میدیای کوردیی و پارتیزانەکانی

27/09/2020

د.شوان ئادەم

دەرکەوتنی شێوازەکانی کارکردنی میدیای پارتیزانیی لەھەرێمی کوردستاندا؛ زۆرتر بۆ دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک دەگەڕێتەوە. سەدەیەک کە بووە شایەتی رووخاندنی فیزیکی رژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حسێن و ھۆکاری ھێنانی ھێزی سەربازیی و ھەژموونی ھزریی زیاتری ئەمەریکا و کلتوری خۆرئاوا بۆ وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەرچی لە عێراقدا لەدوای کەوتنی تاک حزبیی بەرەی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستی (١٦ی تەمموزی ١٩٧٠- ٩ی نیسانی ٢٠٠٣) فرەحزبیی و ئازادییەکانی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئینتەرنێت و بەکارھێنانی خزمەتگوزارییەکانی بەرفراوانتر بوون، بەڵام رێکخستنیان لەرووی یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندنەوە سەخت و قورستر بوون و دەبن. بەتایبەت کە شەپۆلی بێسنووری ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یاخود میدیای جێگرەوە (alternative media) شوێنەواری میدیای باو (mainstream media)ی راماڵی و زووتر لەوەی چاوەڕواندەکرا ئەپڵیکەیشنەکانی خۆی جێگیر کرد. ئیتر لەم قۆناغە بەدواوە، رۆڵی دەرگاوان کەمتر و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی میدیا و میدیاوانان بێبەھاتر و کەم کاریگەرتر دەبوون، چەندێتیی میدیا و بەرھەمەکانی بەھێزتر و چۆنایەتییان لاوازتر دەبوون. بەوەش بازاڕی جۆرێکی نوێی کارکردن برەویسەند کە لەرووی مێژووییەوە دەرکەوتەکانی بۆ ھەڵمەتی بازاڕگەریی پارتیزانیی (guerrilla marketing campaign) دەگەڕێنەوە.

بازاڕگەریی پارتیزانی: ناونیشانی کتێبێکی نووسەری بازرگانیی ئەمریکیی جای کۆنراد لیڤنسۆن (١٩٣٣-٢٠١٣) بوو کە لەساڵی ١٩٨٤دا چاپکرا. لەوێدا بۆ یەکەمجار ئەم چەمکە بەکارھێنرا کە مەبەست لێی؛ جۆرێکە لە رێکلام یاخود ستراتیژێکی ریکلامییە و بە مەبەستی بنیاتنانی پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ بەکارھێنەرانی بەرھەمەکانیاندا، کۆمپانیاکان لەرێی بەکارھێنانی تەکنیک و مومارەسەی ھەمەجۆری وەک سوپرایز و کارلێکی ناباوەوە، برەو بە بەرھەم و خزمەتگوزارییەکانیان دەدەن. ھەڵبەتە ئاڕاستەکردنی کاردانەوەی سۆزداریی بەکارھێنەران، یەکێکە لە ئامانجەکانی ئەم کارلێکە و کۆتائامانجی بازاڕگەرییەکەش، گەیشتنە بە خەڵکی لەپێناو بیرھێنانەوەی بەرھەمەکان و براندەکان بەرێگەیەکی جیاوازتر لە رێگە ناسراوەکان. واتە جیاواز لە رێگە باوەکانی وەک چاپکراوەکان، رادیۆ، تەلەفزیۆن و پۆستەی راستەوخۆ کە جەماوەریان لەدەستداوە، بازاڕگەر و ریکلامکاران ستراتیژێکی نوێیان بۆ گەیاندنی پەیامە بازرگانییەکانیان دۆزیوەتەوە. ئەو جۆرە لە بازاڕگەری: فۆکەس دەخاتەسەر بەکارھێنەران و سەرنجڕاکێشانیان لەرێگەی سوپرایزکردن بۆ دروستکردنی تێڕوانێکی گەورە لەسەر بەرھەمەکە یان براندەکە و ئەویش بە چواردەوری خۆیدا ژاوەژاوێک لەسەر ئەو بەرھەمە دروستدەکات کە بازاڕسازیی بۆ دەکرێت. ئەمەش رێگەیەکی ریکلامکردنە کە بەھۆیەوە کارلێکی بەکارھێنەر لەگەڵ بەرھەمەکە یان براندەکەدا زیاد دەبێت و ئەوەش دەبێتەھۆی کێشانی نەخشەی بیرەوەرییەکی لەیادنەچوو. لەرێگەی دروستکردنی ئەزموونێکی لەیادنەچووشەوە، ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێت کە بەکارھێنەر یان ھەندێک کەس کە کارلێکی لەگەڵ ھەڵمەتی بازاڕگەرییەکەدا ھەیە، زانیاریی لەبارەی بەرھەمەکەوە بە ھاوڕێکانیان بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرھەمەکە یان خزمەتگوزارییەکە لەرێی وشەی زارەکییەوە رێکلامی بۆ دەکرێت و بەژمارەیەکی زۆرتر لەوەی لەسەرەتادا پێشبینی دەکرا بە خەڵکی دەگات (Kenton, ٢٠١٩).

بازاڕگەریی پارتیزانی: وەھا ناسراوە کە تاڕادەیەک کەمخەرجییە و فۆکەسەکەی زۆرتر لەسەر ماوەی گەیشتنە وەک لە دووبارەکردنەوەی. جا بۆ ئەوەی ھەڵمەتی پارتیزانیی سەرکەوتووبێت، کۆمپانیاکان پێویستییان بەخەرجکردنی رێژەیەکی گەورە نییە، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە خەیاڵ (imagination)و وزە و کات ھەیە. ئەوەش ئەگەرێکە کە زیاتر بۆ کۆمپانیا بچووکەکان کارا دەبێت، بەتایبەت کاتێک کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکاندا دەکەن. ھەربۆیە ئەو پەیامە رێکلامییەشی کە بۆ بەکارھێنەران دیزاین دەکرێت، دەبێت زۆر روون و پوخت بێت، چونکە ئەمجۆرە بازاڕگەرییە بەھەمانشێوە کار لەسەر مێشکی نەستەکی (unconscious mind)ی بەکارھێنەران دەکات کە ھەر ئەویشە زۆرتر بڕیار لەسەر کڕینی شتەکان دەدات. ھاوکات بۆئەوەی داواکاریی مانەوەی بەرھەمەکە یان خزمەتگوزارییەکە لەنەستی بەکارھێنەراندا دووبارە ببێتەوە، دەبێت وتی وتییەک یاخود ژاوەژاوێک (buzz) بەدەوری بەرھەمەکەدا دروستبکرێت و بەنێو ھاوڕیکاندا بڵاوبکرێتەوە، بەوەش رێکلامەکە و پەیامەکەی دووبارە دەبێتەوە (Bourn, ٢٠٠٩).

لەرووی میتۆد و تەکتیکی کارکردنەوە، دەشێت ھەڵمەتەکانی بازاڕگەریی پارتیزانیی زۆر جیاوازبن، بەڵام دیارترین تایبەتمەندییان لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە ئەگەرچی ئەندێشەیی و سەرنجڕاکێشن، بەڵام رێگەی ھاوچەرخی ئامانجدار یاخود دژە دامەزراوەیی بەکاردێنن. ئەمجۆرە ھەڵمەتانەش ئارەزووی دەستپێشخەری بازاڕگەریی دێرینی ھاوشێوەی ھەڵمەتی ریکلامی چاپکراو یان راستەوخۆی تەلەفزیۆنیی ناکەن، بەڵکو بە رێگەیەکی داھێنەرانە ئاوێتەیەک لەشێوازە جیاوازەکانی پەیوەندیی گرتنی بازاڕگەریی بەکاردەھێنن. ئەوانەش بەشێوەیەکی ئەزموونیی دەکرێن و بەئامانجی بەشدارییکردن سەرنجی جەماوەری بەئامانجگیراو رادەکێشن. ھاوکات لەپێناو گەیشتن بەخواستەکانیاندا ریسک دەکەن، ئەگەرچی رەنگە ئەوەش ببێتەھۆی بێزارکردنی ھەندێک و پەسەندنەکردنی تەواوەتیی لەلایەن دامەزراوەکانی ھاوشێوەی شارەکان، پلان داڕێژەران و دەسەڵاتداران. ھاوکات لە رێکخستن و دەرئەنجامی ھەڵمەتەکانی بازاڕگەریی پارتیزانیی و کاریگەرییەکانی و ریکلامکردن و بەشدارییکردنیشدا، کەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەگەزێکی سەرەکیین و یارمەتیی دروستکردنی ژاوەژاو دەدەن و ھانی ناوەڕۆکی ھەڵمەتەکەش دەدەن ببێتە پەتایەکی بەربڵاو، بەوەش چالاکییە پارتیزانییەکان سەرنجی میدیا رادەکێشن و لە پەیوەندییە گشتیی و میدیاییەکان دادەبڕێن (lumenlearning.com).

بەسەرنجدان لەو تایبەتمەندییانە، ئێستا میدیای پارتیزانیی کوردیی لەرێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیجە زۆڵەکانییەوە خۆی نمایش دەکات و گوتاری میدیایی لەسەر وروژاندنی سێکوچکەی تابۆکراوی سێکس و سیاسەت و ئایین دادەڕێژێت. ئەویش لەرێی کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی لایک و کۆمێنت و شەیرکردنی ڤیدۆی پارچەکراوی بەرنامەکان و زانیاری ساختە و ناتەواوی ھەواڵەکان، بۆ بەخشینی زانیاریی ورد و شرۆڤەکردنی زانستیی نا، بەڵکو بۆ رشتنی تۆوی رق و کینە، تۆخکردنەوەی ھەستی رەگەزپەرستی، برەودان بە جیاکاریی جێندەری و نەتەوەیی و ..ھتد. بەدەربڕێنێکی دیکە، ئەگەر تا دوێنێ پارتیزانیی و چالاکییەکانی دژ بە دوژمنی نەتەوەیی و رژێمی سەردەست و داگیرکار وەک جۆرێک لەخەباتی نھێنی و بەرخودانی نەتەوەیی ئەنجامدرابێت و ئەمەش جۆرە پاڵەوانێکی مەیدانی بەرھەمھێنابێت، ئێستا پارتیزانەکانی ناو میدیای کوردیی لە دونیای گریمانەیی ئینتەرنێتدا و بەشێوەیەکی وەھمی ھاوزمانەکانی خۆیان دەکەنە ئامانج و لەرێی کۆلاژ و مۆنتاژی وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی و چیرۆکی خەیاڵییەوە، درێژە بەجۆرێکی شەرمھێنەری نایاسایی لە چالاکی پارتیزانی دەدەن!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی