كارهساتى شانزەی ئۆکتۆبەرو بەجێھێشتنی کەرکوک، خیانەت ھەڵاتن بێ یان نابەرابەری ھێز، فرۆشتنو رێکەوتنی ژێر بەژێربێت یان ھەڵەی ستراتیژی، ھیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کورد ھەلێکی لەدەستدا کەنزیک بەسەدەیەک قوربانی لەپێناویداداوە، رەوانشاد مام جەلال ھەمیشە دەیگوت "کلیلی چارەسەری کوردستان کەرکوکەو فەقەت کەرکوکە".
لەشانزەی ئۆکتۆبەر کلیلی چارەسەرەکە درایە دەست حەشدی شەعبیو ھێزە داگیرکەرەکانی عەبادی، ھەڵبەتە دەزگا سیخوڕیو ھەواڵگرییەکانی تورکیاو ئێران ھەریەکەو لەدیدی بەرژەوەندی خۆیەوە پلانو پیلانیان دادەڕشت بۆ دەرھێنانی کەرکوک لەژێر دەستی کورد، دواجار پیلانەکانیشیان بەئاکام گەیشتو باشوری کوردستانیان توشی شکستو کارەساتێکی گەورەکرد کە تائەمڕۆش باجەکەی دەدەین.
ھەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە ھێرشی ھێزەکانی حەشدی شەعبیو سوپای عێراق ببەستینەوە بەڕیفراندۆمەوە، چون زۆر پێش ڕیفراندۆمو سەرەتای شەڕی موسڵ، بەرپرسانی حەشدی شەعبیو سیاسیە شیعیەکانی عێراق بەعەبادی سەرۆک وەزیرانیشەوە بەئاشکرا باسی ئەوەیاندەکرد کەدوای کۆتاییھاتنی شەڕی داعش ھێرشدەکەنەسەر کەرکوکو ناوچە کوردستانیەکان، لەبەرئەوەش بوو شەڕی حەویجەیان دواخست بۆ دوای ئازادکردنی شارى موسڵ.
کەرکوکو ناوچە کوردستانییەکان بەری ڕەنجی سەدەیەک لەخەباتو خوێنو خەمی نەتەوەیەکبوو لەبەردەستی کورداندابوو کە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری ھەبوو بەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆزی کورد ئەگەر ژیرانە پارێزگاری لێبکرایەوە بەو دەردە نەبرایە. کەرکوک ڕەوایەتی کێشەو قورسایی گەلێکی پەنجا ملیۆنی کە لەسەدەی بیستو یەکدا بێ دەوڵەتو بێ ئاڵاو پارچە پارچەکراوە، خاوەندارییەتی کەرکوک لەشەری تیرۆریستانی داعشو باڵادەستی کورد بەسەریدا، وەک قوڵایی ستراتیژیو سەربازی، ھێزی پێشمەرگە پارسەنگی تەرازووی سیاسیو پاراستنی بووە، ناوچەکوردستانییەکان لەڕووی ئابووری لەسەرچاوەکانی داھات لەنەوتو گاز کارتێکی بەھێز بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان کە بەداخەوە لەشەو ڕۆژێکدا کەوتنەبەر ڕەشەباو بوون بەئاردی نێو دڕکو ئێستا کۆکردنەوەیان ھەرخوا دەزانێ چەندی دیکە قوربانیدانو ماندووبوونیان پێویستە.
بەدرێژایی مێژوو کورد باجی خیانەتو دووبەرەکیو گەندەڵی لەناو خۆداوە، سزانەدانی تاوانبارانو گەندەڵکارانو خیانەتکاران ھەمیشە ھۆکارە بۆ دوبارەبوونەوەی شکستو کارەساتەکان... !!.
لەیەکێک لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان گێڕانەوەیەکی عەرەبیم بەرچاوکەوت کە بەداخەوە ناوی خاوەنەکەی لەسەر نەنوسرابوو، چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە "لەدوای جهنگی دووهمی جیهان خوێندكارێك لهعێراقهوه دهچێته بەریتانیا دهبێته كرێچی پیرێژنێك، دوای ماوهیهك پیرهژنهكه پێی دهڵێ: ئهگهر بتهوێ لهم ماڵهی من بمێنیتهوه، نابێت سڵاو لهو ماڵهی سهر سوچی كۆڵانهكهمان بكهی، سهرهتا خوێندكارەكە وادەزانێ پیرەژنەكە بهمانا ڕۆژهەڵاتیەكەی حۆمان مەبەستی ئەوەیە ماڵی سەرسوچەكە لەشفرفۆشن، بهڵام دواتر بۆی دهرئهكهوێ كه شهرهف لهو وڵاته واتایهكی تری ههیه، ئەو ماڵە تهنیا گوناهیان ئهوهبووه لهكاتی هاتنی فڕۆكەی ئەڵمانەكان چرای ماڵهكهیان نهكوژاندۆتهوهو دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەتەوە كه بهم ڕهفتاره یان هاوكاری ئهڵمانهكانیان كردووە"، بەداخەوە لەکوردستان دۆخێک بەرپابووە کە کەسانێک ھەن نەک ھەر کەرکوک بەڵکو بەئاشکرا داوای ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێم دەکەن بەشانازیشەوە باسی دەکەن....!!
شانزەی ئۆکتۆبەرو ئەو ناکۆکیو لێکترازانو خۆخۆرییەی ئەمڕۆ دۆخێکی وای دروستکردوە ھەرێم لەگفتوگۆکانیدا لەبەرامبەر بەغدا لاواز دەربکەوێت، ئاخر دانوستان وەک شێوازێکی سیاسەتکردن، جۆرێکە لەبازرگانیکردن "دان + ستاندن"ی تێدایە، کە دانوستان جۆرێکە لەشەڕو جەنگ ھێزی دەوێ بۆ ھێرش یان بەرگریکردن، کورد لهشانزەی ئۆکتۆبەر زۆری لەدەستدا کە دەیتوانی وەک کارتی بەھێز بەکاریان بھێنێت، زانراویشە کە دەرئەنجامی شەڕی بەھێزەکان وەک دەرئەنجامی شەڕی بێ ھێزەکان نابێت ھەروەک ئاشتی بەھێزو بێ ھێزیش ھەروایە، ئەوەی لەبەرچاوانە ئێستا وەک ئەوەی کیسنجەرە کاتی خۆی بەکوردی وتبوو "کورد نە ھێزێکی ھەیە بەرژەوەندی کەسی پێ بپارێزێو نە ھێزێکیشی ھەیە بەرژەوەندی کەسی پێ بخاتە مەترسییەوە"، ئێمە پێش شانزەی ئۆکتۆبەر ئەو ھێزەمان ھەبوو کە بەداخەوە لەدەستماندا.
خوڵاسەی کەلامو قسەی کۆتایی ئەوەیە کورد دەبێت دەست لەسەربرینەکانی دابنێو ڕوو لەئایندە ھەنگاوبنێت، ئاڵنگاریو کێشە سیاسیو ئابورییەکانی چارەسەربکاتو ئەوەی تەنھا ئومێدێکی لەسەر ھەڵبچنرێ یەکدەستیو یەک دڵیو یەک ئامانجییە کە بتوانێ کوردستان دەربازبکات لەو قەیرانەنانەی ئێستا بەرۆکی گرتوە، پێویستە ئامانجی ھەموان بنیادنانی کوردستانێکی بەھێزو ڕزگاری کوردستان بێت.
ئاخر ناکرێت ھەر بەسەر لاشەی کارەساتو قوربانیەکانماندا بگرینو ڕەشپۆشی کۆڕی ماتەمو جەنازەی موڵکی شێخو کۆماری قازی نسکۆی ئەیلولو کارەساتی لەدەستانی کەرکوکو ناوچە کورستانیەکان بین، ئەوەی پێویستە کورد دەستی بۆبەرێت لەناوبردنی دووبەرەکیو خیانەتە، چون ھەمیشە بەرەو گلۆربونەوەو ھەڵدێردەمانبات. ئەنجامی شانزەی ئۆکتۆبەریش ھەزار بەھەزاری نائومێدی بەدوای خۆیدا ھێناو بووە بەشێک لەمێژووی کورد، مێژووش حیکایەتخوان نییە، پەندی لێوەرنەگری ئەتکات بەپەند.........
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی