ئیرادە لەنێوان شۆڕشی ئەیلول و ڕیفراندۆم دا

06/08/2020

دانا مەنمی


هەموو شۆڕشێک لە ڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازییەوە بەقۆناغی سەختدا تێدەپەڕێت ، هەموو شۆڕشێکیش لەتەمەنی خۆیدا لەهەر وێستگەیەکدا قوربانی دەبەخشێت ، شۆڕش هەم پیویستی بەپلان و تەکنیکە هەمیش ئیرادەو بوێری، شۆڕش پێویستی بە پلان و ئیرادەو ئیدارە هەیە ، پلان بەر لە ئیرادەیە و ئیرادەش بەر لەئیدارە ،چونکە ئەگەر پلان و ئیرادەو ئیدارە پێکەوە ڕێکنەخرێن ،ئەوکات ڕاڕا دەبیت لەبڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن دیدێکی ڕۆشنی ستراتیژیت نییە و متمانە لەدەست ئەدەیت  .

هەرەس هێنانی شۆڕشی ئەیلول ئەوەندە سیاسی بوو ،هێندە سەربازی نەبوو ، واتە هێزی پێشمەرگە لەوپەڕی بەهێزیدا بوو کاتێک جاڕی هەرەس و نسکۆ لێدرا ، خۆ ئەگەر لە ڕووی مێژوویی و سیاسیەوە  لێکدانەوەی بۆ بکەین دەتوانرا شۆڕشی ئەیلول هەرەس و نسکۆ نەبێتە چارەنووسی و درێژە بە خەباتی سیاسی و سەربازی بدات ، ئەگەر ئیرادەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش هەبووایە دەتوانرا لە ڕێگەی خەباتی پارتی زانییەوە هەرەسی شۆڕشی ئەیلول پڕ بکەنەوە ، بەڵام نەبوونی ئیرادە و لاوازی لەبیروباوەڕی کوردایەتیدا ڕێگربوون لەبەردەم هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش دا ، لەکاتێکدا شەش مانگ دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لە بەهاری ساڵ١٩٧٥ یەکێتی لە دۆخێکی نائومێدی و بێ متمانەی خەڵک بە شۆڕش لەدایک دەبێت و دەستی بەخەباتی پارتی زانی کرد.

دوای زیاتر لە چل ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول دا ، کورد دەرفەت و زەمینەیەکی باشی سیاسی بۆ ڕەخسا ، ڕیفراندۆم ئەو مەشروعە بوو کە وەک چەکێکی سیاسی و تاپۆیەکی ڕەش بەدەست شۆڕە سوارانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمەوە بوو ، ئامانج لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پراکتیزە بوونی ئیرادەو بەدەستهێنانی خواستی سەربەخۆی سیاسی و بەدیهێنانی خەونی سەد ساڵەی کورد و خواحافیزی و ماڵئاوایی لە عێراق بوو ، بەڵام خواست و خەونی کورد لە ڕیفراندۆم دا نەهاتەدی ، چونکە کاراکتەرەکانی ڕیفراندۆم کاراکتەری بێهێزو بێ پلان و بێ ئیرادە بوون ، ئیرادەیان نەبوو نەیانتوانی ئیدارەی مەشروعی ڕیفراندۆم بکەن ، دوای ئەو هەموو بەڵێن و دواجار ڕیفراندۆم شکستی هێناو نسکۆی تەسلیم بوون و گەڕانەوە بوو بۆ باوەشی عێراق ، شۆڕەسوارانی ڕیفراندۆم چاوەڕوانی ئومێد و ئاسۆیەکی ڕونیان لێ نەدەکرا بۆ بەدیهێنانی خەونی سەدان ساڵەی کورد ، قەزییەی کورد لەدوای ڕیفراندۆمەوە ئایندەی لەمەترسیدایە و چارەنووسیشی نادیارە ، وەک چۆن شۆڕشی ئەیلول گرێدراوی شای ئێران بوو لە شەوو ڕۆژێکدا توایەوەو شای ئێران ڕاشکاوانە بە مەلا مستەفا بارزانی و وەفدەکەی شۆرش دەڵێت "شۆرشەکەتان دەبێت ڕابگرن و ئەمە فەرمانی ئەمریکا و ئێمەشە". دواتر شاندی شۆڕش لە ١٩ ی ئازاری ١٩٧٥ دەگەڕێنەوە باڵەکایەتی و بەیاننامەی ڕاگەیاندنی کۆتایهێنانی شۆرشی ئەیلول لە ئیزگەی دەنگی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

ڕیفراندۆم شۆڕشێکی دیکەی مەدەنی و دیموکراسی و مەشروعێکی ڕەوا بوو کە شۆڕە سوارانی ڕیفراندۆم نەیانتوانی مومارەسەی بکەن ، نەبوونی ئیرادەو بێ توانایی لە ئیدارەدان دەرفەت و دەستکەوتەکانی جەنگی داعشی لەباربردو کاریگەری خراپی لەسەر هێزو پێگەی کورد دروستکرد و پشتیوان و دۆستە نێودەوڵەتییەکانیشمان لەدەستدا ، دوای چل ساڵ پەند لە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول وەرنەگیرا، سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و ڕازیبوونی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە بڕیاری سڕکردن و هەڵپەساردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم نسکۆیەکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی بوو بۆ گەلی کوردستان بەگشتی و سەرکردایەتی سیاسی کورد و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم . 

دەڵێن ئەوەی پەند لە مێژوو وەرنەگرێت ، مێژوو دوبارە دەکاتەوە ،مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم نە لەڕووی مێژووییەوە نە لەڕووی سیاسییەوە پەندی لەهەڵەو کەموکوڕی سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول وەرنەگرت ، هەمان هەڵەی سیاسی و دیپلۆماسی بەعەبەسیەتەوە ئەنجام دایەوە و تەحەدای ھەموو جیھان دەکرد و دەیگوت : حیسابتان بۆ ناکەم؟ بەڵام دوای ڕیفراندۆم ئەو ڕاستییە دەرکەوت و  کۆمەڵگەی نێودەولەتی ناچارنەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) بکات ، وەک ئەوەی ڕاوێژکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لە بارزانیان گەیاندبوو  ، ئەوەش بێخەبەری بوو لە جوڵەی سیاسی و دیپلۆماسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وئەگەرەکان لەبەرچاو نەگیرابوو .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی