سلێمانی شاری قۆناغە سەختەكانە؟

14/11/2020

مەلا بەختیار

مەلا بەختیار

یادی (236) ساڵەی دامەزراندنی سلێمانیە. ئەو شارەی لە كەمترین مێژووی خۆیدا، زۆرترین روداوی لە سەرانسەری كوردستاندا خوڵقاند. ئەو شارەی؛ بەهەق، نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی كردە نەخشی مێژووی شارەكە و خەڵكەكەی. لە قسەی رۆمانسی خۆم دور دەگرم و دەڵێم: ئەوەی قۆناغی سەختی خەباتی نەدیبێ‌، نازانێ‌ سلێمانی چ شارێكە؟

ـ یەكەمین شار و یەكەمین جار بریتانیا بۆردومانی كرد، شاری سلێمانی بوو.. بۆ؟
ـ یەكەمین حوكمڕانی و پایتەختی كوردستان، لە سلێمانی دامەزران.. بۆ؟
ـ یەكەمین راپەڕینی ناو شارەكان و كوردستان (30/ی رەشی ئەیلولی 1930) سلێمانی بەرپای كرد، بۆ؟
ـ حزبی هیوا ناوەندی چالاكیەكانی سلێمانی بوو.. بۆ؟
ـ یەكەمین چاپخانەی باشوری كوردستان لە سلێمانی دامەزرا.. بۆ؟
ـ یەكەمین كورتە چیرۆك لە سلێمانی نوسرا.. بۆ؟
ـ یەكەمین رەخنەی ئەدەبی كوردی لە سلێمانی نوسرا.. بۆ؟
ـ یەكەمین قوربانیەكانی قەڵەم لەم شارەدا بون.. بۆ؟
ـ لقی (ژ.ك) ی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە سلێمانی یەكەم جار كرایەوە.. بۆ؟
ـ یەكەمین جار برایم ئەحمەد ئەركی دامەزراندنی پارتی 1946 پێ‌ سپێردرا.. بۆ؟
ـ گرنگترین گۆڤاری كوردستان كە زۆرترین ژمارەی لێدەرچوو (گەلاوێژ) داینەمۆكەی برایم ئەحمەد بووە لە سلێمانی.. بۆ؟
ـ یەكەمین حاكم كە دەستی لە حاكمێتی بۆ گۆڤار هەڵگرت برایم ئەحمەدی سلێمانی بوو.. بۆ؟
ـ یەكەمین شانۆگەری، لە سلێمانی پێشكەش كرا.. بۆ؟
ـ یەكەمین ژن، لە سلێمانی چووە بەر خوێندن (فاتمە خان) بۆ؟
ـ دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رەنجدەران، زۆربەیان خەڵكی سلێمانی بوون.. بۆ؟
ـ شەهیدانی رابەری كۆمەڵە، شیهابی شێخ نوری و ئارام خەڵكی سلێمانی بوون.. بۆ؟
ـ گروپە چەپەكانی هەشتاكان بە دواوە، زۆربەیان لە سلێمانی دامەزران.. بۆ؟
ـ لە شۆڕشی نوێ‌ دا، یەكەمین و زۆرترین پیاوی رژێم لە سلێمانی دا سزای شۆڕشگێڕانە دران، بەلێدانی پارێزگاری سلێمانیەوە (1976) بۆ؟
ـ هەر لە شۆڕشی نوێ‌ دا، بەشی زۆری چالاكیەكانی لە دەورووبەری سلێمانی دا ئەنجامدران.. بۆ؟
ـ سەدام بە شاری سلێمانی ووت: شارێكی قورسە.. بۆ؟
ـ لە دوای راپەڕینیشەوە، یەكەمین رۆژنامە و گۆڤاری ئەهلی (هاوڵاتی – لڤین) هەروا یەكەم گۆڤاری فەلسەفیی (ئازادی – رەهەند) لە سلێمانی دەرچێندران.. بۆ؟
ـ لەدوای راپەڕینەوە، سلێمانی ناوەندی سیاسی و روناكبیری و ململانێی یەكێتی بووە.. بۆ؟
ـ سلێمانی دەستی كرد بە ئاوەدانی فراوان.. بۆ؟ بەڵام ساڵەهایە..
ـ سلێمانی، لە ئاوەدانی دواكەوتووە.. بۆ؟
ـ سلێمانی، ناوەندی باڵادەستی یەكێتی نەماوە.. بۆ؟
ـ سلێمانی، زۆرترین رەخنەی لەسەرە.. بۆ؟
لە قۆناغی ئاوەدانی دا.. لە زەمانی دوو ئیدارەییدا.. سلێمانی پێش خرا.. كەچی ئێستا، دواخراوە.. زۆرترین ناڕەزایی لەسەر دیاردە دزێوەكان.. هەر لە سلێمانیدا هەیە بۆ؟ زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سلێمانیدا سەریان هەڵداوە.. بۆ؟
سلێمانی.. سلێمانیە.. ئەوەی قۆناغە سەختەكانی لەسەدەی رابوردودا نەدیبێ‌، نازانێ‌ ئەم شارە، بەهەق، شاری هەڵمەت و قوربانییە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی