دەسەڵات لە دوای شۆڕش

29/09/2020

زانا تۆفیق بەگ

ھەندێ جار بەرھەمی دوای شۆڕشکردن دەبێتە ھۆی دروستبوونی دەسەڵاتێکی بەربەری بێ مۆڕاڵ، ئەھریمەن ئاسا بۆ گیانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە شۆڕشیان دروست کرد. نمونەیی ئەم جۆرە شۆڕشانە لە ناو مێژووی نوێدا زۆرن باشترین نمونە دەسەڵاتەکانی مێژووی شۆڕشەکانی ئەمەریکای لاتینە کە ھەتا ئێستاکە کۆمەڵگاکانیان توشی چ مەرگەساتێک کردووە بەتایبەتی شوڕشەکانی کوبا و بولدیڤیا و مەکسیک، ئەرجەنتین کە بوونە مایەی تێکشانێکی رۆحی کۆمەڵگا و مایەپووچ بوونی قاسەی ئابووری و دروستبوونی سیستەمێکی دیکتاتۆری ناقۆڵا کە بەردەوام خەریکی بە ساسنسۆرکردنی کۆمەڵگایە لە رێگەی کۆمەڵێ کەناڵی مەترسیداری سیاسی و رۆشنبیری و داخستنی پەیوەندییەکانی وڵات لە بەرامبەر دونیای دەرەوە. وڵات وەکو زیندانێکی گەورە سەیر دەکات جگە لە مۆنۆپۆڵکردنی داھاتی سامانی سروشتی و کانزای بۆ بەھێزکردنی پێگەی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی خۆی ھیچ ئەرک و مافێکی تری نییە. باشترین نمونە سەرۆکی فەنزوێلا بوو کە چ نەھامەتییەکی کاولکاری بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا ھێنا کە ھەتا ئێستا ئاسەوارەکانی نەتوانراوە بسڕێتەوە.

لەم وتارەدا دەمەوێت باس لە ئاکارەکانی دروستبوونی شۆڕش بکەم بەتایبەتی ئەنجامەکانی چۆنە و چییە؟ ئاخۆ دوژمنەکانی پێش شۆڕش دوای شۆڕش کێن؟ ئەمە ئەو پرسیارە جەوھەریانەن کە پێویستیمان بە وەڵامدانەوەیەکی راشکاوانەی ھەیە بێ خەوش. سەرەتا گرنگە رەچاوی  ئەزموونی دەسەڵاتی سیاسی و کەلتوری سیاسی ھەر کۆمەڵگایەک بکەین وە کاریگەری شێوازی میکانیزمی دروستبوونی شۆڕش بۆ ئەنجامی شۆڕشەکە لێکەوتەکانی و ئاکامەکانی دوای شۆڕش یان ئەو فیگەرە سیاسیانەی کە دەبنە رەمز و میراتگری شۆڕش و پێکھێنەرانی دەسەڵات و نیزامی سیاسی لە وڵاتدا. پاشان دونیابینی کارێکتەرە سیاسییەکان بۆ رەوتی رووداوەکانی دوای شۆڕش ئەم پاڵنەرانە تێکڕا کاریگەری قووڵیان ھەیە بۆ لێکەوتەکانی دوای شۆڕش شێوازەکانی دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی بەرمەبنای بڕوا بوون بە پرنسیپەکانی دەوڵەتی ھاوڵاتی بوون.

سەرەتای ھەموو شۆڕشێک بەوە دەستپێدەکات، خەونێکی جوانی سپێدە ئاسا کە لێوان لێوە لە ژیاندۆستی یەکسانی کۆمەڵایەتی و سادەی فیگەرە سیاسییەکان و نەبوونی دیواری جیاوازی چینایەتی لە نێوان توێژاڵی سیاسی و خەڵکی سادە دا پاشان لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و دەستکەوتەکانی، رۆژ لە دوای رۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ ئاڕاستە و بەرنامەی شۆڕش دەگورێت. بەر لەوەی شۆڕش سەربکەوێت بگاتە کەناری ئارام و دوا مەنزڵی خۆی، خەڵکی سیڤیل و بەشداربووانی شۆڕش خەون بە ماف و ئازادییەکان و دەستەبەری ژیانێکی شکۆمەندانە دەبینن، بەڵام لە دوای ئەوەی کە بەروبوومی شۆڕش دێتە دی قسە دێتە سەر چۆنیەتی داکۆکیکردن لە بەروبوومی شۆڕش دەسەڵات وە مافەکان دەگۆڕێت بۆ سازشکردن و بەرگریکردن لە دەسەڵات و فیگەرە سیاسییەکان. ھەندێ جار دروستکردنی دوژمنی وەھمی بۆ بەھێزکردنی پایەکانی شۆڕش وە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەنجامەکانی شۆڕش و بەتایبەتی ناسنامەی شۆڕش دەگۆڕێت لە بەرگرییەوە بۆ سانسۆر و چەپاندن باشترین نمونە شۆڕشی روسیایە کە بە دروشمی ئازادی دەستی پێکرد بە سانسۆر و چەپاندن کۆتایی ھات.

کاتێک کە دەسەڵاتی دوای شۆڕش سانسۆر دەکاتە یەکێک لە بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆی. مانای ئاوابوونی خۆری شۆڕشە، بەتایبەتی کاتێک کە دەسەڵاتی دوای شۆڕش خەریکی دروستکردنی ماسک میدیایە ئەوا رۆحی شۆڕش دەچێتە قۆناخی گیانەڵاوە، وە سڵ لە ئازادی بەرەنگاربوونەوە دەکاتەوە چۆنکە ھەموو شۆڕشێک لە سەرەتای دروستبوونی دا بە ھۆشیاری سیاسی و پرنسیپەکانی دیموکراسی دەستپێدەکات دواتر لە دژی سەرەتاکانی خۆی دەجەنگێت قڵپیان دەکاتەوە لێرە گرنگە وتە بە ناوبانگەکەی بیرنادشۆ دووبارە بکەینەوە کە دەڵێت ھەموو چەپاندنێک کە دەسەڵاتی شۆڕش دەیکات بۆ رێگرییە لەو کەسانەی  کە بەرەنگاری روبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتە باڵاکانی شۆڕش دەبنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی