ڕێكه‌وتنی نێوان ئیمارات و به‌حره‌ین له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، بزمارێكی تر له‌ تابوته‌كه‌ی (( عروبه‌ )) ده‌دا!

12/09/2020

عه‌بدوڵا ساڵح

ئه‌م شه‌و 11 / 9  / 2020  هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی په‌لاماره‌كانی 11/ سپتامبه‌ر ، دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕێكه‌وتنی نێوان به‌حره‌ین و ئیسرائیلی ڕاگه‌یاند، ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ وه‌ك چواره‌مین ڕێكه‌وتنی نێوان وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان و ئیسرائیله‌ دوای میسر وئوردون و ئیماراتیش له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا .

ئه‌م ڕێكه‌وتنانه،‌ ماوه‌یه‌ك ژێر به‌ژێر به‌رده‌وام بوون و ئێستا ئاشكرا كران. به‌م شێوه‌یه‌ به‌حره‌ین ده‌بێته‌ دووه‌م ووڵاتی كه‌نداو كه‌ ڕێكه‌وتن واژۆ ده‌كا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دوای میسر( 1979 ) و ئوردون (1994 ) . چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ به‌دوای به‌حره‌یندا و ئیمارتدا چه‌ندین ووڵاتی (( عه‌ره‌بی )) ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێن ، له‌وانه‌ عومان ، ، سودان ، جیبۆتی وته‌نانه‌ت مه‌غربیش .

ئیمارات، بۆ واژۆ كردنی ئه‌م ڕێكه‌وتنه، بیانوی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌ گوایه‌ ئیسرائیل لێره‌ به‌دواوه‌ په‌ل ناهاوێ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی هیچ زه‌ویه‌كی كه‌ناری ڕۆژئاوا ( الچفە الغربیە )و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌وه‌ستێنێ ، له‌ڕاستیدا ئه‌م بیانوه‌ وه‌ك هیچ ده‌ستكه‌وتێك هه‌ژمار ناكرێ و ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه‌ كاتی خۆی له‌ ساڵی 1978 دا كه‌ ڕێكه‌وتنی نێوان ئیسرائیل ومیسر واژۆ كرا ، مه‌ناحیم بێگن ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی ئیسرائیل، بڕیاری دا بۆماوه‌ی سێ مانگ چالاكی نیشته‌جێكردن ( النشاگ الاستیگانی ) بوه‌ستێنێ دواتر ڕوداوه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان سه‌لماند. 

ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌‌ درێژه‌ی پڕۆژه‌ی ‌( صفقە القرن ) ه‌ كه ئه‌مریكا داڕێژه‌ریه‌تی‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بریتیه‌ له‌ گونجاندنی  ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وولاتانی ناوچه‌كه‌ ( تگبیع ) و كردنی‌به‌ شه‌ریك له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسیاه‌كاندا، مه‌به‌ستیش له‌ مه‌ترسیه‌كان له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ئێرانه‌، دواتریش به‌یه‌كجاری په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێش مه‌رجی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. تێڕوانینی ئه‌مریكای ئه‌مڕۆ له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ترامپدا، بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانی، به‌ر له‌هه‌موو شتێك، له‌ گۆشه‌نیگای ئابوریه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێ ، به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به‌م ڕێكه‌وتنانه‌‌، وه‌ك یه‌ك كۆگشتی ( پاكێجی ) لێكهه‌ڵپێكراو له‌ هه‌موو بواره‌كانی سیاسی، ئابوری و ئیستراتیجیه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێ ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ڕێكه‌وتنانه‌‌، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ده‌چێته‌ خانه‌ی بانگه‌شه‌ی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ووڵاته‌، ئه‌وه‌ش ووڵاتانی كه‌نداو مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێراندا كه‌ڵك له‌ سیاسه‌ته‌‌كانی ترامپ وه‌ربگرن به‌رامبه‌ر ئێران  .

كێشه‌ی فه‌له‌ستین یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆز و دژواره‌كانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی و جیهانیش به‌گشتی. خه‌ڵكی فه‌له‌ستین كه‌ له‌ ساڵی 1948 وه‌ به‌زۆر له‌ ووڵاتی خۆیان ده‌ركراون و نێردراون بۆ وولاتانی ده‌وروبه‌ر و له‌ ئۆردوگاكاندا نیشته‌جێ كراون، ڕووبه‌ڕوی سه‌خترین بارودۆخی ژیان وگوزه‌ران بونه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شوناسێكی (( نیشتمانیان )) هه‌بێ و وه‌ك هاوڵاتی مامه‌ڵه‌ بكرێن، بۆهه‌ركوێ چوبن وه‌ك په‌ناهینده‌ هه‌ژمار كراون ، مه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێ ووڵات كه‌ مافی هاوڵاتی بوونی پێبه‌خشیبن . ژیانیان له‌ ئۆردوگاكاندا، جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و ده‌ست كورتی وهه‌ژاری و نه‌خۆشی و چه‌ندین ده‌رد وئازاری تر ، به‌به‌رده‌وامیش په‌لامار دراون و پاكتاو قه‌ڵاچۆ كراون، كوشتاری ئۆردوگای ته‌ل زه‌عته‌ر ساڵی ( 1976 ) له‌لایه‌ن میلیشیا مه‌سیحیه‌كانی لوبنان،  كوشتاری ئۆردوگاكانی سه‌برا وشاتیلا ساڵی ( 1982 ) دووباره‌ له‌لا‌یه‌ن میلیشیا مه‌سیحیه‌كانی لوبنان، دواتر له‌هه‌مان ئه‌و دوو ئۆردوگایه‌ ساڵی ( 1985 ) له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستدرێژی وپه‌لاماری به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌تی  ئیسرائیل. ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ش كه‌ له‌ كه‌رتی غه‌زه‌ و كه‌ناری ڕۆژئاوا ده‌ژین، بارو دۆخی ژیان و گوزه‌رانیان له‌وانی تر باشتر نیه‌ چ به‌ده‌ست په‌لاماری ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌ز په‌رستی ئیسرائیله‌وه‌ و چ به‌ده‌ست سیاسه‌ت وشه‌ڕی نێوان باڵه‌ سیاسیه‌ جیاوازه‌كانی فه‌له‌ستینیه‌كان خۆیانه‌وه‌ ، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی توندڕه‌وی ئیسلامی له‌ غه‌ززه‌ و ، بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا .‌  

كێشه‌ی فه‌له‌ستین، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه،‌ ناسیۆنالسته‌ عه‌ره‌به‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كانیان سه‌رمایه‌گوزاریان له‌سه‌ر كردوه‌ وبه‌كاریان هێناوه‌ بۆ جوڵاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خۆڵ كردنه‌ چاوی جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كانیان. به‌رز كردنه‌وه‌ و زه‌قكردنی دروشمی درۆینه‌ی ( كێشه‌ی فه‌له‌ستین كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی عه‌ره‌به، ئیسرائیل ده‌بێ فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌ ...‌ ) و چه‌ندین دروشمی قه‌به‌ی تر، ته‌نیا بۆ په‌رده‌پۆشی زوڵم وچه‌وسانه‌وه‌ بوه‌ له‌ سه‌ر خه‌ڵكی‌ به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌و ووڵاتانه‌ و بردنه‌ پێشی سیاسه‌تیه‌كانیان وهه‌رچی زیاتر پێشێل كردنی مافه‌كانیان و چه‌نگ قاییم كردنیان له‌ ده‌سه‌ڵات و په‌رده‌پۆشی كێشه‌ی ئابوریه‌كانیان وشكاندنه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌و ووڵاتانه‌دا و پارێزگاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داراندا. ئه‌مڕۆش، ئه‌م ڕیز به‌ستنو په‌له‌ كردنه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رستی  ئیسرائیل و‌ده‌ستبردن بۆ سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵیدا و په‌راوێز خستنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، نیشانه‌یه‌كی تره‌ له‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالستی عه‌ره‌ب و ماهیه‌ته‌ چینایه‌تیه‌ بۆرژوازیه‌كه‌ی تا دێت بزماری پته‌وتر ده‌درێ له‌ تابوته‌كه‌ی، هه‌روه‌ك (( كوردایه‌تیه‌كه‌ی )) لای خۆمان ، ئیتر تازه‌جه‌ماوه‌ری به‌رینی كرێكار وزه‌حمه‌تكێش له‌وه‌ ده‌رچوه‌ به‌و ته‌پڵه‌ سه‌ما بكا و فریو بخوا.

لێره‌دا نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیربكه‌ین كه‌ هه‌ڵوێستی فریوكارانه‌ی ووڵاتانی ئێران و توركیا و قه‌ته‌ر كه‌ گوایه‌ دژی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌حره‌ین و ئیماراتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌شانۆیه‌كی ساخته‌كاری شتێكی تر نیه‌، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێڕاق، كاتێك‌ ده‌ركه‌وت  ئێران ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ڕێككه‌وتوه‌ بۆ كڕینی چه‌ك، ئه‌و سكانداڵه‌ش‌ ( فه‌زیحه‌ )  له‌ژێر ناوی ( ئێران كۆنترا ) ده‌ركه‌وت ، هه‌روه‌ها توركیاش زۆر ده‌مێكه‌  په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌ردوو ووڵات سه‌فاره‌تیان له‌وی تردا هه‌یه‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌! قه‌ته‌ریش ده‌مێكه‌ ئۆفیسی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كردۆته‌وه‌ .
هه‌موو ئه‌م سیاسه‌ت و ڕێكه‌وتن وهه‌ڵوێستانه‌، به‌ ئه‌رێن ونه‌رێنیه‌وه‌ ، به‌گوێره‌ی چه‌رخی به‌رژه‌وه‌ندی وولاته‌ ئیمپریالست و‌ زلهێزه‌كانی جیهان و وولاته‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه‌و ده‌سوڕێ و به‌ئاشكرا نیشانمان ده‌دا كه‌ له‌م نێوه‌دا دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز به‌‌زه‌ق وئاشكرا خۆی ده‌رده‌خا ، به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داره‌كان له‌ڕێگای سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانیانه‌وه‌ كه‌ گشت سنوره‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی وتایفیه‌كانیان به‌زاندوه‌ و كرۆكی چینایه‌تی خۆیان زۆر ئاشكرا نیشانداوه‌ ، له‌به‌رامبه‌ردا به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار وزه‌حمه‌تكێش وئازادیخوازی ناوچه‌كه‌،‌ به‌تایبه‌ت له‌ فه‌له‌ستین و ئیسرائیل كه‌ هیچ جۆره‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌م سات وسه‌ودایه‌ و شه‌ڕو دوژمنایه‌تیه‌ دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ نیه‌ وبگره‌ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌درێ دروست دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌ و هێرشه‌ بۆ سه‌ر ژیان وگوزه‌رانیان. 

لێره‌دا‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه جه‌ماوه‌ری كرێكاران وزه‌حمه‌تكێشان وئازادیخوازانی  هه‌ردووك ووڵاته‌، ده‌ریش ده‌كه‌وێ كه‌ كلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ ئاڵۆزه‌ هه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ ‌، ئه‌وانن كه‌ به‌هیچ جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ نایه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كڕیزی خه‌باتی ئه‌وان زامنی پوچێڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندو به‌ستو ساتو سه‌ودایه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ژیان ومافی ئه‌وان ده‌كرێ، ده‌ستبردن بۆ ئه‌م یه‌كڕیزیه‌ چینایه‌تیه‌، زه‌مینه‌ خۆشده‌كا بۆ له‌قكردنی ژێرپێی ئه‌م لایه‌نه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ وپوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانیان. 
چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌  له‌ ئێستادا خۆی له‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا ده‌بینێته‌وه‌، یه‌كیان بۆ فه‌له‌ستین و ئه‌وی تریان بۆ ئیسرائیل دوور له‌ دوژمنكاری ، دوو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای دابینكردنی ئازادی ویه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ دانیشتوانه‌كا‌نی له‌ ئێستاودا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوش دوور له‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و یه‌كتر كوشتن، دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ مۆركێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی.