کابینەکەی مەسرور، هاوڵاتیانی مەسرور نەکرد!

07/08/2020

ئیبراهیم عەلی

نایشارمەوە لەسەرەتای راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، پێم وابوو مەسرور بارزانی دەتوانێت کابینەی حکومەتەکەی لەکابینەکانی پێشووتری باشتر بکات و دەتوانێت لەزۆر روەوە هەنگاوی باش بنێت... تاکە شتێک لەو پیاوەدا دەمبینی ئەوەبوو کە مەسرور بارزانی پیاوێکی ئەمنییەو لەهەناوی دەزگایەکی هەواڵگری هاتۆتە دەرەوەو بەهۆی پێگە ئەمنییەکەی دەتوانێت زۆر شت بکات. چونکە ئەوانەی بەرپرسن لەخراپی دۆخی ئەم هەرێمە کەسانی دەستڕۆیشتوون و لەسەر حیسابی داهاتی گشتی بونەتە ملیاردێر، پێم وابوو گەڕاندنەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکومەت بەزەبری هێز دەکرێت، چونکە هێز هۆکارێکی سەرەکی جێبەجێکردنی یاسایە... بەڵام بەداخەوە خەریکە نزیک دەبینەوە لەنیوەی تەمەنی کابینەکەی مەسرور بارزانی هیچ هەنگاوێکی گەورەمان نەبینی... بگرە دەبێت بڵێین سەد خۆزگەمان بەکفن دز...
ماوەیەک بەر لەئێستا لەگەڵ بەرپرسێکی ئەو وڵاتە قسەم دەکرد گفتوگۆمان لەسەر دۆخی ئابوری و سیاسی کابینەی نۆیەم بوو کە ئەو بەرپرسە یەکێک بوو لەوانەی زۆر هیوای بەمەسرور بارزانی بوو، بەڵام قسەیەکی جیاوازی کرد وتی ئەسڵەن نەک دۆخەکە باش نابێت، بەڵکو ”دۆخێک دێتە پێشەوە کە رەنگە دوعاکردن بۆ کابینەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵییە بەعیبادەت حیساب ببێ”.
خۆزییە ئەو دەسەڵاتە ئەمنی و عەقڵیەتە ئەمنیەی سەرۆکی حکومەت بخرابایە خزمەت گێڕانەوەی پارەی دزراوی ئەو میللەتە... نەک دۆخەکە خراپتر بکرێت... هەموو هیوای ئەو کابینەیە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بوو، بەداخەوە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بووەتە ئەستەم. لەڕووی موچەشەوە رەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ لەباشترین حاڵەتیدا سێ موچەی پێبدرێت. واتە لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا حکومەت سێ موچە قەرزداری فەرمانبەران بوو ئەو ڕێژەیە لەو کابینەی بۆ دوو هێندە زیاتر بەرزدەبێتەوەو حکومەت حەوت موچەی فەرمانبەران قەرزدار دەبێت...
ئیدی کوردستانێکی بەهێز ئێوە خۆش...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی