لەدەوڵەتەوە بۆ دووڵەت

25/09/2020

عەلی عبدالصمد


ڕیفراندۆم چرکەساتی غرور و لە خۆبایبوونی سەرکردایەتی سیاسی کورد بوو لە باشور، کە نە گوێی لە ئەمریکا و ئەوروپا گرت و نە گرنگی بە دەنگی ناڕازی ناوخۆشدا لە ئاگادارکردنەوە و باسکردنی مەترسی و لێکەوتەکانی ئەم ڕیفراندۆمە.

دواتریش ئەوەی کە بینیمان بەتاڵبوونەوەی ئەم غرورە و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و  شانازی کردنی بکەرەکانی بوو بە عێراقی بوونی خۆیانەوە هەر تەنها کەمتر لە چەند ڕۆژێك دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە. 

ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیە بوو کە سەرکردایەتی سیاسی لەباشور، زۆر باش ئەو ڕاستیەیان زانیووە کە هیچ هەلومەرجێکی ناوخۆی و ئابووری و هەرێمی و  نێودەوڵەتی لەبار و گونجاو نەبووە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی و دروستکردنی دەوڵەت، ئەوەی کە هەبووە تەنها غرور و تاقیکردنەوەی کارتێکی فشار بووە دژ بە حکومەتی بەغدا و یارکردن بە چارەنووسی میللەتێك کە خەونی سەدان ساڵەی دروستبوونی دەوڵەتێکە لە سایەی ئاڵاکەیدا بژی.

ڕیفراندۆم سەدان هەنگاو کوردی لە گەیشتن بەم خەونەی دوورکردەو ئەو تۆوی ئومێدەشی کە لەدەرونی خەڵکدا چاندرابوو بۆ گەیشتن بەدەوڵەت و سەربەخۆی بۆ چەندین ساڵ ژاکانی و  باوەشی گەرمی خەلکی بۆ کازمی کردەوە و دەرگای دڵیشیان بەڕووی سیاسی و حیزبەکانی باشوردا داخست.

هەموو ئەو هێزە سیاسیانەشی کە دەنگیان بۆ بەڵێ بوو و وە پشتگیری ڕیفراندۆمەکەیان کرد، وەک یەک بەشدارن لەوەی بەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکاندا هات، نەک وەک ئەوەی لەدوای کارەسات و ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم کە ڕوویان دا حیزب و هێزە سیاسیەکان بۆ دوورخستنەوەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی هەر زوو گوتاری سیاسییان گۆڕی بەرانبەر بەم پرسە و دواجاریش لە خەونی دروستکردنی دەوڵەتەوە خاکی هەرێمی کوردستانیان کردە دوولەت و لەتێکیان دوای هەزاران شەهید و قوربانیدانی پێشمەرگە خستەوە ژێر دەستی بەغدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی