوە سەمون خانەیەك هەیە سەر ئەو دوكانی سەمونخانەیە ئەسواق مەركەزی بوو، ئەمە تایبەت بوو بەفەرمانبەران و نرخی كاڵاكانی كەمتر لەبازار بوو، شتێك نەبوو بەناوی دواكەوتن و نیوە موچە.

بەڵام كاتێك بەناوی شۆڕش و كوردایەتییەوە حزبەكان دروست بون، ئیتر كورد سەرەتای نەگبەتییەكەی دەستی پێ كرد، چونكە ئەوكات پێیان وابوو كە كورد دەبێ سەربەخۆ بێت و خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، واتە كوردایەتی لەشاخ و تەنزیمات لەشار ئیتر وەزعەكەی شر كرد و چەندین ژن و مناڵ و گەنجی ئەم كوردستانەیان كردە قوربانی ئەم كۆمپانیانەی ئێستایان.

هەر لەئەنفالەوە بیگرە تا كیمیابارانی هەڵەبجەو زیندەبەچاڵ كردنی بەكۆمەڵ و وێران كردنی سەدان دێهات و یاری كۆنكەنەكانی سەر سكی كچ و ژنی كورد لە ئەمنەكاندا و زۆر شتی تریش.

دیقەت بدەن دوای چەندین ساڵ لەحكومڕانی كوردی و بەناوی كوردایەتییە بەچی گەیشوین؟ دوو تا سێ جۆری خراپی خۆراكی بایەعی دابەش دەكرێت، لە تەموزی ساڵدا موچەی بەهاری ساڵی ڕابردوو بەنیوەیی دابەش دەكرێت، هەرچی بڵێی لەداهاتی وڵات ئەكرێت بە پارەو لەبانكەكانی ئەوروپاو ئەمریكا هەڵدەگیرێت، كورد بێ بەشە لەزۆرترین مافە سەرەتاییەكانی و ڕێزی مرۆڤ ئێجگار لەكەدار كراوە، ڕۆژانە هەواڵی خۆكوشتن دەبیستین، كۆڵانی گەڕەكی شارەكانی هەرێم نەماوە بیست ماڵی جیابوەوەی تیا نەبێت.

خەڵك تەواو بێ ئومێد بووە.
ئەوانەی تا دوێنێ باسی كوردایەتیان دەكرد و خۆیان بەڕزگار كەری كوردستان دەزانی ئێستا خاوەنی باشترین كۆمپانیاكانی دنیان و لەڕیزی دەوڵەمەنترین ملیاردەرەكانن! ئاڵای عێراقی عەرەبیش لەپشتیانەوە ئەشەكێتەوە، دەی كەوابێت بۆ ئێمەش هەر لەژێر دەسەڵات و حكومڕانی ئەو عێراقە عەرەبەییەدا خاوەن مافی سەرەتایی نەبین؟ بۆ ئەوەی بۆ خۆتان حەڵاڵە بۆ ئێمە حەرام بێت؟

بۆ دەبێ لەژێر ناوی كوردایەتیەكەی ئێوەدا تاكی كورد باجی خراپی و كۆمپانیا و دەسەڵاتداری و مافیاگەرایی ئێوە بدات؟

هێمن غازی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی