تیرۆرکارییەک، مەترسیدارتر لەگەندەڵی

22/10/2020

none

هێشتا (شێروان شێروانی)ی چالاکوان ئازادنەکراوە، کەچی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی حکومەتە پۆلیسیەکەی هەرێم، چوونەتە سەر ماڵی مامۆستا (شڤان سەعید بەروشکی) و لەناو ماڵەکەی خۆی و بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانی لەگەڵ خۆیان راپێچکردووە.. ئەم رەشبگیرییەی ئێستای بادینان و هەولێر، زنجیرە تیرۆرکارییەکانی ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانمان بیردێنێتەوە کە لەبادینان هەرچی دەنگێکی جیاواز و رەخنەگر هەبوون تیرۆریان دەکردن و تەواوی دەڤەرەکەیان پڕکردبوو لەترس و تۆقاندن؛ ئەوەی ئێستا لەوێ بەڕێوەدەچێت.

هەمان عەقڵیەت و حزب و دەسەڵانە کە لەنەوەدەکاندا (رەئوف ئاکرەیی و رێناسی زەحمەتکێشان و یوسف تۆما شابۆ) و چەندین ئازادیخوازی دیکەیان بە کوشتن و سەرکوتکاری بێ دەنگ کرد..بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە؛ ئەوسا لەدەرەوەی هێزە سەرکوتکارەکەی بادینان، هێز و حزبی دیکە هەبوون دژ و ناڕازی بوون و چەند دەنگێک هەبوون کە بەرەنگارییەکیان نیشاندەدا، بەڵام ئەمڕۆ بەداخەوە هیچ دەنگێکی بەرز و جدیی دژ بەو کارە دژە ئازادییانە نابیسترێت و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، وەک رووداوی زۆر ئاسایی، بەدیاریدا دەستیان بەخۆیاندا شۆڕکردۆتەوە، بۆیە ئەمڕۆ تەواوی حزبە بەشداربووەکانی حکومەت لەوەدا بەرپرسیارن و هەرگیز ناتوانن شانی ئارداوی خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بتەکێنن..ئاخر ئەم کارە سەرکوتکارییانە زۆر لەو گەندەڵی و راوورووتە مەترسیدارترە کە ئەو دەنگە ئازادانە و هی دیکەش بەردەوام قسەیان لەسەردەکەن، چونکە کە ئازادی نەما، دەبێ نوێژی مردوو لەسەر لاشەی چاکسازیی بخوێنین..