کێ بەهێز دەرکەوت ترەمپ یان بایدن؟

23/10/2020

هیوا سەید سەلیم

لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەریەک لە (تڕەمپ و بایدن)  دووەمین دیبەیتیان ڕاستەوخۆ لە ویلایەتی تینسی ئەنجامدا، ئەم دیبەیتە دوای هەلوەشاندنەوەی دیبەتی دووەم هات کە بڕیاربوو لە ١٥ مانگ ئەنجام بدرێت،  بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی ترەمپ بە پەتای کۆرۆنا هەڵوەشایەوە، بۆیە هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی تەنیا دوو جار رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و جارێکیش هەردوو کاندیدی جێگری سەرۆک دیبەیتیان ئەنجامدا.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت،  ئەم جۆرە دیبەیتانە کاریگەری خۆیان لەسەر دەنگدەری ئەمەریکی دەبێت، بە تایبەت لەسەر ئەو ویلایەتانەی کە دەنگیان بۆ هەریەک لە دیموکراتەکان یان کۆماریەکان یەکلا نەبۆتەوە.
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، لە هەڵبژاردنی هیچ ولاتێک ناچێت، ئەو سیستەمە لەگەڵ نووسینەوەی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاتووە و چەند جارێکیش هەموارکراوەتەوە.
دەنگدەری ئەمەریکی لە پەنجا ویلایەت نوێنەرانی خۆیان بۆ کۆمەڵەی هەڵبژاردن هەڵدەبژێرن،  کە ژمارەیان ٥٣٨ کەس دەبێت، پاشان ئەوان بە دەوری خۆیان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەدەن.
شایانی باسە بەشی زۆربەی ویلایەتەکان لە پێش رۆژی دەنگدان لەسەر یەکێک لە پارتەکان یەکلابوونەتەوە، واتا دیارە دەنگیان بۆ کامە کاندید دەبێت، لە نێو پەنجا ویلایەی نۆ ویلایەتیان شەڕە گەوەرەکەی لەسەر دەکرێت، چونکە ئەو نۆ ویلایەتە دەنگیان یەکلایی نەبۆتەوە.
تەورەوە سەرەکیەکانی دیبەیتی ڕاستەوخۆی (ترمپ و بایدن) کە لە رۆژی ٢٣ مانگ ئەنجامدرا،  بە قسەکردن لەسەر ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ دەستی پێکرد، بایدن ووتی :
( کەسێک کە بەرپرس بێت لە مردنی ئەو ژمارەیە زۆرە نابێت وەک سەرۆکی ئەمەریکا بمێنێتەوە)، هەروەها بایدن پێشبینی کرد ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا رووبەڕووی  زستانێکی ڕەش ببێتەوە، کە تا ئێستا لە ئەمەریکا ٢٢٢ هەزار کەس لە ئەمەریکا بوونەتە قوربانی.
دۆنالد ترەمپ وەڵامی بایدن ی دایەوە و ووتی:
ئێمە بە تووندی ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە بووینەتەوە،  و لەو چەند هەفتەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخەینە بازاڕ، بەڵام ئەوە بایدنە دەیەوێت ئێمە جارێکی دیکە وڵات دابخەینەوە.
ترەمپ، بۆ خۆدینەوە لە بابەتی کۆرۆنا هێرشی تووندی کردە سەر بایدن و داوای لێکرد روونکردنەوە بدات لەسەر گەندەڵیەکانی کوڕەکەی ( هنتر بایدن) تایبەت بە کارەکانی کە لە چین و ئۆکرانیا ئەنجامی داوە .
بایدن ئەو تۆمەتەی ترەمپ ی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت:
 ( یەک بنسم لە لایەنی دەرەکی وەرنەگرتووە)، بایدن وەڵامی دایەوە ووتی:
(هەوڵ مەدەە خۆت وەک منداڵێکی بێ گوناح نیشان بدەی)
پاشان بایدن ئیدانەی پەیوەندیەکانی ترمپ ی کرد لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن، بایدن ئەو هەڵوێستەی ترەمپ ی بە شەرعیەت دان بە کۆریای باکوور ناوبرد، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتەی بایدن رکەبەرەکی تڕەمپ دەڵێت:
(لە ماوەی دەسەڵاتی خۆم سێ جار چاوم کەوتووە بە کیم جۆنگ ئۆن ئەویش بە مەبەستی دوورخستنەوەی جیهان لە جەنگی ئەتۆمی) 
 بایدن وەڵامی دایەوە و ووتی:
( ئەو قسەیەی تۆ دەیکەی وەک ئەوە وایە ئەمەریکا پەیوەندی باشی لەگەڵ هیتلەر هەبووبێت بەر لە هیرشکردنی بۆ سەر ئەورپا)
پرسی کۆچبەران لایەنێکی دیکەی دیبەیتی ڕاستوخۆی هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی بوو، کە تیایدا بایدن رەخنەی لە ترەمپ گرت بەوەی زۆر زاڵمانە رووبەڕووی کۆچبەران بۆتەوە.
لە تەوەرەیەکی دیکەدا سەبارەت بە پرسی ووزە بایدن ووتی:
 ( ئەگەڕ متمانەم پێدرا هەنگاو بە هەنگاو ولات بەرەوە پیشەسازی نەوتی دەبەین) 
ترەمپ بە گاڵتەجاڕی وەڵامی دایەوە و ووتی:
( ئەی لەو لێدوانە سەیرە) ، هەورەها ترەمپ  رووی لە دەنگدەرانی وێلاتەکانی (تکساس و ئۆهایۆ و بنسلفانیا) کە سێ ویلایەتی گرنگن بۆ یەکلکردنەوەی ئەنجامەکانی هەلبژاردن ووتی:
( ئەرێ ئەو قسەیەتان بە بیرماوە)
ژینگە و گۆڕانکاری سەر کەش و هەوا دوایین تەوەرەی دیبێتەکە بوو، شایانی باسە چاودێران پێان وایە دوایین رووبەڕوبوونەوەی بە بەراورد بە دیبەتی یەکەم بە هێمنانەتر بەڕێوەچوو، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسی پێشکەشکەر بڕیاری دابوو لە کاتی پێبڕینی قسەکان لەلایەن هەریەکیانەوە ئەوا ئەو مایک دابخات، ئەو بڕیارەش کاتێک هات کە دۆنالد ترەمپ لە دیبەتی یەکەم ٧٤ جار قسەی بە رکابەرەکەی جۆ بایدن بڕی.
پێویستە بگوترێت زۆری نەماوە دوای هەفتەیەکی دیکە ئەمەریکیەکان پرسی هەڵبژاردنی  سەرۆک بۆ ئەمەریکا یەکلای دەکەنەوە کە ئایا دۆنالد ترەمپ یان جۆ بایدن دەبێتە  ٤٦ مین  سەرۆکی ئەمەریکا؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی