پیگمالیۆن

22/10/2020

هاوژین زیبا

پیگمالیۆن کێیە؟ پیگمالیۆن لە وڵاتی قوبرس لە ساڵی ١٠٥٠ی پێش زاین ژیاوە. نیوەی راستی و نیوەی ئەفسانەیە، لە کۆشکەکەی پیگمالیۆن ھەزاران ژن دەژیان بەڵام ئەو ژنانە چەندە جوانبوون یاخود خۆیان دەڕازاندەوە، گرنگ نەبوو بۆ پیگمالیۆن چونکە ئەو بە ژنی نەدەزانین و ھەمیشە دەیوت لە خەیاڵی مندا ژنێک ھەیە بە دڵی منە و ئەوم خۆشەوێت و چاوەروانی ھاتنی ئەو ژنەم.

پیگمالیۆن لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو ژنەی لە خەون و خەیاڵی ئەودا دەژی لە راستیدا بوونی نییە، ھەر بۆیە بڕیاریدا پەیکەری ژنی ناوخەیاڵی خۆی دوست بکات و خۆشی بوێت. ئەو پەیکەرە روخساری ژنێک بوو کە بە دڵی پیگمالیۆن دروستکرابوو روخساری ئەندامەکانی جەستەی بە خواستی دڵ و خەیاڵی ئەو دروستکرا، پاشان پیگمالیۆن بڕیاریدا خۆشی بوێت و لەگەڵیدا بنوێت.

ھەزاران ساڵە ئەم تێروانینە بۆ ژن بەردەوامە، ژن کێیە و چی دەوێت و چەندە جوانە گرنگ نییە، بەڵکو پیاوان چۆن ئەو دەبینن ئەوە گرنگە!
ژنان ھەمیشە لە ھەوڵی ئازاد بووندان، بەڵام بەداخەوە ئەم ڕاستییە ھەرگیز بە دی نایەت. خواست و ویستی ژنان بەپێی پێوەری نێرانە دەپێورێت، ھەربۆیە ئەم ژنە چەندە ھەوڵبدات بۆ جوان بوونی جەوھەری ناخ و کەسایەتی چەندە ھەوڵی باشبوون بدات، یان دەکوژرێت یان ڕەخنەی لێ دەگیرێت. 
ژن مافی ئەوەی نییە بە دڵی خۆی ژیانی بڕازێنێتەوە، ژن مافی ئەوەی نییە وەک خۆی چالاک بێت، ژن مافی تووڕەبوونی نییە، بگرە مافی پێکەنینیشی نییە، مافی ئەوەی نییە بە ویستی دڵ کاری پێویست بکات، ھەربۆیە کاتێک ژن جل لەبەر دەکات کاتێک ژنێک دەیەوێت بچێتە دەرەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێویستە سەرەتا داوای مۆڵەت لە برا یان باوک یان مێردەکەی بکات، حیسابی پیاوەکە بکات. لە ڕاستیدا، ژنان لە ماڵەوە برسین بەڵام کێشە ئەوەیە کە ژن ناتوانێت بە دڵی خۆی بخوات، چونکە دەبێت ئەویش بپرسێ!

بۆ پیاو، دڵی ژن؛ وجودی ژن گرنگ نییە و ئەقڵی ژن کەمە ، پێویستە ژنان ھەموو شتێک لە پیاوان بپرسن چونکە خۆیان نازانن ئەو پیاوە باوکە، برایە، مێردە گرنگ نیە، دەبێت ژنان ھەمیشە بپرسن! بێگومان ئەو پیاوەی لێرەدا باسی دەکەین پێویستی بەوە نییە کە دڵ و جەوھەر و ڕۆحی ژنی ھەبێت، بەڵکو جەستەی ژن بەسە! ئەوەندە بەسە ژن منداڵی ھەبێت ، خزمەتی بکات! کاتێک ژنێک دەنگی خۆی بەرامبەر ئەمە بەرز دەکاتەوە، ڕاستەوخۆ پیاوەکە دەڵێت سکت تێرە من بۆتۆ کاردەکەم دەگەڕێم منم ئەو پارەیەی تۆ دەتەوێت پێتی دەبەخشم، ئەم وتنانەش قسەی خاوەن کۆیلەکانە! ئەمەش دەریدەخات کە ژنان لە راستیی کۆیلایەتیدا زۆر شتی وەک ماڵ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل، ماکیاژ و شتی تریان ھەیە، بەڵام دەبێت ئەمڕۆ وەڵامێک ھەبێت بۆ ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر ژن ئەم شتانەی ھەبێت و دەبێتە خاوەنیان؟ ئایا ئەوکات مۆڵەتی پیاوی دەوێت یان نایەوێت؟ ئەگەر بیەوێت دەبێت بزانێت کۆیلەش ھەمان شتی لە خاوەنەکەی دەوێت!

بێگومان، ئەم دۆخە تراژیدییە ھەزاران ساڵە بەم شێوەیەیە بەڵام ھێشتا ژنان ئەوەندە ڕێکخراو نین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە لە بنەڕەتەوە چارەسەربکەن و بیگۆڕن، بەڵکو بەردەوامی پێدەدەن. دەبێت ئێمەی ژنان باش ئەوە بزانین کە ھیچ پیاوێک کۆیلەکەی ئازاد ناکات! ھەربۆیە ڕێگەی ئازادبوون دژوارە و خەبات و ماندوو نەبون و قوربانی دەوێت، دەبێت بە ھەموو شێوەیەک ھەموو رێگایەکی سەخت بگرینە بەر لە پێناو ئازادبوونماندا، بێگومان ئازادی تەنھا ژنێکیش واتایەکی ئەوتۆی نابێت، ئەگەر ژنان ھێزی خۆیان یەک نەخەن ناگەن بەھیچ بەڵکو بڕیاری ئازادبوونی ھەموان و تێکۆشانی پێکەوەیی چاوەروانی بەرھەمی لێدەکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە