جوگرافیا لەگەڵ سوننە هەڵبژێرین، یان مێژوو لەگەڵ شیعە؟

16/11/2020

هەژار سدیق

 

دوور لەنەفەسی کوێرانەی حیزبی ئەگەر بەوردی سەرنج، بدەینە ململانێ و رووداوە سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی عێراق، کەپارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری تێکچوونەکەی بووە. ئەبێ لەوە تێبگەین لەدوای رووداوەکانی 16ئۆکتۆبەری 2017 پرسیاری جیاواز هاتوونەتە پێشەوە و ئەم بابەتەش، پێویستی بەدەستکەوتنی وەڵامی خێراو پرسیاری وا هەیە، کەلەیەککاتدا هەم گرنگ و هەمیش چارەنووسسازن. سەرکردایەتی کورد، بەلەبەرچاوگرتنی جوگرافیا، پێویست بوو، جگە لەتەکنیکی سیاسەت ، سەعی باشی بکردبایە لەوانەکانی مێژوو و جوگرافیای ‌عێراق و هەروا پیلانە ئیقلیمیەکانیشی بەڕێکوپێکی هاوێر کردبایەوە. ئێستاش درەنگ نیە، پێکەوە دەتوانین لۆژیکیانەو عاقڵانە پیلانەکان هەڵبوەشێنینەوە، ئەوکات چارەسەرەکانیش ئاسانتر دەبن، بێگومان خەڵکی کوردستان و سیستمە حوکمڕانیەکەی لەدۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە، کەتەنیا پارتی و هەرسێ تیمەکەی ناو حکومەتی هەرێم هەستی پێناکەن ، بۆیە ناکرێ، هەنگاوە عەقڵانیەکانیەکان و داوای دڵسۆزان، لەوە زیاتر پاشەکەوت بکرێت.

کێشەی ئێمە لەسەد ساڵی ڕابردوودا، بەحوکمی هەڵکەوتەی سنور لەگەڵ سوننەی عەرەب، جوگرافیایە، بەڵام بەمێژووێکی خوێناوی، ئاکامەکەشی ئەنفالی فەیلی و بارزانیەکان و گەرمیان و کۆیەو کیمیابارانی هەڵەبجەو بالیسان و تەعریبکردنی کوردستان و هەزاران تاوانی دیکەی لەخۆگرتووە. بەپێچەوانەشەوە وەك کورد لەگەڵ شیعەی عێراقدا، مێژوومان هەیە، ئەگەرچی لەرووی جوگرافیەوە تەنیا لەبەدرەو جەساندا هاوبەش و هاوسنوورین، بەڵام بەدڵنیاییەوە مێژووێکی پڕ شکۆی هاوبەشمان هەیە، لە رەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەتدا.

کوردو شیعە، هەر لەسەردەمی پاشایەتی و دیکتاتۆریەتی قەومی و بەعسیەکان و پاشانیش دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)ەوە پێکەوە، ڕوبارێك خوێنیان ڕشتووە، لەپێناو کۆتاییهێنان بەحوکمی داپڵۆسێنەری نزیکەی سەدساڵەی سوننەو پاشانیش تیرۆری ڕێکخراوە ئیسلامیەکان ، کەهێزی چەکداری سوننەبوون. هەڵبەتە نابێت ئەو راستییە لەبەرچاو نەگیرێت کە کوردو شیعە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، هیچ بەریەککەوتنێکی چەکداری لەنێوانیاندا ڕووینەداوە، بەڵکو مێژووە هاوبەشەکەیان تێکۆشان بووە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراتی بۆ هەموو گەلانی عیراق. بەڵام پیلانەکانی وڵاتانی هەرێمایەتی، بەتایبەتیش، تورکیا سەرکەوتوو بوون لەوەی ئەو مێژووە هاوبەشەی نێوان کوردو شیعە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی ببەن، ئەگەرچی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە مەبەستیان بووە، ئەوان مەبەستیان بوو، ڕووبارێکی خوێن لەنێوان هەردوو پێکهاتەکەدا هەڵبەستن.

ئەوەشی لە16 ئۆکتۆبەر ڕوویدا، کە ئەمریکیەکان، ئەوکات گوتیان ئەمە هێرش و داگیرکردن نیە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی هێزەچەکدارەکانە و هێزە عیراقیەکانیش ناویان لێ نابوو، چەسپاندنی قانون، بۆیە دڵنیام مێژووە هاوبەشەکەی نێوان کوردو شیعە، ئەوەندە قووڵە و ڕەگی وا داکوتاوە هیچ هێزێك ناتوانێ بیگوازێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی شەڕو خوێن ڕشتن. پوختەی مەبەستەکەم لەوەدا کورتدەکەمەوە ئاخۆ بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و هەڵگیرسانی جەنگ و کوشتار لەنێوان کورد و شیعەدا کێ قازانج دەکا ؟ لەململانێی نەوت و ئابوری سەربەخۆدا، کوا دەستکەوتەکانی کورد ؟ پارتی دیموکراتی کوردستان لەململانیەکانی لەگەڵ بەغدا، چی دەستدەکەوتووە؟ لەشەڕکردنیشدا، لەسەر پۆستەکانی بەغدا، چی بۆخۆی و بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستهێناوە ؟ لەڕادەست نەکردنی نەوتی کوردستان بە کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ، چ هەنگاوێکی دۆستانەی لەتورکیا بەدیکردووە بەرامبەر بەنەتەوەی کورد ؟ لەخەبات و شەڕی پەرلەمانیشدا، لەبەغدا، جگە لەشیعەو سوننە، تەنانەت نوێنەرەکانی شەبەك و تورکمانیش دژی کورد دەنگ دەدەن.

هەموو هۆکارەکەش ئەوەیە، حکومەتی هەرێم لەدوای قوماری ئابوری سەربەخۆوە، نایەوێ کەس سەر بەخەزێنەو حسابەتەکانیدا بکات، بەڵام هەرکاتێكیش، ئەم گروپەی دەسەڵات ڕێگە ڕاست و شەفافەکەی حوکمڕانی دۆزیەو، هیچ هێزێك ناتوانێ مافەکانی کورد زەوت بکات، چونکە دۆست و پشتیوانی زۆر بەهێزی هەیە. . هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی