نەمانی رێکخراوی ژنان بەرەو چارەسەربوون

10/09/2020

سۆما خالید

مەسەلەی ژنکوشتن و شەرەف، یەکێکە لەو کێشانەی کە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، بەڵام لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازە و لەناو کۆمەڵگای کوردی بۆتە دیاردە، کە ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنان دەبیستین و بەسەدان چیرۆکی لەپشتە، هێشتا نەگەیشتوتە چارەسەرکردن و بنەبەر کردنی ئەم دیاردەیە کە ژنان پێوەی دەناڵێنن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم ژینگەیە پێوەرە ئەخلاقیەکانی لە هەمو ڕوویەکەوە بۆگەنی کردوە و شڵەژانێکی پێوانەیی وا دروستبووە، ھەموو توانایەکی پۆلینکردنێکی ئەخلاقیی لەناوبردوە، کە ژنان بەناوی شەرەفەوە لە کۆمەڵگای پیاوسالاری و لە کلتوری کوردەوارییدا لەژێر پاساوی جیاجیادا دەکوژرێن.

سەبارەت بە هەلوێستی سیاسیەکان و رێکخراوەکانی ژنانی باشووری کوردستان، ئەوان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان دێنە دەنگ و لەم کێشەیە دەڕوانن، پیاوە ئاینیەکانیش بەهەمانشێوە، تاوانی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی و یاساییە کە تا ئێستا بە پلە دوو سەیری ئەم کێشەیان کردوە و گرنگیان پێنەداوە، هەرچەندە رێکخراوی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوندایە، رووخسارێکی جوان، ئەندام، بەرنامە و پرۆگرامی هەیە، کۆبوونەوە و سمیناریان ئەنجامداوە و نوێنەرایەتی ژنی کورد دەکەن، بەڵام رۆڵیان لە کەمکردنەوەی کێشە و گرفتەکان و چارەسەر کردنی پرسەکانی ژنان نەبووە و بەتایبەت دیاردەی ژن کوشتن، هەروەها لە ناوروکدا نەیانتوانیوە رۆڵی سەرەکی ببینن و تاکی کۆمەڵگا هوشیار بکەنەوە، نەیانتوانیوە بەپێی پێویست هاوکاری ژنان بکەن، بە بڕوای هەندێک داخستنی رێکخراوەکان دەبێتە چارەسەری کێشەکان، چونکە کەمتەرخەم بوون و جێی متمانە نەماوەن، لەکاتێکدا دەلێن کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانی ژنان و بەهێز کردنی پێگەی ژنان لەنێو کایەکانی ژیاندا و دەستبەرکردنی مافەکانی ژنان دەکەین، بەڵام رووداوەکان دەرەنجامن لەوەی چیان کردوە.

تەنیا لە یادکردنەوە و مەراسیمەکان گردبوونەوەیەک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی یان لەسەر شاشەکانی تیڤی دەبینرێن. پێموایە باشترین چارەسەر ئەوەیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچی رێکخراوی ژنان و پیاوان و شەڵتەر و داڵدەرەکان دابخات، کە ئەم پاشا گەردانیە دروستبووە، دواتر سەرلەنوێ یەک دامەزراوە بنیادبنێتەوە کە کار‌بۆ هەر دوو ڕەگەز بکات و لەژێر‌ یەک چەتردا ژن و پیاو کۆبکاتەوە و بە راگرتنی باڵانسی جێندەری، ئەو کات کەسانی شارەزا و پسپور دابمەزرێنن و کێشەکانی ناو کۆمەڵگا و خێزانەکان چارەسەر بکەن، هەروەها کار لە رووی پێدانی زانیاری ماف و ئازادی بەهەر‌دوو ڕەگەز بکەن و تا هوشیار بکرێنەوە، وە شوێنێکی سلامت و تەندروست بۆ مانەوەی ژنانی بێلانە دروست بکرێت.

ئینجا کەرتی پەروەردە هەڵستێت بە دانانی میکانیزمێکی گۆنجا بۆ پەروەردەکردنێکی تەندروست لەناو باخچەکانی ساوایان، ناوەندەکانی خوێندن و تا خوێندنی باڵا، دایک و باوکانیش جارێکیتر پەروەردە بکرێنەوە، چونکە لای زۆربەی دایک و باوکان منداڵ تەنیا بەخێودەکرێت و پەروەردە ناکرێت. بەڵام میدیاش بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتیی نەگرتوتە ئەستو، کە پێویست دەکات لەرووی بەرنامەکانیەوە گرنگی بە کێشەکانی ناو کۆمەڵگا و خێزان و پەروەردە بدات، ئەمەش پێوستە بە وەزارەتی رۆشنبیری کە میدیاکان رێکبخاتەوە. ئینجا بتوانن بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان ژینگەیەکی لەباربنیاد بنێن و گیانی ژنان بپارێزن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە