چیت وت؟ خۆپیشاندان؟

08/08/2020

عەزیز ڕەئووف


یەکەم: دەسەڵات لە کوردستان شکستی خواردووە و قسەکردن لە چاکسازی جگە لە کاتکوشتن زیاتر هیچی تر نیە. دەسەڵات ئەوەی تا ئێستا ئەنجامی داوە دوا تیری خۆی بووە کە بیهاوێژێ و لەمە زیاتری لێ چاوەڕێ ناکرێ. دامەزراوەکانی دەسەڵات لای خەڵک شوێنێکە بۆ گاڵتەجاڕی و ئەستەمە متمانە بەم دەسەڵاتە بکرێ هەنگاوی باشتر بنێت.

دووەم: چەندە خەڵک متمانەی بە دەسەڵات نەماوە زیاتر لەوەش متمانەی بە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش نەماوە. لە کوردستان چەندە دەسەڵات بەرپرسیارە لە نەهامەتیەکان زیاد لەوەش هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەرپرسیارن لە نەمانی متمانە لەناو خەڵکدا و بەرپرسن لەوەی کە فێڵکردن لە خەڵک چ ئازارێکی هەیە. لە دوای 2009 وە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی لە کوردستان پێیان وایە کە ئۆپۆزسیۆن فێڵی گەورەی لێ کردون و دەنگ و پەنجەی مۆری دەنگدەرانی بۆ پۆست و پلە بەکار هێناوە.

سێیەم: هەرکات ناڕەزاییەکان گەیشتبێتە لوتکە بەناو هێزی ئۆپۆزسیۆن هاتوون بانگەوازیان بۆ خۆپیشاندان کردووە و سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکان بوون یان ناڕەزاییەکانیان پوکاندۆتەوە. بۆیە هەر بانگەوازێک بۆ خۆپیشاندان یەک هەنگاو خەڵک لەگەڵی ناڕوات و ڕەنگە بتوانیت کامێراکەت بەریتە ناو خەڵک و هەندێ لە مۆزەفەکانت دوای خۆت بخەی. لەوە زیاتر شتی گەورە ناکرێ.

چوارەم: سلێمانی جادەی قیرە و هەموو کەس کەم تا زۆر دەتوانێ لەسەر ئەم جادەیە هەڵپەڕێ، کۆی دامەزراوە و وەزارەت و پارلەمان و سەفارەتی وڵاتان لە هەولێرە و ئەگەر دەکرێ ئەم ناڕەزاییانە پایتەخت بگرێتەوە، خۆپیشاندان لە دەرەوەی پایتەخت لە کاتکوشتن زیاتر چیتر نیە.

پێنجەم: چەندە دەسەڵات لە گەندەڵی گلاوە ئەوانەش کە لەسایەی ئەم دەسەڵاتە بوون بە بازرگان لە گەندەڵی گلاون و ئاسان نیە خەڵک باوەڕ بەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن بکا. چەند دەسەڵات گردو شوێنە بەرزەکانی داگیر کردووە و خێزانەکان حزب بەڕێوە دەبەن، بارتەقای ئەوەش هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆن بە هەمان مێنتاڵیتی یەکێتی و پارتی کوڕانی سەرکردە گردەکانیان داگیر کردوە و لە ژێرەوە بزوتنەوەکەیان بەڕێوە دەبەن.

شەشەم: خۆپیشاندان؟ خۆت پیشانی کێ دەدەی؟ دەتەوێ چ پەیامێک بگەیەنی؟ هەموو پەیامەکان گەیشتوون و دەسەڵاتیش هەموو پەیامەکانی پێداوی کە خۆپیشاندەر دەکوژێت و پارلەمان دادەخات. جورئەت بکەن هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە پارلەمان و حکومەت وەرنە دەر تا خەڵک باوەڕتان پێ بکا. قاچێک لەناو پارلەمان و قاچێکیش لەناو خەڵک کردەیەک نیە متمانەی پێ بکەین کە وەک ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات ناڕەزاییەکانی خەڵک بۆ مەرامی کورسی و پارە و پۆستی زیاتر بەکار نەهێنن.

حەوتەم: کات و شوێن بۆ خۆپیشاندان دیاری ناکرێ. ئەگەر دەکرێ هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی جۆشێ بدەن بە بێدەنگ و بیر لە چارەسەری جدی بکەنەوە، ئەگەر نا خوپیشاندان و دەنگە دەنگی سەرشاشە و توڕەبوون و خۆ بە پاڵەوانکردن هیچ سودێکی نیە.

هەشتەم: دۆخی کوردستان ناگەڕێتەوە سەردەمی ڕازیبوون. ئەگەر بێدەنگی لەئارادابێ ئەوەیە خەڵک لە ئێستادا دەزانێ ئەم هێزانەش لە یەکێتی و پارتی باشتر نین و تاکە ئومێدی خەڵک ڕێکەوتنە لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی ماف و ژیانی خەڵکە ئەگینا کەس باوەڕی بەوە نەماوە ئەم هێزانەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بەهەشت بۆ خەڵک بهێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی