سیگناڵەکانی سەردانەکەی مستەفا کازمی

11/09/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ڕۆژانی ڕابردوو قسە لەسەر وێنەگرەکەی مستەفا کازمی دەکرا کە وێنەکانی زۆر جیاوازە بەبەراورد بەوێنەی بەرپرسە عێراقی و ناوچەییەکان، بەڵام نەخێر ئێستا وادەردەکەوێت کازمی خۆی جوڵەی جیاوازی هەیەو ئەوە کازمییە جیاوازی دروست دەکات لەگەڵ سیاسییەکانیتر نەک وێنەگرەکەی.

مستەفا کازمی لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، هەموو تاکێک ڕادەکێشێتەناو کۆمەڵێک سیگناڵ و ئاماژەی جیاواز جیاواز، لەوانە:

یەکەم: باشووری کوردستانیش بەشێکە لەعێراق و وەک چۆن سەردانی بەصرەی کردووە ئاوهایش سەردانی هەولێرو زاخۆو دهۆک و سلێمانیش دەکات و هیچ ڕێگرییەکی نییە.

دووەم: سەردانیکردنی خاڵی بازرگانی ئیبراهیم خەلیل پەیامێکە هەم بۆ تورکیاو هەم بۆ هەرێمیش، ئەم سەردانە وەڵامێکی ڕاستەوخۆبوو بۆئەو قسەیەی (ئەردۆغان) کە وتی "ئەگەر عێراق ئاسمانمان لێدابخات ئێمە لەپەنجەرەی هەولێرەوە دێینە ژوورەوە" بەڵام کازمی سەردانی ئەو خاڵەی کردو بەتورکیای وت ئەم پەنجەرەیش هەر موڵکی ئێمەیە.

سێیەم: کازمی بەکراسێکەوە کە زۆر سادە نەیخستبووە ناو پانتۆڵەکەی، سەردانی چەند شوێنێکی کردو دواتر سەردانی کەمپی ئێزیدییەکانی کرد، بەم جوڵەیە کازمی هەزاران بەردی کێشایە ڕووی سیاسییەکانی ناوچەکەدا. کازمی جدیەت و ڕەق وەستان و لەبەرکردنی قاتی مارگەی تورکی و ئێتاڵی بەرپرسە کوردەکانی زەربی سفرکرد.

چوارەم: کازمی بەبارزانی وتووە "هەرێمیش بەشێکە لەخاکی عێراق"، یەک واتا لەم قسە هەڵدەگۆزرێت، ئەویش ئەوەیە: سەرۆک وەزیرانەکەی عێراق، سەرۆک وەزیرانی هەرێمیشەو سەرۆک وەزیرانەکەی هەرێم زیادەیە یان کارتۆنییە.

پێنجەم: بۆچی کازمی لەپێشدا سەردانی دهۆک و زاخۆی کردو دواتر هاتە سلێمانی؟ ئەم پرسیارە سادەنییە بەڵکو گەلێک مانا هەڵدەگرێت. یەکێک لەو مانانە پرسی تورکیایە لەو ناوچانەدا و پەیامی ڕوونە کە بستێک خاکی عێراق هی تورکیا نییە.

شەشەم: کازمی لەدوای گەڕانەوەی لەئەمریکا، خاوەن دەروونێکی زۆر ئارام و جێگیرە، واهەستەکات لەماوەی ئەم سەد ڕۆژەی دەست بەکاربوونیدا عێراقی بردۆتە دۆخێکی باش. کازمی لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان واهەستی دەکرد پاوەرێکی گەورە و تارماییەکی باڵا لەپشتەوەی وەستاوە، ئەویش ئەمریکایە.

حەوتەم: هەموو جوڵەکانی مستەفا کازمی بۆئەوەیە، تەواوی سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی تێپەڕێنێت. لەڕاستیشدا تاکو ئێستا کازمی توانیویەتی ئەوە بکات و نمونەیەکی جوانتر بێت لە (نوری مالیکی)و (حەیدەر عەبادی)و (عادل عەبدولمەهدی)یش!

هەشتەم: ئەم جوڵانەی کازمی خاڵی نییە لەبانگەشەیەکی پێش وەخت بۆ ویلایەتی دووەمی خۆی. لەئێستادا بەپشتیوانی ئەمریکا، کازمی ئەوەندە بەهێزە ئەگەر لیستێکیشی نەبێت لەهەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا ئەوا وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەم بۆ کازمی بووەتە کارێکی پێویست و ناچاری.

نۆیەم: کازمی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو باشماخیش، سیگناڵی ئەوە دەداتە بینەر و هاوڵاتیان کە لەهزرو کاری ئەودا شتێک نییە ناوی دێگەڵەو دوو زۆن بێت، هەمووی بۆ ئەو یەکسانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی