شەڕی ناوخۆ

30/09/2020

سەڵاح رەشید

کتێبی ( شەڕی ناوخۆی کورد – بۆچی سەری هەڵدا، چۆن گەشەی کرد، سەرئەنجام) لە نوسینی بەندە لە ( ناوەندی ڕۆشنبیری ئەدیبان) دوای دواکەوتنێکی کەم کەوتە بازارەوە.


ئەم کتێبە ٥٠٠ پەرەییە، باس لە ( شێوە و جۆرەکانی شەڕی ناوخۆ، مێژوی دێرینی شەڕی ناوخۆ، ناکۆکی و شەڕەکانی نێوان باڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٦١ تا ١٩٧٠، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، شەڕی هەکاری، جەوقەد و جود، شەڕی پشت ئاشان، گفتوگۆی نێوان یەکێتی و رژێمی بەغدا،سەرەتای گرژی نێوان پارتی و یەکێتی، شەڕی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی، شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی و پارتی کرێکاران، شەڕی نێوان پارتی و حسک(...

ئەمانە سەردێری هەندێ ناونیشانن لەم کتێبەدا لەگەڵ دەها نامە، بروسکە، راپۆرت، رونکردنەوە و چاوپێکەوتنی هەمەجۆر و فرە سەرچاوە، دەربارەی هەمولاکانی شەڕی ناوخۆ کە بۆ یەکەمجار بڵاودەبێتەوە.

ئەم کتێبە باسی روداوە ناخۆش و دڵتەزینەرەکانی شەڕی ناخۆ دەکات، ئەمە لە بەرژەوەندی یان دژایەتی لایەک یان هێزێک نەنوسراوە، هەمو هێزەکان بە پێیی کات و شوێن و قەبارەیان، بەشداربون لەو شەڕانەدا.

ئەم کتێبە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە، کە هەندێ کەسی پڕ لە کۆنەقین دەیانەوێت هەمو مێژوی خەباتی کورد لەکەدار بکەن و شۆرشی کورد بە قۆناغە تاڵ و شیرینیەکەیەوە بشوێنن و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن.

بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە، هەنگاوێکە بە هیوای ئەوەی روناکی بخاتە سەر بەشی لە مێژوی هەمەلایەنەی خەباتی گەلەکەمان.
لە مێژوی شۆرشی هەمو گەلاندا، کۆمەڵێک کاری نابەجێی مەترسیدار، دور لە ئامانج و خواستی شۆرشەکە و دژ بەو پرنسیپانەی شۆرشەکەی لە پێناویدا هەڵگیرساوە، لە قۆناغی جیاوازدا رویانداوە، بەڵام ئەم لادانە قێزەوەرانە کە دژ بە سەرەتاکانی مافی مرۆڤن و پێویستە هەمو یەکێک دژیان بوەستێتەوە و ئیدانەیان بکات، لە عەدالەت و رەوایی تێگرای شۆرشەکە کەم ناکاتەوە، رەنگە بۆ قۆناغێک لەکەداری بکات، بەڵام خەباتەکە بۆ کێشە ڕەواکەی ناسرێتەوە، بێگومان شۆرشی کوردیش بەدەرنیە لەم یاسایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی