فرۆیدو موچەکەی حکومەت

15/10/2020

ئیبراهیم حاجی زەڵمی


گومانی تیانیە کە فرۆید گەورە دەرووناسی جیهانی، خوێندنەوەی بۆ رەفتارەکانی مرۆڤ لەئاستێکی بەرزو ئەکادیمیدا بووە، بەرای من تا ئیمڕۆش لەتەماشەی رەفتاری مرۆییدا بازدانی هەر لێکۆڵەرێک  بەسەر ئەو چەمک‌و گریمانانەی ئەودا بۆخۆی کەمبرستی مەعریفی دەدرێتە پاڵ کۆڵینەوەکەی‌و کەلێن هەڵگرو ناتەواو هەژمارە.

یەکێک لەو چەمکانەی بەکاریبردوە لەخوێندنەوەی رەفتاری کەسی بەزیوو فاشل‌و دۆڕاوو کەمتواناو نەگەیشتوو بەئامانجدا، بریتیە لەچەمکی (لەسەرخۆ لابردن (الاسقاگ) یان بەتەعبیری کۆمەڵایەتی خۆدزینەوە لەدەرەنجامی ئەوکارەی کە تیایدا فاشیل بوە راکردن لەبەرپرسیاری، نەک تەنها ئەوەش، بەڵکو دانەپاڵی هۆکاری دۆڕان‌و فاشیلبونی کەسانی ترو دۆزینەوەی هۆکارو بکەر بۆ کردە شڕەکانی خۆی.

بەمانا (لەسەرخۆ لادان ـ الاسقاگ) فێڵێکی بەرگری دەرونیە کە کەسی فاشیل‌و دۆڕاو تووشی عەیبەبوو بۆ ئەوەی هەر جۆرێ بووە لەخۆی دووریبخاتەوەو کورد واتەنی دەسەچەورەکەی بماڵێ بەسەری کەسێ تردا، بۆئەوەی خۆی لەبەرچاوی ئەوانی تر رزگاربکات‌و پاکباکاتەوە لەوەی کە دوچاری بووە، بەمەش بەشێوەیەک لەشێوەکان هەوڵێکی دەروونی بۆ تەبریەبوونی خۆ لەدەست ئەو عەیب‌و عارە کۆمەڵایەتیەی کەدوچاری هاتوەو لەسەر دڵی قورس کەوتوەتەوە ده‌دات پاشان دەیەوێت بەم هەڵوێست‌و پاساوهێنانەوە درۆینەیەی پارێزگاریەک لەشکۆو پێگەی‌و کەسایەتی بکات.

نمونەی لەمجۆرەش لەڕەفتاری مرۆییدا زۆرە، قوتابیەک  دەرەنجامی کۆشش نەکردنی‌و تەمەڵی‌و کەمزانینی کەوتووە، کەچی لەکاتی باسکردنی هۆکارەکەی دووردەخاتەوە لەخۆی‌و دەیبەسێتەوە بە(مامۆستاکەمان باشنەبوو، دەوامم ئەوەندە نەکردوە، نەخۆش بووم، خەریکی ئیش‌و ئەرکی ترم لەسەرشان بووە، چەند بیانووی ناڕاست‌و دورکەوتنەوە لەهۆکارە ڕاستەقینەکە).

دیارە کۆمەڵگەی کوردی‌و پەروەردەو پێگەیاندنەکەی هەر لەتوێژی مناڵ‌و هەرزەکارەوە بیگرە تادەگاتە نوخبەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و تەنانەت نوخبه‌ ئاینیەکەشی، لەم خۆتەکاندنە لەعەیب‌و عارو دورخستنەوەی خود لەکەمی‌و نەنگی‌و فڕێدانی نەنگی‌و عەیبە بۆ ئەوانی تر ئەگەر نزیکترین کەسیشی بێت!! ڕاستیەکەو تاسەرئێسقان داچەقیوەو لەگەڵ ژیان‌و پەروەردەی ئێمەی تاکی کوردەواری هاتووە.

بۆیە مانەوەی ئەم تێفکرینەو بەدەر لەوەی کە (کەسانی ئەنانی‌و خۆپیرۆزکارو گوایە لەکەموکوڕی بەری)دەخاتەوەو دواجار ئەم سایکۆلۆژیایە بونیادێکە کەتاکی دیکتاتۆرو گوێنەگر بۆ هیچ کەس‌و نەبینی هەڵەی خۆ بەبەرهەمدەهێنێت‌و ئیتر کورد واتەنی (گوێ بۆ عیبادولبەشەر ناگرێ مەگەر بکێشن بەتەوقی سەریدا)، چونکە لەدەروونی خۆیدا هەردەم بەم حیلەو تەڵەکەیە خۆی لەنەنگی‌و فەشەل‌و دۆڕان‌و عەیبە پاککردوەتەوە لەبەرچاوی خۆی بوەتە پاککیزەی بەرچاوان.

ئیمڕۆ لەکوردەواری ئێمەدا ئەم نەخۆشیە دەروونیەو ئەم درۆو تەڵەکەبازیە مەخابن بوونی زۆر بەرچاوە، ئەوەتا ئیمڕۆ وەک خووی زیاتر لەنیو سەدەی پێشوتریان لەپیاوانی حیزب‌و پارێزگارانی حیزبی دۆراو فاشیل! دۆڕاوی‌و فەشەلی خۆیان چۆن دەدەنە پاڵ ئەوانی ترو چۆن کێشەو قەیرانەکان بەچاوێکی زانستیانە تەماشە ناکەن‌و هەرچی عەیب‌و عارە بێ ڕەحمانە دەیپێچن بەملی ئەم‌و ئەو (شەلم کوێرم ناپارێزم)ی لێدەکەن.

ئەو قەیران‌و دەسەپاچەیی‌و دۆڕانەی دەستەی حوکمەتداری ئیمڕۆ لەوەی کە گیریانخواردوە بەدەست دزو گەندەڵی داردەستی خۆیانەوە ناتوانن چارەسەری بکەن‌و (حکومەتێک!!!) کە سەردەمانێ خەونی ئەم حیزبانە بووە  کەبکەوێتە دەستیان کەچی ئیمرۆ دەبینین ناتوانن لەدەست جەردەو تاڵانچی کەس‌و قەوم‌و ئەقرەبای سەرانی دەسەڵاتی حیزبەکانیان بیپارێزن‌و سوک‌و ریسوایان کردوە تووشی قەرزاری ملیاران دیناریان کردوەو مەجبووری دەستی دوژمن‌و نامەردانیان کردوە کەبلاڵێتەوە کەیارمەتی بدەن‌و موچەی بۆ بنێرن.

حکومەتێک کەخەونی نەتەوەیەک بوو، سەدەیەک هەوڵ‌و کۆشش‌و ماندوبوون‌و شەونخونی‌و خوێن‌و شەهیدبوونی هەزاران کوڕی مەردی ئەم نەتەوەیە بۆ بوە بەقوربانی ئیمرۆ بەدەست کۆمەڵێک کەسی  لووتبەرزی نەرجسی‌و دەروون ناتەواوەوە گیریخواردووەو ناتوانێت مەهامی بنچینەیی خۆی جی بەجێبکات.

لەدیارترینی نموونەی فەشەلی کەمتوانایی لەکۆکردنەوەی داهات‌و شەپلوشیپانی کۆمپانیای حیزب‌و عەقدو عقودی بێعەقڵانەی ئابووری‌و کەم برستی لەئیدارەدان، ناتوانرێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات. لەپاڵ ئەم فەشەلەدیارەشا کەچی پەنادەبات بۆ درۆو دەلەسەو رەفتاری دەروونی چەمکەکانی دەروونناس فرۆید (لەسەرخۆلابردن- الاسقاگ)ە خەلک بەگەمژە ئەزانێت‌و ئیمساڵ کە نیوەی مانگی 10 ترازاوە سێ مووچەی تەواوی نەداوە دەڵێ:سێ موچەیان خەتای ئێمە نەبووە!! هی حکومەتی پێشوو بووە! دوانیشیان خەتای حکومەتی عێراقی بووە!.. وادەزانێ ئیتر بەم خۆتەکاندنە لەعەیب‌و عارە وڵاتی لێدەبێتە شامی شەریف، ئیتر لەپرسە سەرەکیەکە کە تێگەیشتن‌و تەماشەکردنی بابەتیانەی دۆخەکەیە بەو هەموو هەڵەو پەڵەو فەشەلانەی خۆشیانەوە بۆ دانانی چارەسەر خۆدەبوێرن‌و هەوڵی بەریکردنی وەزعەکە دەدەن کە نازانن دواجار خۆیشیان‌و کۆمەڵگەش لەناو قوڕاوێکدا گیر دەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی