گوتاری میدیایی و قوربانییەكانی خراپ بەكارهێنانی

27/10/2020

د.شوان ئادەم

رووماڵی میدیایی بڕیارەكەی هەفتەی پێشووی بانكی رەشید بۆ خەرجكردنی 10ملیۆن دیناری عێراقی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی دەیانەوێت ژنی دووەم بهێنن؛ ئەدگاری سێكسیی گوتاری گشتێنراوی میدیا-ی لەهەرێمی كوردستان و پارێزگا هاوسێكانیيدا، باشتر دەرخست!؟

گوتاری میدیایی (media discourse)؛ چەمكێكی ئەكادیمیی نێو زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانە. پرۆسەیەكی بەردەوام و ئاوێزانكراوی نێو پەیوەندییەكانە و ئەو پێوەرانە دەگرێتەخۆ كە لەلایەن میدیاوە و بەشێوەیەكی ئاشكرا لەسەر پرسێكی ديارییكراو گفتوگۆ كراوە يان لەچێوە (framed) دراوە. واتە پاكێجێكی بەردەوامی كارلێككردنی نێوان مرۆڤەكانە كە پشت بە گوتاری هەنوكەیی دەبەستێت و پێویستە تێگەیشتن لە پێنج دیدگای پێكەوەبەستراوی بازنەی كولتوريى هەبێت، تاوەكو بەشێوەیەكی راست توانای راڤەكردنی واقعی میدیایەك و هەڵسەنگاندنی واقعێكی دڵخوازى هەبێت، لەوانە (Phelan, 2016):
یەكەم: نوێنەرایەتییكردن یاخود خۆنیشاندانەوە؛ فۆرمێكە بۆ وەرگرتنی بابەتێك كە مانا شیكراوەكانی دەخرێنە ناو.
دووەم: ناسنامە؛ ناسنامەی نێرەر-ەكە و ناوبانگى پێگەكەی و شێوازی بەرهەمهێنانی.

سێیەم: بەرهەمهێنان؛ پرۆسەی بەرهەمهێنانی زانیارییەكانی میدیاكە دەگرێتەخۆ. ئەوەش دەكەوێتە ژێر كاریگەریی بارودۆخە دیارییكراوەكان و فەراهەمكردنی تەكنۆلۆژیی و دۆخی دارایی بەرهەمهێنەرەكەوە.
چوارەم: بەكارهێنان؛ كاریگەرییەكان (نەرێنی) و بەكارهێنان و تێربوون (چالاك). بۆنموونە؛ چۆن وەرگر مامەڵە لەگەڵ زانیارییەكاندا دەكات. خەڵك بەپێی نموونە كولتورییە تایبەتییەكانی و سیستمی بەهاكانی؛ لە دەقەكان تێدەگات.

پێنجەم: رێكخستن؛ هەر جۆرە چاودێرییكردنێكی هاوشێوەی سیساسەتەكان، یاساكان و رێساكان دەگرێتەخۆ كە كۆنترۆڵی زانیارییەكان دەكات و ئەو هەستە دەبەخشێت كە چ شتێك لەچوارچێوەی كولتورێكی دیارییكراودا پەسەنددەكرێت یاخود ناكرێت. بۆ نموونە؛ یاسای ناوزڕاندنی 2009 و پۆلێنبەندییەكانی فلم بەپێی تەمەنی لەدامەزراوەی ریكلامى ئێرلەندا.
لەرێی رووماڵكردنی سیاسەت و سیاسەتی گشتیی و كاریگەرییەكان و نوێنەرایەتییكردنی سێكسییەوە خاڵی بەیەكگەیشتنی نێوان میدیا وچالاكیی سێكسیی و ناسنامە؛بووەتە هۆی بەرهەمهێنانێكی دەوڵەمەندى وتووێژی ئەكادیمی. لەدەرئەنجامدا، زانایان كاتێك پرسیاریان لەبارەی چۆنیەتی راگەیاندنی چالاكیی سێكسیی و ناسنامە لەلایەن میدیاوە كردووە؛ ژمارەیەك تێڕوانینی تیۆریی و میتۆدییان بەكارهێناوە (Meyer,2013). لەو رووەوە؛ تێبینیی ئەوە كراوە كە میدیا دەتوانێت ببێتە سەكۆیەكی گشتیی سەرەتایی بۆ رێكخستنی چالاكییە سێكسییەكان لەهەموو ژانرە خەیاڵیی و واقیعییەكان و چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی هاوشێوەی ئاكاری سێكسیی لەپانتایی گشتیی و تایبەتیيدا. هاوكات دەبێتە هۆى گۆڕینی شێوازەكانی ژیانی خێزانیی و سنوردارییەكانی نوێنەرایەتییكردنی چالاكی سێكسیی لەبازاڕی میدیايی ناڕێكخراودا (Arthurs, 2004).

بەسەرنجدان لەو تێڕوانینانە و دیدگاكانی نوێنەرایەتییكردن، ناسنامە، بەرهەمهێنان، بەكارهێنان و رێكخستنی میدیایی لەهەرێمی كوردستانى عێراقدا؛ پشكی شێری میدیای كوردیی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك خاوەن گوتارێكی بەرهەمهاتووی ساتەوەختی پەخش و بڵاوكردنەوەی «هەواڵی بەپەلە»و «رووماڵی راستەوخۆ»ی رووداوەكان دەبينرێن و بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ چالاكییە سێكسییەكان و پرسى ناسنامەی تاك و كۆی كۆمەڵگەدا نەكراوە. گوتارێك بەرهەمهاتووە كە هێندەی خەریك و خەمخۆرى خوار ناوك-ی مرۆڤەكان و وروژاندنی بووە؛ نیوهێندە كار لەسەر بەشی سەرەوەی ناوك و پێداویستییەكانی نەكردووە. ئەو گوتارە تێكەڵەيەكە لە چڵێسی سێكسیی و قۆستنەوەی ئایینیی و هەژموونی سیاسی؛ بۆ لەبیربردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیانێكی سادە. ژیانێك كە لەسایەییدا هاوچەرخترین ڤێرژنی ئامێرە تەكنیكییەكانی بۆ هاوردە دەكرێت، بەڵام بەدوور لەلۆژیكی بەكارهێنانیان برەویان پێدەدرێت. برەودانێكی بێبەرنامە كە وایكردووە رۆژ بەرۆژ ژمارەی قوربانییەكانی خراپ بەكارهێنانی میدیا و گوتارەكانی بەرزتر ببنەوە!

گوتاری میدیایی؛ كاتێك دەبێتە سەرەكییترين ئامانجی پەخشكراوی میدیا و لەوەدا كورت دەكرێتەوە كە پێنج دۆلار بدرێتە كوڕێكی هەرزەكار تا لایەك لەسمێڵی بتاشێت یان دە دۆلار بدرێتە كچێكی گەنج و راستەوخۆ تەلەفون بۆ دایكی بكات تا كاردانەوەی بزانێت؛ كاتێك پێیدەڵێت دووگیانە يان خاوەن پێدوایستییەكی تایبەت؛ بهێنرێتە سەر شاشە و هان بدرێت بۆ شكاندنی مێزە شووشەكەی بەردەمی يان وەرگران بەوەوە سەرقاڵ بكرێن كە كام یەك لە «شایەر و مۆدێل و مەیكئەپ ئاڕتیست» بەنیازی شووكردنن و كامیان بەنیازی جیابوونەوە و كامەی دیكەیان زۆرترین رەفزی داوە يان كاميان بە كام جۆری قاوە؛ سكی دەچێت و كاميان لە «پڕ بینەرترین» شاشەدا باس لەسیحری جلی ژێرەوەى بكات؛ ئیتر هیچ گومانێك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە لەگوتاری میدیایی یەك ئامانجی هەیە. ئەویش گەوجاندنی وەرگر و لە بیربردنەوەی پرسە گەرمەكانی رۆژ و برەودان بەنزمترین ئاستی كولتوری بەكاربردنى؛ خواردن و خەو و خۆشەویستیی و وروژاندنی سێكس و سیاسەت و ئایین!

دواجار خراپ بەكارهێنانی گوتاری میدیایی بەر لە بەكارهێنەرانی؛ بەرهەمهێنەرانی دەكاتە قوربانی. هاوشێوەی ئەو منداڵەی بەپارەی خۆی میزەڵدانێك دەكڕێت و پاش فووتێكردنی؛ لەوێنە گەورەكراوەكانی سەر میزەڵدانەكەى دەتۆقێت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی