لە تلیاك ژەهر تر

11/08/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

لە ناوەندی هەشتاكان بە دواوە بەعس بۆ ئەوەی  گەنجان بیریان لای سیاسەت و گۆڕانكاری نەبێت ، بۆ ئەوەی  هەموو گەنجەكان سەرقاڵی شتێك بكات كە لە سیاسەت و ئایندەی باش دوریان بخاتەوە بواری ئەوەی رەخساندبوو لە زۆربەی كوچەو كەنارە لابەلاكان دوكانێكی دەرگا بە بەتانی و گوێنیە داپۆشراو بكرێتەوە بۆ ئەوەی فیلمی روونی تیا لێبدرێت بە ڤیدیۆ ، بۆ ئەوەی وانیشانبدات خۆی دژی ئەو كارەیە جار جارەش دەیدا بە سەر دوكانەكانداو دەیگرتن ، هەڵبەت ڤیدیۆو شریتەكانیش شەوانە بە كرێ‌ دەدرایە گەنجان و لە ماڵەكانی خۆیاندا بە دزی باوك و كەس و كارەوە چەند كەسێك كۆدەبونەوە لە دەوری فیلمەكان ، ئەمە  جۆرێك بوو لە تلیاكی گەمژاندن و سەر قاڵكردن ، ئەم دیاردەیە تا سەرەتای راپەڕینیش بەردەوام بوو ، بەرە بەرە كۆتای هات ، بەڵام ئەو دیاردەیە بە قەد ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت گەنج و لاوانی وڵاتی وردو خاش نەكرد ، لە دوای 2003ەوەو بە تایبەت لە دوای بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لە هەرێمی كوردستان ئەم لاسایكردنەوەیەی بەعس بە جۆرێكی ترو بە ئاشكرا لە هەموو ماڵەكاندا هەیەو چەندین كەناڵ بە بەرنامەی چەوت و چێڵ ، بە دراماو فیلمی توركی بێ‌ ئاست و بێ‌ ئاكار خەریكی شێواندن و وردو خاشكردنی ئەم كۆمەڵی كوردەواریەن .

ئەو فیلم و درامایانە، پەیوەندی كۆمەڵایەتیان تێكداوە ، دیاردەی خیانەت و خیانەتی  هاوسەرگیری و تەڵاق و جیابوونەوەیان زیاد كردووە ، چاولێكەری و لاسایكردنەوەو دیاردەی ناجۆری تریان پەرە پێداوە ، بە جۆرێك ئەم كارە بەڕێوە دەچێت رێك لەوە دەچێت هەوڵێك بێت بۆ گەوجاندن و گەمژاندن و لە بیر بردنەوەی خۆ خاوەنی و ئازادی و كەرامەت پارێزی ، ئەم فیلم و درامایانە هۆی سەرەكی ئەو بارو دۆخەن لە فێرگەو ناوەندەكانی خوێندن هەیە ، یاری كردن بە یەكتر ، شكاندنی یەكتر ، نەبوونی پەروەردەیەكی دروست و تا دەگاتە ئەو هاوارەی لەم رۆژانەی بەرێدا دكتۆر كەریم شەریف قەرەچەتانی كردی ، ئەمە كۆمەڵگەیەكی نەخۆش و ناساغڵەم و وێرانی دروستكردووە ، كە تەنانەت پیاوانی ئاینی و بیركەرەوەو دەرونناسان و كۆمەڵناسانیش لە بەردەمیدا دەستە پاچەن .

جاران پیاوانی ئاینی و كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان زۆر ئاسان چارەسەری زۆر كێشەو گرفتیان دەكرد ، ئێستا ئەو توێژانە فریای چارەسەری كێشەكانی خۆیان ناكەون و هەندێك جار خۆیان دەبنە هۆكاری بەڵاو نەهامەتی گەورە ، لێرەدا نامانەوێ‌ نمونەی بەشێك لە ئیشەكانی ئەوان باس بكەین و ئەم بابەتە زیاتر بە مەبەستی گفت و گۆ بڵاو دەكەینەوە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی