یادەوەریییەکانمان مەشێوێنن... تکایێ!

02/08/2020

پشکۆ نەجمەدین

بۆ بەڕێزان لە سێ سەد و شەست پڵەس!

من نێزیکەی دە ساڵ دەبێت بەرگەکانی "ئەزموون و یاد"م نووسیون و هەتا ئێستا پێنج جار، چاپ و بڵاو کراونەتەوە!
ئەزموون و یاد، یەکێکە لەو یادەوەرییانەی کە زۆرترین خوێنەری هەبووە و خەڵاتی پڕفرۆشترین کتێبیشی وەر گرتووە.
یادەوەریییەکانی من، گێڕانەوەیەکی واقیعیی ئەو ڕووداوانەیە کە لە شاخدا و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، وێنەگرتنەوەی ڕووداوەکان و نیشاندانیان بە نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، ئەرکی ئێمەیە.
ئێوە، هێندەی من بزانم، دوو ڤیدیۆتان لەسەر هەندەک لە گێڕانەوەکانی "ئەزموون و یاد" دروست کردوون کە بە جۆرێک تەفسیر و شرۆڤەی هەڵەتان بۆ ڕووداوەکان کردوون. ئەو تێکستەی ئێوە نووسیوتانە و دەیخوێننەوە، تەنیا لە سەدا شەستی تێکستەکانی ئەزموون و یادن و ئەوی دیکەی، مەرام و مەبەستی سیاسیی خۆتانی تێکڵاو کراوە.
ئێمە ساڵانێک لە شاخ بووین و خەباتمان کردووە. ئێمە لە چاک و خراپی ئەو خەباتە، مادەم بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆمان نەبووە، پەشیمان نین. تکایێ خەبات و قوربانیدانی نەوەیەک، جا ئەنجامەکەی هەر چییەک بوو بێت و ئێمە ئێستا، لێی ناڕازی و تووڕەش بین، ناشرین مەکەن!
تکایە دەست لە "ئەزموون و یاد" هەڵبگرن!


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی