نەخشەڕێی ڕزگاریی نیشتمانیی

15/11/2020

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

ئەوەی لەبەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان ڕودەدات دەرەنجامی درێژەكێشانی هەڵسوكەوت‌و مامەڵەی بەشێك له‌كاربەدەستانی هەرێمی كوردستانە كە ئابوریی هەرێمی كوردستانیان بەتەواوی قۆرخكردوەو دەیانەوێ‌ لەپەنای هەندێ دروشمی قەومیی درێژە بەو سیاسەتە بدەن.

تەنها بەغدا گرفتی لەگەڵ بەشێك لەكاربەدەستانی هەرێم نییە سەبارەت بەدۆسییەی نەوت، بەڵكو خەڵكی كوردستانیش هەمان گرفتیان هەیە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە دەیان ڕێكەوتن‌و گرێبەستی جیاوازیان سەبارەت بەنەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان‌و تەنانەت وڵاتانی دەرودراوسێ‌ كردوە، تائێستا ئامادەنین ئاشكرای بكەن! گرێبەستێكی 50 ساڵی لەگەڵ تورك كراوە سەبارەت به‌هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوت‌و وردەكارییەكانی، ئەو گروپه‌ دەستڕۆیشتوەی هەرێم ئامادەنین نەك بۆ بەغدا، بەڵكو بۆ پەرلەمان‌و بگرە بۆ شەریكی حكومڕانیشیان ئاشكرای بكەن.

لەگەڵ ئیمزاكردنی ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت لەنێوان ئەو گروپه‌ دەستڕۆیشتوەی هەرێم‌و تورك لەكۆتایی 2013، بەغدا پارەی هەرێمی بڕی، بەردەوامبون لەسەر سیاسەتی چەوت‌و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو سیاسەتە لەپەنای دروشمی قەومیی‌و هەڕاجكردنی سامانی ژێر زەوی ئەم وڵاتە، خەڵكی كوردستانی ئەوەندەی دیكە ڕوبەڕوی برسێتی‌و قاتوقڕیی‌و نەبونی كردۆتەوە!

ئەگەر ئەوەی تائێستا ڕویداوە حزبێك یان بەشێك لەكاربەدەستانی كوردستان لێی بەرپرس بن، ئەوا بەرپرسێتی داهاتوو دەكەوێتە ئەستۆی هەموان، ئەوەی ڕویداوە ڕابردوە، پرسیاری ئێمە ئه‌مه‌یه‌، بزانین پلانی لایەنە سیاسیەكان بۆ چارەسەری ئەم دۆخە چییە؟

باشترین چارەسەر، بەرلەوەی قسە لەسەر ڕوداوەكانی ناو پەرلەمانی بەغدا بكرێت، پێویستە بگەڕێینەوە ناوخۆی هەرێم‌و چیتر چارەسەری گرفتەكان دوانەخرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەدەرەوەی پەرلەمان كۆببنەوەو هەڵوێستی سیاسی خۆیان سەبارەت بەدۆخی حكومڕانی كوردستان دەرببڕن، نەخشەڕێیەك بەناوی نەخشەڕێگه‌ی ڕزگاریی نیشتیمانی ڕابگەینن كە بنەماكەی بریتی بێت لەیەكلاییكردنەوەو ئاشكراكردنی تەواوی گرێبەستەكانی نەوت‌و چاكسازیی لەسێكتەرو جومگەكانی حكومڕانیی هەرێم‌و خۆ ئامادەكردن بێت بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دور لەساختەكاریی.

هەروەك نەخشەڕێیەكە ڕێبدات بەپێكهێنانی وەفدێك لەحزبە سەرەكییەكان بەناوی خەڵكی كوردستان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی دروست لەگەڵ بەغداو ڕەنگڕێژكردنی پەیوەندی ئابوریی‌و سیاسی نێوان هەردولا لەسەربنەمای دەستور.

بۆیە كۆبونەوە لەدەرەوەی پەرلەمان بكرێت، چونكە ئەم پەرلەمانەی ئێستا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵك ناكات! بەرەنجامی هەڵبژاردنێكی پڕ كەموكوڕیی لەدایكبوە، زۆرینەیەكی پەرلەمانی لێ‌ دروستكراوە توانای بڕیاردانی پەكخستوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئەو كۆبونەوەیە بكەنە بەدیلی كۆبونەوەی پەرلەمان‌و بڕیاری چارەنوسساز لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو داهاتوی حكومڕانی كوردستان بدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی