مەلا بەختیار و کاریگەریی نەخۆشی دوننگ كروجر

14/09/2020

مەجید ساڵح

 لە نیسانی 1995 "مەکارسەر ویلەر" لە شاری پیتسبورگ بە بێ ئەوەی سەروچاوی داپۆشێ بە رۆژی روناک بەدەمانچەیەکەوە دای بەسەر بانکێکدا ، لە رێگەی وێنەکانی لە کامیراکانی چاودێری ناسرایەوە و لە هەواڵی تیڤیەکاندا بڵاوکرایەوە و دەستگیر کرا، بەڵام ئەو هەر هاواری دەکرد من بە ئاوی لیمۆ خۆم داپۆشیوە چۆن دەمبینن!!! لەدادگا پێیان وت ئەم ئاوی لیمۆیە چییە لەکاتی دەستگرکردنتا باست دەکرد؟ لە وڵامدا وتی: من بابەتێکم خوێندوەتەوە گەر بە ئاوی لیمۆ لەسەر کاغەزێک شتێک بنوسی کەس نایبینێ تا نەدرێتە بەر تیشکی خۆر، منیش بە ئاوی لیمۆ دەموو چاوی خۆم تەڕ کردوە و پێم وابوو کەس لە ناو بانکەکەدا روخسارم نابینێ و ناناسرێمەوە، هەر بەراستی چۆن منتان بینی؟! ساڵی 1999 ئەم رووداوە سەرنجی زانای دەرونناسی "ديفيد دوننگ"ی لە زانکۆی كورنيل نیۆرک و جوستين كروجر خوێندکاری خوێندنی باڵای هەمان زانکۆی راکێشا و دوای لێکۆڵینەوەیەک گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی مرۆڤ تا نەزان و بێ مەعریفە بێت لە ململانێ و رەفتارەکانیاندا زیاتر موبالەغە دەکات و توشی نەخۆشی وەهمی سەرکەوتن و پێشکەوتن دەبێ... ئەو کەسانەی توشی ئەم نەخۆشیە دەبن وادەزانن دائیمەن خۆیان لەسەر حەقن و خەڵکی دیکە لەسەر هەڵەن. ئێستا لە زانستی دەروون ناسیدا بەوانە دەڵێن لە ژێر کاریگەری نەخۆشی (دوننگ كروجر)دان..

دوننگ كروجر جۆرێکە لە لایەنگری مەعریفی، کەسێک توشی ئەم نەخۆشیە بێت پێی وایە ئەو کەسێکی زۆر زانا و ژیر و عاقڵترە لەوەی خەڵک دەزانن. ئەم کەسانە نکۆڵی دەکەن لەوەی شارەزاییان کەمە و هەرگیز و لە ژێر هیچ بارێکدا دان بە کەم توانایی خۆیاندا نانێن. لاوازی هۆشیاری و کەمی مەعریفەتیان وایان لێ دەکات زیادەڕەوی بکەن لە تواناکانیان، ئەم جۆرە کەسانە لە کەم ئەندامێک دەچن کە نکۆڵی لە کەم ئەندامێتی خۆی دەکەن و بۆ داپۆشینی ئەو کەموکوڕییەی خۆیان نەک هەر دانی پێدا نانێن، بگرە رێک پەلاماری ئەو کەسانەش دەدەن کە لەوان بەتواناتر و شارەزاتر و لێهاتوو ترن، ئیرەیان بەو کەسانە دێت کە لەناو خەڵکدا رێزدار و جیگەی پەسەندن.

گەر بەوردی گوێ لە چاوپێکەوتنەکەی مەلا بەختیار بگریت کە لە تەلەفزیونی رووداو باس لە کتێبی "لەبری بیرەوەی" دەکات، بۆت دەردەکەوێ بە هەموو ماناکانی وشە تووشی نەخۆشی (دوننگ كروجر) بووە.. ئەو دەمێکە لەبەرامبەر گەورەیی نەوشیروان مستەفادا هەست بە کەم کۆڵەواری خۆی دەکات، بەڵام وادیارە کەمی ئاستی مەعریفە و ناکارایی فیکری و نا شارەزایی لە خوێندنەوەی مێژوو وای لێکردوە وەک "مەکارسەر ویلەر" پێی وایە بە نووسینی کتێبێکی لەو جۆرە دەتوانێت بە مەرەکەبی رەشی لاپەڕە تەرخان کراوەکانی بۆ لێدانی نەوشیروان مستەفا روخسار و رەفتار و کەمووکوڕییەکانی خۆی بشارێتەوە لە شکۆی نەوشیروان مستەفا لە ناو دڵی خەڵکدا کەم بکاتەوە و بەوەش شکۆیەکی وەهمی بۆ خۆی دروست بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی