هەڵزنیانی شەیتان بەقەندیلدا

04/08/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمریكییەكان ڕەدی دەكەنەوە چوبێتنە قەندیل بەڵام چەند دەزگایەكی میدیایی ناوخۆیی گوایە بەڵگەیان هەیە كە لەسەر داوای باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغداد، ئەمریكییەكان لەناوچەی (پشتدەر)ەوە چونەتە قەندیل و كۆبوونەوەیەكی شەش كاتژمێرییان لەگەڵ پەكەكە كردووە.

دووبارەی تێگەشتنی فارسەكان ناكەمەوە كە بە ئەمریكا دەڵێن (شەیتانی بوزورگ)٫ بەڵام بە وردبوونەوە و سەیركردنی سیناریۆ ئەهریمەنییەكانی ئەمریكا لەجیهاندا، هیوا دەخوازم ئەم شەیتانە بوزورگە نەچووبێتە قەندیل و چونی ئەمریكا بۆ قەندیل ڕاست نەبێت، چونكە لەڕاستیدا گەیشتنی ئەمریكا بەقەندیل، كارێكی شەیتانانەی ئەمریكایە و نێتی باشی لێناخوێنرێتەوە .

چونی ئەمریكا بۆ قەندیل، هەڵزنیانی شەیتانە بە قەندیلدا چونكە كێ لەوە دڵنیایە ئەمریكا خۆی بەدوای شوێنی ئەو سەركردانەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە نییە كە لەڕابردوودا بڕی (١٢ ملیۆن) دۆلاریان وەكو خەڵات بۆ هەر كەسێك دیاریكرد كە زانیاری بدات لەبارەی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە"و هەریەكە لە (موراد قەرەیلان)و (دوران كاڵكان)؟

هەڵزنانی ئەمریكا بە قەندیلدا ئەگەر لەسەر پێشنیاری (YPG)ش بێت وەك هەندێك سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن گوایە ڕێككەوتنێكی قوڵ لەنێوان یەپەگەو ئەمریكا كراوە، دیسان ئەمەش كارێكی دپلۆماسی یان جیۆسیاسیش نییە، ئەگەر ئەمریكا پێیوایە خۆرئاوا بڕیارو ئیلهامی سیاسی لەقەندیل وەردەگرێت و پێویستە ئەمریكا لەگەڵ قەندیل! دابنیشێت، ئەوا نیەت باشی ئەمریكا لەوەدایە پێش هەڵزنان بەقەندیلدا بۆ كۆبوونەوە، پێویست بوو پەكەكە لە بلاگ لیستی خۆی دەربهێنێت تاكو پەكەكەیش بەدڵسافییەوە لەهەر ڕێككەوتنێك بچێتە پێش.

دەبێت پەكەكە وشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكات ئەگەر كۆبوونەوەیەكی لەم چەشنە هەیە، تاكو قەندیلیش نەبێتە عێراقی سەدام حسێن كە ئەمریكا لەڕێگای تیمی پشكنەری چەكە كیمیاییەكانەوە بە زۆر ناوچەی عێراق ئاشنابوون و دواتر لەڕێگای فسفۆرو فڕۆكەوە بوونە ئامانجی ئەمریكا، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە ئامانجەكە بۆ عێراق یان توركیا بێت و دووریش نییە هاوشان بۆ هەردوو دەوڵەتەكە بێت.

ڕۆژانی ڕابردوو دوو هەواڵی لەناكاو ڕووپەڕی میدیاكانی داپۆشی، یەكەمیان ڕێككەوتنی نەوتی ئەمریكایە لەگەڵ خۆرئاوای كوردستان و دووەمیشیان سەردانی نوێنەری ئەمریكایە بۆ قەندیل، لەم موتەڵەقەوە دەكرێت بپرسین ئایا ئەم جوڵەیەی ئەمریكا مانای گۆڕینی سیاسەتی ئەمریكایە بەرامبەر كوردو خۆرئاوای كوردستان و پەكەكە ؟

ئەو دوو هەواڵە كەمێك گوماناوین، بەڵام ئەگەر هەر یەكێك لەو هەواڵانە ڕاست بن ئەوا پێدەچێت ئەویتریشیان ڕاست بێت!، چونكە ئەمریكا لەپێناو كورد و یەپەگە ئەو جوڵەیە ناكات بچێتە قەندیل بەڵكو لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی دەچێت! تاكو بەرژەوەندییەكانی لەلایەن خۆرئاواو قەندیلەوە بپارێزرێن نەك توركیا كە ئێستا بەئاشكرا لەمیحوەری ڕوسەكاندایە.

بێگومان ئەگەر وێنەی سوریا بەتونێلێكی تاریكی پڕ دووكەڵ و جەنگ بشوبهێنرێت، ئەوا خۆرئاوای كوردستان بۆ ئەمریكا ڕووناكی ناوتونێلەكەیە كە ڕێ ڕوناكی ئەمریكا دەبێت لەناوچەكەدا بمێنێتەوەو تەراتێنی سیاسی و بازرگانی خۆی بكات، بۆ ئەمەش گرنگە قەندیل پشتیوانی ڕێككەوتنەكەی خۆرئاوابێت لەگەڵ ئەمریكا.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی