ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی،هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ

12/09/2020

هەرێم حەسەن

هەرلەدوای دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی 1948،هەمیشە گرێی هەبونی پەیوەندی وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائل،یەکێک بووە،لەوبابەتانەی،کەلە وڵاتانی عەرەبی بە تابۆو مەترسی زانراوە،بەجۆرێک نەک تەنها هەبونی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و کلتوری لەگەڵ ئیسرائیل،بەڵکو هەروڵاتێکی عەرەبی ئەگەر دانیشی بەئیسرائیل دانابێت،لەلایەن ڕای گشتی عەرەبی بەخیانەتکار سەیرکراوە.

لەدوای جەنگی شەش ڕۆژەی حوزەیرانی 1967،کە وڵاتانی عەرەبی دۆڕاوی جەنگەکەبون و بەشێکی خاکەکەیان لەفەله ستین و میسرو سوریا لەدەستدا،زیاتر بابەتی دوژمنایەتی وڵاتانی عەرەب و بایکۆتکردنی ئیسرائیل لە ڕای گشتی و میدیای عەرەبی گەنگەشەکرا.تەنانەت بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی بایکۆتی فرۆشتنی نەوتیان بەرامبەر ئەو وڵاتانە ڕاگەیاند،کەلەجەنگی ساڵی 1967،یارمەتی ئیسرائیلیانداوە.

یەکەمین هەنگاوی ئاشکرای هەبونی پەیوەندی عەرەب-ئیسرائیل،بۆڕێکەوتنی ئاشتی محمد ئەنوەر ساداتی سەرۆک کۆماری میسر دەگەڕێتەوە،کەساڵی 1978 بەسەرپەرشتی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا،ڕێکەوتنی کام دیڤدی لەگەڵ ئیسرائیل مۆرکرد.دواتر لەساڵی 1979 رێکەوتنی ئاشتی نێوان میسرو ئیسرائیلیشی بەدواداهات.ئەمەش کاردانەوەی توندی بۆرێک لەوڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوەو ئەنوەر سادات و میسریان بەخیانەتکار ناوبردوو تەنانەت داوای گواستنەوەی بارەگای سەرەکی کۆمکاری عەرەبیان میسرەوە بۆتونس کزد،ئەمە جگە پچراندنی پەیوەندی یە سیاسی و ئابوریەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ میسر.

لەئێستاشدا کە هەریەک لەوڵاتانی میسرو ئوردن و قەتەرو لەم ڕۆاژانەشدا بەحرەین،کە پەیوەندی یەکانیان لەسەردەستی ئەمریکا لەگشتی ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوە،ڕای گشتی و میدیایی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی،بێدەنگەو زۆر جیاوازە لەو هەڵاو هەڵمەتە ڕەخنەییانەی کە ئاڕاستەی میسر کران.ئەمەش چەند ڕاستیەک دەرده خات: 
1-وڵاتانی عەرەبی لەدوژمنایەتی ئیسرائیل و سوتاندنی ئاڵاکەی و جوێندان بەم وڵاتە،بۆزیاتر لە حەفتا ساڵ،هیچیان دەستنەکەوت،تەنانەت وزەو توانایەکی زۆری مادیشیان بەفیڕۆدا.

2-بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی بەنهێنی لەگەڵ ئیسرائیل لەپەیوەندی دابون،بەڵام ڕای گشتی و میدیاییان فریودەدا بەدژایەتیکردنی ئیسرائیل،لەئێستادا وڵاتانی تری عەرەبیش بەمافی خۆیانی دەزانن پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.

3-لەئێستادا ئیسرائیل دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەکەیەو بۆتە ئەمری واقیع و چیتر ناتوانرێ فەرامۆشبکرێت،بەتایبەتی دراوسێ چەندین وڵاتی عەرەبی و هاوپەیمانێکی بەهیزی ئەمریکایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

4-ناکرێت لەسەدەی بیست و یەکدا،بیری سرینەوەی جولەکە وەکو پێکهاتەیەکی دێرین و خاوەن مێژوو کلتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەرامۆشبکرێت،سەردەمی جینۆسایدکردنیان هاشێوەی جەنگی جیهانی دووەم بەسەرچوو.بۆیە دەبێت وڵاتانی عەرەبی بیری پێکەوەژیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بەڕێگەی دیبلۆماسی قبوڵ بکەن.

5-لەئێستادا وڵاتانی عەرەبی تاڕادەیەک گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی،ناکرێت چیتر چارەنوسی 22 دەوڵەتی عەرەبی بەقوربانی کێشەی فەلەستین بکەن.بۆیە ئاسایی یە،کەکێشەی فەلەستین-ئیسرائیل نەبێتە بەربەست لەدروستبونی پەیوەندی وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل.

6-خۆڕزگارکردنی عەرەب لەگرێ ئاینی و مێژوویییەکانی 1400 ساڵ بەرلەئەمرۆ،بەهۆی هەبونی کێشەی هۆزە جولەکەکان لەگەڵ پێغەمبەری ئیسلام،تا ئێستا گوتاری ئاینی و مەلاکان،لەوڵاتانی عەرەبی،جولەکە وەکو خیانەتکارو میللەتێکی دوو ڕوو،فێڵبازو مەترسیدار و پیلانگێڕ وێنادەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی