هەرێمی کوردستان لە نێوان یاسا و پاشاگەردانی

20/10/2020

ئیبراهیم محمد

گەشەکردنی کۆمەلگا و بەرەوپێشچوون لە ڕەوتی مێژوویی هەر گەلێک،بەندە بەئاستی جێبەجێکردنی یاسا،رێکخستنی کۆمەڵگا دەرفەتی وەک یەک پێشمەرجی دابینکردن و چەسپاندنی دادپەروەرییە،گەشکردن و بەرزبوونەوەی توانستیی تاک فاکتەری پابەندبوونی تاکە بەیاسا،هاوسەنگی ڕاگرتنی ( ئەرک- ماف) بنەمایە بۆ دروستکردنی ئیرادەی هاوبەش،کۆمەڵگا کاتێک لەڕەوتی گەشکردنی سروشتی خۆی لا نادا ئەگەر سەقامگیری سیاسی پشتیوانی سەرەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی بێت،ئەگەر سەقامگیری سیاسی کۆنتڕۆڵی دۆخی یاسایی لەدەستدا ،پاشاگەردانی و تێچوونی هەڵومەرجی کۆمەڵایەتی دەبێتە دیفاکتۆ.

ئەو وەڵاتانەی نەیانتوانیووە لەڕووی سیستەمەوە دامەزراوەیی بن و دادپەروەری بنەمای حوکمڕانییان بێ،ئەوانەن کار بە یاسا ناکەن،بۆیە سیستەمی سیاسی و دەستەڵاتیان مەحکومە بە کودەتا یا ڕاپەڕینی خەڵک،گەلی کوردستان بەدرێژایی مێژووی ٢٧ ساڵ حوکمڕانی دەبوایە زۆر بەپەرۆش و پابەندبوایە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی ،لەبەرئەوەی کورد خۆی قوربانی نەبوونی یاسا و دادپەروەری بوو، مخابن تەونی تۆڕەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بەرەو لێکترازانێکی ترسناک دەڕوات،چوکە(یاسا) لەکۆمەڵگای کوردستان ڕۆڵێکی لاستیکی پێدراوە،دادگاکان بێ کاریگەرکراون،دۆسیە هەیە چەندین ساڵە تۆزی سەر لێ نیشتووە  و ناجوڵێنرێت،لەکاتێکدا دەبوایە چەند مانگێک دوای ڕوودانیان بڕیاریان لەبارەیەوە دەرابوایە،لەبەر پەیوەستبوون بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵگا.

ئەم کەمتەرخەمیە نەک بۆ تاکەکانی  کۆمەڵگا جێگەی مەترسیە،بەڵکو دۆخەکە بووتە  هەڕەشە بۆ ڕێکخراوەکان و گروپە بیانیەکان،بۆ نمونە دکتۆر ( جۆن ماک گینس) بەڕیوەبەری پڕۆژەی هەڵکۆڵینی شوێنەواری دەربەندی ڕانیە،لەپەیامێکدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات،کە ئاسایشی (ع .ق .ح ) بپارێزن،ئێستاش دۆسیەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە لەدادگای بەرایی دوکان،بەپێی ماددەی ٦۳ قانون اسار ی ۱۹۳۹.

لەبەرئەوەی توانیویەتی هەوڵی وێرانکردن و دزینی پارچە شوێنەواری( ئەزمیر) پوچەڵبکاتەوە،کە لەشەوی ١٤/١٥ -٤ - ٢٠١٧ کە هەوڵیان بۆدا،یاخود دۆسیەی ژمارە ( ٤٨ ) مانگی ١٠ /٢٠١٨ ی دادگای بەرایی ڕانیە،وە دۆسیەی ژمارە (339 ) بە ماددەی (443)  لە کۆتایی ساڵی 2018  لە دادگایی بەرایی رانیە،کەدۆسیەکە لە ئاسایشی ڕاپەڕین پارێزراون،کەتیایدا کۆمەڵێک باندی ڕەفێنەر هەوڵی سوکایەتی پێکردنی خەڵکی وشیار و نیشتیمانپەروەر دەدەن،بە نمونەوەرگرتنی ئەم دۆسیانە بۆ ئەوەیە کە هێمن و ئاسایشی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە و بارودۆخێک دەهێنەکایەوە کە وەڵات لەبێ سەروبەریدابێت و تاک لەنائارامیدا گوزەربکات.
 
ئەم نمونانە و چەندانی تر گەواهی ئەوەن کە سیستەمی سیاسی لەهەرێمی کوردستان خاڵییە لە یاسا و دادپەروەری،ناکرێ دزو مافیا و گەندەڵکاران لەشەقامەکان بەئازادی بسوڕێنەوە ،بەڵام خەڵکی ڕووناکبیر و کارەکتەرە وشیارەکان لە بەر ترس و کوشتن سەری خۆیان هەڵبگرن .

ئەم دۆخە بەم شێوەیە لەڕووی نێودەوڵەتی کاریگەری دروست دەکات ،کەهۆکاری دەبێ کە کوردستان مەتمانەی نێودەوڵەتی لەدەست بدات، کە ئاکامەکەی ئەوە دەبێت کە هیچ ڕێکخراو و گروپێکی نێودەوڵەتی و بیانی هاوکاری گەلی کورد نەکات،کە دواجار گەلە ستەمدیدەکەمان تیایدا زەرەرمەندی ڕاستەوخۆ دەبێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی