كورتەیەك سەبارەت بەمێژووی خەباتی چەكداری ژنانی كورد

29/07/2020

هاوژین زیبا

پرسی ئازادی و یەكسانیی ڕەگەزی بۆ ژنان هەمیشە پرسێكی مێژوویی و بنچینەیی بووە، و هەردەم لە هەوڵی تێگەیشتن لێی و بەدیهێنانیدا بوون ، لەم پێناوەشدا بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر كار و خەباتیان بۆ كردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بڕگەیەكی زۆر واتاداردا گوزارش لەم ڕاستیە دەكات: "ئایا دەكرێت نكۆڵی لە ئاوازی جریوەی بولبول بكەین لەناو قەفەسدا؟ ئایا گشت ڕەنگ و دەنگەكانی گەردوون چی بە بیری مرۆڤدا دەهێنن جیاواز لە ئازادی و گەڕان بەدوای ئازادیدا؟ سەرجەم   هەوڵەكانی ژنان لە گەران بۆ ئازادی دەكرێت چی واتایەكی دیكەیان هەبێت؟"(1).

بنەما و هۆكارەكانی دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بابەتێكی سەربەخۆ و گرنگە، بەڵام مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا دەستنیشانكردنی كورتەیەك لە مێژووی خەباتی چەكداری و ڕێكخستنی تایبەتی ژنان و فكر و فەلسەفەی ئازادیی ژنانە لەناو پەكەكەدا. كە لوتكەی ئەم چالاكییانە لە بیردۆزەی دابراندا بۆیەكەم جار خۆی پێناسە دەكات.

وەكو دەزانرێت؛ لە سەرەتای دروستبوونی پەكەكەوە هەتاكو ئێستا ژنان ڕۆڵی سەرەكی و گرنگیان بینیوە لە دامەزراندن و بەردەوامیدا، ئەم بەشدارییەش بۆ ژنان بە جۆرێك بەشێك بووە لە گەران بۆ ئازای. 

بەپێی سەرچاوەیەك (YJWK)یەكەم رێكخراوی كوردە لە چوارچێوەی پەكەكەا: "ژنی كورد كاتێك لەناو حەقیقەتی پەكەكەدا خۆی ڕێكخست، ساڵی ١٩٨٧ یەكەمین ڕێكخستنی ژنانی پێكهێنا و ناوی لێنرا (یەكینەی ژنانی وڵاتپارێزی كوردستان)Yekitiya Jinen Welatparezen Kurdistan (YJWK)، كە بە یەكەمین ڕێكخستنی ژنان دادەنرێت گوزارشت لە هێزی ڕێكخستووی ژنان بكات لەناو پەكەكەدا، بەگشتییش نوێنەرایەتیی لە یەكەمین ڕێكخستنی ژنانی كورد كرد. YJWK زۆرتر چالاكییەكانی لە گۆڕەپانی ئەوروپا و لە سایەی (بەرەی نیشتیمانیی ڕزگاریخوازیی كوردستان)دا ئەنجامدا. لەبەر ئەوەش كە ژنان تێیدا هێشتا نەیانتوانی تایبەتمەندییە كۆمەڵایەتییە كۆنەپارێزەكانیان تێپەڕێنن؛ نەتوانرا بەشدارییەكی كردەیی هاوشانی ئەم ڕێكخستنە و پێداویستییەكانی نیشان بدرێت.

لەدوای ساڵی ١٩٨٧، كاریگەریی شیكارییە دیارەكانی پەكەكە دەربارەی ژن و خێزان، بە خێراییەكی زۆر گەورە بەسەر جەماوەردا ڕەنگی دایەوە. بە شەهیدبوونی هەڤاڵ (بەنفیش ئاكاڵ)، كە لەسەر بنەمای ئەم شیكاریانە و بە باوەڕبوونی بە ئازادی هاتبووە ڕیزی شۆڕشەوە، جەماوەر دەستیدایە قۆناغی سەرهەڵدان. بۆ یەكەمی نجار سەرلەبەری جەماوەر بە ژن و پیاوییەوە دەستیاندایە سەرهەڵدان و هاوپشتی پەكەكە بوون و لە ئامێزیان گرت. هەڤاڵ بێریڤان بوو بە ڕەمزی یەكەمین ژن كە خۆی لە هەژموونی پیاو (چ برا چ پیاو) ئازاد كرد و بوو بە موڵكی گەل و نیشتیمان و مێژوو و كچانی هاوڕەگەزی خۆی، بوو بە ڕەمزی بەرپەرچدانەوەی هەوڵی دزینی ئیرادە و هەڵمژینی هێز و بچووككردنەوەی كەسایەتی، هەوڵگەلێك كە بەردەوام ڕووبەڕووی ژنانی كورد دەبوویەوە. ئەو بوو بە ڕەمزی ئەو نامۆبوونەی لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەنێوان ژن-ژیانی ئازاد-كۆمەڵگادا دروستبووە"(٢).

هەندێك سەرچاوەی دیكە باس لەوە دەكەن كە لە ساڵی ١٩٩١دا لە باكووری كوردستان بە پێشەنگایەتیی ژنان ڕاپەڕین لە دژی فاشیزم و داگیركاری دەستپێدەكات، و ژنان دەنگی نەخێر و ناڕازی بوون هەڵ‌دەبڕن بە ڕووی دەوڵەت و داگیركاریی توركیادا لە شارەكانی جزیرە و نوسەیبین و گەلێك ناوچەی دیكەدا، هەر لەم سەرهەڵدانانەشدا ژنانی جیاواز بەشداریی ڕێكخستنەكانی پەكەكە دەبن.

لەگەڵ بەردەوامیی خەباتی پەكەكەدا لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستاندا لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دژایەتی و ناكۆكی دروست دەبێت،  لە ساڵی ١٩٩٢دا شەڕ لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردسان دروست دەبێت، لەم شەڕەدا ژنە گەریلایەك بە ناوی "گوڵناز قەرەتاش" ("شەهید بێریتان") لە دوای ئەوەی بریندار دەبێت بەڵام خۆی ڕادەست ناكات وبە برینداری  لە سەر چیا خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و دەڵێت: " بمرێ خیانەت".

ئەم چالاكییەی شەهید بێریتان دەبێتە هەوێنی دروستبوونی رێكخراوی چەكداریی سەربەخۆی ژنان لە چوارچێوەی پەكەكەدا، ئەگەرچی لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە ژنان ئامادەییان هەبووە و ڕۆڵی كاریگەریان گێڕاوە، بۆ نمونە؛ ساكینە جانسز (شەهید سارا). بەڵام بینینی ئەو چالاكی و ڕۆحی فیداكارییەی شەهید بێریتان لەناو پەكەكەدا ژنان زیاتر بەرەو سەربەخۆیی لە بواری سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتی ئاڕاستە دەكات.

ژنان لە ناو پەكەكەدا چۆن توانییان ئەقڵیەتی پیاوسالاری كۆتایی پێ‌بهێنن و بە سەربەخۆیی ژیانی خۆیان بكەن؟ زیهنیەتی باوكسالاری و دەسەڵاتداری بەسەر ژناندا لە كۆمەڵگای كوردستاندا خانە-بە-خانەی مێشك و ڕۆحی مرۆڤەكانی گرتووەتەوە. هەر بۆیە خەباتی چەكداری و سەربەخۆ بوونی ژنانیش لەناو پەكەكەدا لە سەرەتادا بە ئاسانی قبوڵ نەكراوە و دژایەتیی كراوە، بەڵام هەڵوێست نەگۆڕیی ژنان و قوڵبوونەوەیان لە فكر و تێڕامانی  عەبدوڵڵا ئۆجەلان هۆكارێكی زۆر گرنگ بووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو جۆرە لە زیهنیەت و بیركردنەوەی پیاوانی ناو ڕیزەكان پەكەكە.

لە سەرما و گەرمای ژیانكردن لە چیاكانی كوردستاندا ژنان هێزی خۆیان یەكخست، ‌و یەكتریان پەروەردە كرد، و یەكیان خۆش ویست، و ڕێزیان لە تایبەتمەندییەكانی یەكتری گرت.

لێرەوە ژنان بە پێچەوانەی زیهنیەتی هەزاران ساڵەی پیاوسالاری كە دەڵێت "ژنان یەكتریان خۆش ناوێت، ژنان یەكتری ناناسن، ژنان ناتوانن بە یەكەوە كار بكەن، ژنان ئیرەیی بە یەكتری دەبەن...هتد"؛ هەوڵەكانیان بەگەڕخست و لە چوارچێوەی (خۆشویستنی ژن، ناسینی ژن، تێكۆشانی ژن) دەستیان بە خەبات كرد. 

لە ساڵی ١٩٩٥ یەكینەی ئازادیی ژنانی كوردسان (یاژك) Yekitiya Azadiya Jinên Kurdistan (YAJK) دروست دەبێت وەكو هێزی ژنان، ژنانی پەروەردەكراو بە هێز و ڕادەی خۆیی بوون، واتا هێزی ژن بوون وەكو مرۆڤێكی سەربەخۆ، دەچێتە ئاستی بەڕێوەبەری لە كۆمیتەی گشت پارتدا جێی خۆیان دەگرن، و بە هاوبەشی لەگەڵ پیاواندا (كۆمیتەی ئازادی و وەك هەوی) دروست دەكەن. لەم قۆناغەدا جیاواز لە پەرەوەردەی تایبەتی ژنان بە سەربەخۆیی، ژن لە ناو پەكەكەدا تەنها خۆپەروەردەكردن بە ئەركی خۆی نازانێت، بەڵكو پەروەردەی پیاوانیش دەكات لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە ژنان سەربەخۆبن و بەرەو پێش بچن و پیاوان لە ناو زیهنیەتی پیاوسالاری و نەناسینی ژندا بن گۆڕانكاری دروست نابێت و پێشكەوتنی زیهنیەت بەرە و پێش ناچێت.

لە ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ (تیۆری دابران) لەسەر بنەمای بیردۆزەی ڕزگاریی ژن وەكو هەنگاوێكی ستراتیژی وگرنگ لە مێژووی خەباتی ژنانی پەكەكەدا دەست پێدەكات، كە لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨ ڕاگەیەنرا. 

تیۆری دابڕان چییە؟
تیۆری دابڕان یان تیۆری ئازادیی ژن یان بیردۆزەی ڕزگاریی ژن Bîrdoziya Rizgariya Jinê پێكدێت لە: دابڕان لە تێگەیشتنی هەزاران ساڵەی باوی پیاوسالاری، ژنان لەم تیۆریەوە دادەبڕێن لە پیاوان، لە سێ خاڵی سەرەكیدا: 

یەكەم: لە بواری فیزیكیدا، بە پێی ئەم بیردۆزەیە  ژنان وەك چەشنێكی لاواز وبێ هێز تەماشا ناكرێن، چەشنێكی لاواز كە بۆ بەدی هێ‌ێنانی خۆی بە چەشنی پیاوانەوە بەسترابێت، بەڵكو هێزی ژن وەك تواناییەكی سەربەخۆ دەناسرێتەوە و دەكرێتە بنچینەی رێكخستنی ژنان. ئەم بیردۆزەیە كلێشەی پیاوی بەهێز/ژنی لاواز تێدەپەرێنێت ومتمانە وهێزلە دەرەوەی كلێشەكانەوە بۆ ژنان دەگێرێتەوە.

دووم: لە بواری ڕۆحیدا. بەو واتایەی ژنان لە بواری هەست و سۆزدا بە هەرچی دەگەن و بەرهەم دەهێنن بۆ پاوان بووە، بەڵام تیۆری دابران پێشنیار دەكات بەبێ گەرانەوە بۆ سەرچاوەیەك كە پیاوان بێت، ژن ببێتە خاوەنی داهێنانی هونەری لە هەموو فۆرمەكاندیدا. 

سێیەم: لە بواری فیكریدا. بە پێی ئەم تیۆرە تا ئێستا زانستەكان بە پێی باوك-پیاو دا بەرهەم هاتووە و تیایدا زاناییەكانی ژنان بە زانست دانەندراون. بۆیە گەران بۆ زانستێكی ژنانە و داننان بە زانایی ژنانە لە رەوتی مێژوودا بەشێك دەبێت لە تایبەتمەندییەكانی ئەم بیردۆزەییە.

لەم سێ بوارەدا ژنان دادەبڕێن لە پیاوان، و وەكو بونێكی سەربەخۆ و ئازاد ژیان و خەبات دەكەن.

هەر لە ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ بیردۆزی ڕزگاریی ژن ڕادەگەیەنرێت، و هاودەم چالاكیی دووو ژنە گەریلا بە ناوەكانی زەینەب كەناجی (شەهید زیلان)، و سەما یوجە (شەهید سەما)، كە بە چالاكییەكانیان كاریگەرییان لەسەر هەموو گەل دروست كرد؛ هێزی ژنیان زیاتر دەرخست.

بیردۆزیی ڕزگاریی ژن پێك دێت لە: وڵاتپارێزی، فیكری ئازاد، ڕێكخراوبوون، تێكۆشین، جوان بوون و ئێستاتیكا. 

شۆڕشی ژن ئەزموونی (یاژك)ە. ژنانی كورد و یەكینەكانی ژنانی كوردستان ئێستا لە چوارپارچەی كوردستان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن، و جۆرێكی تایبەت لە فكر و تێگەیشتن بۆ ژیان بخوڵقێنن. بێگومان كانیاوی ئەم تێگەیشتنە و سەرچاوەی فكریی ئەم ڕێكخستنەوەیەی مرۆڤەكان؛ لە فیكر و فەلسەفە و تێڕامانی  عەبدوڵا ئۆجالانەوەیە، و تاكو ئێستا بەردەوامیی هەیە، و لە فراوانبوون و سەركەوتنی بەردەوامدایە.

یەكینەی ئازادیی ژنانی كوردستان كە هەتا ساڵی ١٩٩٩ بەم ناوەوە دامەزراوە ، لە قۆناغەكانی تری تێكۆشاندا ناوی دەگۆڕێت بۆ "یەكینەی ژنانی ئازاد ستار" (یژاستار) Yekîtiyên Jinên Azad STAR (YJA STAR) كە ٢٠٠٤ دامەزرا و تا ئێستەش بەردەوامە، و ڕێكخستنی (یژاستار) لە هەرچوار بەشی كوردستان ڕێكخستنی خۆی پێكهێناوە: لە ڕۆژئاوای كوردستان "یەكینەكانی پاراستنی ژن" (یەپەژە) Yekîneyên Parastina Jin YPJ، لە شەنگال "یەكینەكانی ژنانی شەنگال" (یەژەشە) Yekîneyên Jnên Şengalê (YJŞ)، لە ڕۆژهەڵات "هێزەكانی پاراستنی ژن" (هەپەژە) Hêzên Parastina Jinê (HPJ) و، لە باكوور "یەكینەكانی پاراستنی سڤیلی ژن" (یەپەسە-ژن) Yekîneyên Parastina Sivîla Jin (YPS-Jin)، لە خەباتی چەكداری بەردەوامن.

پەراوێزەكان:
(١) ئەم پەرەگرافە كورتەی پەرەگرافێكی (عەبدوڵا ئۆجەلان)ـە لە "مانیفێستۆی شارستانێتیی دیمۆكراتیك"، كە دەڵێت:
 (٢) حركە تحریر المرأە الكردیە. (YJA STAR - Yekîneyên Jinên Azadên Star). ١٥/٧/٢٠١٢.
https://www.yjastar.com/ar/2012-07-15-07-41-40/88-2012-07-15-17-08-14

سەرچاوەكان:
(١) ئەرشیفی دۆكیومێنت و مەتریاڵی جۆراوجۆری ناوەندی ژنۆلۆژی.
(٢) ئۆجالان، عەبدوڵا، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموكراتیك. پەرتووكی سێهەم (سیۆسیۆلۆژیای ئازادی). وەرگێرانی لە توركیەوە: لوقمان عەبدوڵا. چاپی سێیەم، ٢٠١٦.
(٣) جانسز، ساكینە، ژیانم هەمیشە تێكۆشان بوو. وەرگێڕانی: ئارام پێنجوێنی. ئەكادیمیای ژنی ئازاد-زەینەب كناجی. بەرگی یەكەم. ٢٠١٧.
(٤) حركە تحریر المرأە الكردیە. (YJA STAR - Yekîneyên Jinên Azadên Star). ١٥/٧/٢٠١٢.
https://www.yjastar.com/ar/2012-07-15-07-41-40/88-2012-07-15-17-08-14
(5) Celal, Xezne, Jinên kurd ji bo tevahî jinan bûne jêderka azadiyê. (E-Rojname), 03.03.2020.
https://e-rojname.com/bs-jin/81360/
(6) Dîlok, Dilzar , 8ê Adarê Bîranîna Dîrokî... (Hêzên Parastina Gel-HPG Online - Kurdi).
http://hezenparastin.info/ku/index.php?option=com_content&view=article&id=1287:8e-adare-biranina-diroki-&catid=18&Itemid=260
(7) Kurdistan Womens Liberation Struggle. (JINEOLOJI), 2020/04/22.
https://jineoloji.org/en/2020/04/22/kurdistan-womens-liberation-struggle/

(ئەم تارە، بەشێكە لە زنجیرە وتارێك، سەبارەت بە خەباتی چەكداری ژنانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان)


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە