بەر لەوەی بچمە ناو ئەم باسەوە، هەق وایە بە پێشکەییەک هەم سەبارەت بە ڕۆڵی ئاسایی ڕوناکبیران ونووسەران بدوێم وە هەمیش سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەوان بدوێم.
نووسەران و ڕوناکبیران بە یەکێک لە هەرە پایە گرنگەکانی هەر کۆمەڵگایەک دادەنرێن، کە ئەرکی ئاراستەکردنی کۆمەڵگایان، بەر لە هەر کەس ئەکەوێتە ئەستۆ. جگە لەو ئەرکە گرنگە، دەبێت هەمیشە لە هەوڵی وشیارکردنەوە وپێشخستنی ئاستی زانیاری و بەها مرۆڤایەتییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگادا بن.
ئەم ڕۆڵە لەوە زیاتریش پەل دەهاوێت بۆ بووژاندنەوەی هزری ڕەخنەگرتن لە لای تاکەکانی کۆمەڵگاکەی خۆیان، بە جۆرێک کە بتوانن بەشدار بن لە چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و بەرگری کردن لە ڕاستییەکان.
پێویستە ڕووناکبیر ڕۆڵ بگێڕێ لە بڵاوکردنەوەی هوشیاری و زانیاری و تاکەکانی کۆمەڵگاش لە مەسەلە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان ئاگادار بکاتەوە. پێویستە هەروەها هەوڵی ئەوە بدات کە تاکەکان ڕەخنەگرانە بڕواننە دەوروبەری خۆیان و پرسیار و گوومانیان لا دروست ببێ بۆ هەر ڕووداوێکی نوێ و هیچ کاتێ بە بێ لێکدانەوەی ورد هیچ بیروڕا و گۆڕانێک قبووڵ نەکەن.
جا ئەوەی تا ئێستا لە کۆمەڵگای کوردی لە هەرێم بەدی ئەکرێ، هەم دوو لەتبوونێکی سەیرە لە نێوان(لە گەڵ بوون یان دژ بوون، بۆ هەر مەسەلە و رووداووێک). چونکە دەسەڵات هەم دەرفەتی گۆڕانکاری بڕیوە و هەمیش کاریگەری ڕووناکبیرانی بێ ئەرزش کردووە. هەر بۆیە هەر مەسەلەیەک کە دێتە پێشەوە مشت و مڕێکی توندی بە دوادا دێت و دواجار دادەمرکێتەوە بە بێ گەیشتنە هیچ گۆڕانکارییەک.
جگە لەمانەش دەبێت ڕووناکبیران ئەرکی بەگژاچوونەوەی نەزانی و دەمارگیری و توندڕەوی لە ئەستۆ بگرن و هەوڵی کرانەوە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بدەن. لەمەشیاندا دەسەڵات توانیوێتی یارییەکی زۆر قێزەون بکات. دەسەڵات بە هەردوو زۆنەکەوە کەوتوونەتە هەمان هەڵەی ئەنوەر ساداتی میسرەوە، کە چۆن دژی نەیارەکانی خۆی، ڕێگەی بۆ ئیخوان موسلمین خۆش کرد کە چالاک بن لە کۆمەڵگادا دژ بە چەپ و ناسرییەکان، کە دواجار لە خودی سادات-یش هەڵگەڕانەوە و تیرۆریان کرد.
یەکێتی و پارتیش هەر یەک خەریکی بووژانەوە باڵێک یان چەن باڵێکی ئیسلامین، هەر یەک لە سنور و زۆنی خۆیدا. ئەمانە بە کار و چالاکییەک ئەرکدارکراون، کە بە شێوەیەکی شەرمنانە و چەواشەکارانە باسی کەموکورتییەکانی دەسەڵات بکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا کۆمەک لە دەسەڵات وەردەگرن بۆ دژایەتی دەنگی ئازاد و ئۆپۆسزیۆنی ڕاستەقینە. ئەمان بە جۆرێکن کە دژ بە هەر هەوڵێکی دادپەروەری و ئازادی خواز و یەکسانی خواز، هەر هەنگاوێکی کرانەوە بە ڕووی بیری نوێ وژیانی نوێ وکولتوری نوێ، دەوەستنەوە.
دەسەڵات بە کورتی ئەمانەی گەرەکە وەکو ئۆپۆسزیۆنی کۆمەڵگا و دژ بە نەیارەکانی خۆی، بەڵام نازانێت خەریکە وردە وردە، وەکو سادات چاڵ بۆ خۆی هەڵئەکەنێ و ئەرکی داهاتووی گۆڕانکارییە مێژووییەکان گرانتر ئەکات. تۆ تەماشا ئەوەی چەپ و ناسرییەکان بە هەموو کەموکوڕییەکانیانەوە پێشکەش بە کۆمەڵگای میسرییان کرد، دواجار سادات لە ڕێگەی ئێسلامییەکانەوە بە دەیان هەنگاو گۆمەڵگای میسری بۆ دواوە گەڕاندەوە، کە تا ئەمڕۆش پێوەی دەناڵێنێت. ئەمانە هەمووی لە لایەک...
ئەرکی ڕوناکبیرە زمان و کولتوری ڕەسەنی کۆمەڵگاکەی بپارێزێ و هانی کرانەوە بە ڕووی کولتورەکانی دیکەش بدات. لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان لە کاری هەرە پێشینەی ڕوناکبیران و نووسەرانە، وەکو ئاماژەمان پێدان.
ئەگەر باسەکە درێژ نەکەمەوە بگەڕێمەوە سەر کرۆکەکەی، کە باس لە ڕۆڵی نووسەر ئەکات لە کۆمەڵگادا. دەبێت ئەوە بڵێم کە بۆ ئەوەی نووسەر ڕۆڵی خۆی بە باشی بگێڕێت و کاریگەری دابنێت، دەبێ هەم بێ لایەن بێ و هەمیش خاوەن مۆڕاڵی بەرز بێت. جۆرێک له ئازایەتی و خوی خۆنەویستیشی تێدا بێت.
هەرێمی کوردستان ڕەنگە یەکێک بێ لەو جوگرافیا کەمانەی ناوچەکە، کە هەم فەزای نیمچە ئازادی و نیمچە دیموکراسی بۆ سەرهەڵدانی دەیان و سەددان ڕۆشنبیری و نووسەر فەراهەم کردووە و هەمیش دەسەڵات توانیوێتی بەشێکی زۆر لەو نووسەر و ڕووناکبیرانە تەجنید بکات و بیخاتە خزمەتی ئەجێندای خۆی. کەمینە ساغ و بێلایەن و خاوەن مۆڕاڵەکەش، بخاتە گۆشەیەکی وەها تەنگەوە کە نە دەنگیان بگاتە جەماوەر و ئەو دەنگەش کە دەگات بە هەزار و یەک جۆر دژایەتی بکات و لە زۆر حاڵەتدا بیخاتە خانەی دوژمنەوە. کە ئێمە ئەم دیاردەی بە دوژمن کردنی ڕوناکبیری ڕاستەقینەمان لەم هەرێمدا زۆر دیوە.
دواجار پێویستە ئەوەش بڵێم کە هەر ڕووناکبیرێک، لە ڕەگەزی خۆنەویستی و مۆڕاڵ و ئازایەتی بەتاڵ بکەینەوە، لە گەیاندنی زانیاری درووست بە جەماوەر، ئەوە ڕاستەوخۆ خەریکی تاریکاندنی ڕاستییەکان ئەبێ یان چیتر خاوەن بیری ڕووناک نیە. بۆ ئەم مەسەلەیە حەزئەکەم ئاماژە بە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی"ئیپسن"ی نەرویجی بدەم کە لە ژێر ناوی "دوژمنی گەلە"! ئیپسن ئازایەتی دکتۆرێکی ڕووناکبیرمان بۆ دەگێڕێتەوە کە زانیاری دروست لە بارەی دەریاچەیەکی موبارەکەوە بڵاو دەکاتەوە بەوەی کە ژەهراوی بووە و بەکەڵکی خۆشووشتن و خواردنەوە نایەت، بەڵام لە بەر ئەوەی ئەمە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران نەبوو. وە تاکە سەرچاوەی بژێوی خەڵک و پارە پەیداکردنی دەسەڵات بوو. دەسەڵات ئەم دکتۆرەی بە دوژمنی گەل ناساند.
بەڵام ناساندنی ئەو دکتۆرە بە دوژمنی گەل هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە ئاوەکە ژەهراوی بووە. ئەگەر ئەم وێنەیە بە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان ببەستینەوە، دەبینین کە ئێمە خاوەن گەلێ دەنگی بوێر و ڕووناکبیرین، کە نەک هەر لە هیچ میدیایەکی حزبی و دەسەڵاتەوە باس ناکرێ، بگرە هەمیشە بە دوژمن بە دەستکەوتەکانی هەرێم و جاشی ئەملا و ئەولا ناوزەد دەکرێن. ئەم ناساندنی ڕووناکبیر بە "دوژمنی گەل"ی ئیپسن و لەو لاشەوە لە لایەن ئیسلامییەکانەوە بە دوژمنی بەهاکانی کۆمەڵگا ناساندن، ئەرکی ڕووناکبیری تەواو قورس کردووە. بە هەمان پێوەر هەرچی ڕووناکبیری ڕاستەقینەی بوێر و خۆنەویستە لە زیندانەکان بئاخنرێ یان ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان لێ بگێرێ یاخود تۆمەتی خائین بە وڵات و کافر بە ئایینی بخرێتە پاڵ، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە دەسەڵات خائین و گەندەڵە و کۆمەڵکاش لە سەر دەستی ئیسلامییەکان ڕووە و نەزانی و دواکەوتوویی هەنگاو دەنێ.
بۆ ئەوەی بیرمان نەچێت دبێت باس لە ڕۆڵی نووسەریش بکەین کە ئاخۆ دەبێ تەنها چاودێربێ یاخود کاریگەریش بێ.
ئەگەر ئێمە کەمێک بە مێژوودا بچینەوە دەبینین چەند پڕن لە نموونەی کەڵە نووسەر کە توانیوییانە واقعی نوێ لە نێو کۆمەڵگاکانیان دروست بکەم. ئەگەر ئێمە لەو کۆمەڵگا هاوشێوە و نزیکانەی هەرێمی کوردستاندا بگەڕێین ئەو دوو ناوی دیاری دونیای عەرەبمان بەرچاو دەکەوێت کە مافی خۆیەتی لە دووتوێی ئەم باسە ناوی یەکێک لە نووسەرە کاریگەرەکان بهێنین، کە ئەویش، تەها حسێن-ە.
هەتا نووسەر و ڕووناکبیری بە ناوبانگی میسری تەها حسێن پەیدا نەبووبوو، خوێندن تەنها بۆ دەوڵەمەند و پارەدارەکان بوو. تەها حسێن هەمیشە لە نووسین و ڕەخنە و ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا، جەختی لەوە دەکردەوە کە خوێندن دەبێت بکرێتە خۆڕایی و بۆ سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا فەراهەم بکرێت. هەر ئەمەش هانیدا کە دواتر ببێ بە وەزیری مەعاریفی میسری کە وەزیری پەروەردەی ئەمڕۆ ئەکا. جا هەوڵ و کۆششی پێشووی لەو بوارەدا گرێ دا بە هەنگاوی پراکتیکی، ئەگەر چی لەو قۆناغەدا میسر گەلێ بواری دیکەی هەبوو کە دەبوو پێش خوێندەواری بیری لێ بکرێتەوە بەڵام تەها حسێن نەک بەمە ڕازی نەبوو بگرە، ئەم کاروانە گرنگەی پێش گەلێ بابەتی هەنووکەیی دیکە خست.
تەها حسێن بە نابینایی خۆیەوە ئەیزانی کە تاکە سەرچاوەی ڕووناکی هەر کۆمەڵگایەک خوێندن و ڕۆشنبیرییە. ئەمڕۆ هەمووان ئەزانین کە میسر بەشی شێری خاوەنداری ڕۆشنبیری عەرەبی بەر دەکەوێ. لەم ڕووەشەوە هەمیشە وتەیەکی نەوەی پێش خۆمم وەبیر دێتەوە کە دەیانووت: میسرییەکان کتێب ئەنووسن و لوبنانی و سورییەکانیش لە چاپی دەدەن و عێراقییەکانیش ئەیخوێننەوە. بیر بکەرەوە ئەگەر تەها حسێن نەبووایە، کێ ئەم شانازییەی ئەبەخشیە میسرییەکان. ئا ئەمە ئەرکی ڕاستەقینەی ڕووناکبیر بەرجەستە ئەکات لە وشیارکردنەوە و ئاراستەکردنی ڕووناکبیردا.
ئەوەی ماوەتەوە لەم باسەدا کۆتایی پێ بێنم، ئەوەیە: مادام نووسەران و رووناکبیران ئەو نازناوەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە، ناکرێ و نابێت ئەرکەکەشی وەکو خۆی جێ بە جێ نەکەن. ئەوان وەکو سیاسی و پارەدار و بازرگان و تەنانەت پیاوانی ئایینیش بەرپرسیارێتی مێژووییان لە ئەستۆدایە جا یان دەبێ وەکو گیڤارا و غەسان کەنەفانی بە سەربەرزی بمرن یاخود وەکو کنوت هامسۆن-ی نووسەری بە توانای نەرویجی، بە سەرشۆڕی بمرن، کە پاڵپشتی داگیرکاری نازییەکان بوو دژی وڵاتەکەی خۆی و گەڵی نەرویجی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی