فۆبیای لێدان لە ئێران

20/11/2020

كاروان فارس

دوای شكستەكەی سەرۆك ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكای ٢٠٢٠ دا میدیا ناوخۆی و دەرەكی یەكان فۆكسیان لەسەر تویت و وتارو قسەكانی ترەمپ زیاتر چڕكردۆتەوە.هەروەها ئەو سەرۆكە دۆراوەش زۆرترین لێدوان و وتەی دژبەیەك و ناروونی داوە لەو ماوەیەدا.رەنگە بۆ  میدیای كوردیش زیاتر تەركیزیان لەسەر قسەكانی ترەمپ كردۆتەوە دەربارەی لێدان لە ئێران.بەشێكی زۆری میدیای كوردی بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەردۆغانەوە نزیكن بەمانشێت و هەواڵە گەرماوگەرم و بەپەلەكانیان زیاتر ئەو مەسەلەیان دەرخواردی بیسەرو بینەری كورد دابێت بەناونیشانی زل و سەرەنج راكێشەوە كە ترەمپ لە دواساتەكانیش بێت گورزی سەربازی لە ئێران دەدات!!؟؟

ئەو جۆرە هەواڵانە كاریگەریان لەسەر زۆر بواردا هەیە بەتایبەتی بواری ئابوری.لەهەمان كاتدا هەواڵی بەپەلەیان هەیە كە دەڵێت ترەمپ هێزەكانی لە عێراق دەكشێنێتەوە!!!؟؟

ئەو هەواڵە بێ بنەماو بەدەرە لە ئەخلاقی راگەیاندن و میدیا و دوورە لەراستی یەوە  دووفاقی تێدا بەدی دەكەی.

بۆیە لێرەدا باسی ئەوە دەكەم كە لێدان لە رژیمی پەت و سێدارەی ئێران یان هەر وڵاتێكی تر لەلایان ئەمریكاوە كارێكی ئەستەمە و ئەوەندە ئاسان نی یە،بەحەشوای لە وڵاتێك بدەی.چونكە ترەمپ دوومانگی تر كۆشكی سپی جێدەهێلێت و چارەنوسی خۆشی نادیارەو ناتوانێ ئەو كارە بكات.

١-لێدان لە ئێران رێكارو یاساو كۆدەنگی و دەنگدانی كۆنگرێسی دەوێت.هەرچەندە سەرۆك دەسەڵاتی یەكجار زۆری هەیە لە هەندێك مەسەلەدا دەبێ ببێتە یاساو بە فلتەری كۆنگریسدا تێپەرێت .لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك دەتوانێ جاری جەنگ لێبدات و هێرشبكاتە سەر وڵاتێكی تر ئەگەر مەترسی بێت بۆسەر ئاسایش و گەلی ئەمریكا واتا لە حالەتی ئیمرجینسیدا دەتوانێ ئەمر بكات بۆ شەركردن بێ گەرانەوە بۆ كۆنگرێس،بەڵام كاتەكەی دیاری كراوە كە زیاتر نەبێت لە مانگێك.هەروەكو بینیمان سەرۆك جۆرج بوشی كور بێ گەرانەوە بۆ كۆنگریس لە ٢٠٠٣ دا فەرمانی كرد بۆ لێدان لە عێراق و دواتر كۆنگریس خستیە دەنگدانەوە.

٢-لێدان لە هەر وڵاتێك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەوێت.ئەمریكا لە ئێستادا بێ هاوپەیمانی یە بەهۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوە ئەمریكا ناتوانێ لە هێچ وڵاتێك بدات هەرچەندە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و تەكنەلۆژیای سەربازیشە.بێ هاوپەیمانی نێودەولەتی كارێكی ئەوەندە ئاسان نی یە.بەتایبەتی لە سەردەمی حكومرانی ترەمپ سیاسەتی خاریجی ئەو وڵاتە بەتەواوی لە شكست دایەو بێ هاوپەیمان ماوەتەوە.هەروەها بەهۆی سیاسەتە نارونەكانی ترەمپەوە ئەمریكا لە دونیای دەرەوە تەواو بێ هێزو بێ دەسەڵات و ناشیرن و دووفاقیەت لە بریاردان دەرخستووە.بینیمان بەهاتنی ترەمپ ئەمریكا هاوپەیمانە سەرەكیەكانی لەدەست داوە بگرە زۆرینەشیان تەواو دژە ترەمپن لە چارەسەركردن و بنبڕكردنی كێشەكانی وڵاتانی تر.دۆناڵد ترەمپ دوای بوون بە سەرۆكی ئەمریكا لە ٢٠١٦دا زۆرترین لێدوان و هەرەشەی لە ئێران كردوە.تەنانەت لە ساڵانی ٢٠١٨و٢٠١٩ هەرەشەكانی جدی تر كردەوە و سنورەكانی ئێرانی بەسەربازو هێزی ئەمریكی زیاتر گەمارۆ دابوو.نەیتوانی لە ئێران بدات،چونكە هاوپەیمانەكانی هەماهەنگ و پشتگیری نەبوون هەرچەندە هەوڵەكانی خۆشی خستەگەر،بەڵام هێچ لە هاوپەیمانە ئەوروپی و كەنەدیەكەشی بەدەم ئەو هەوڵەی ترەمپەوە نەچوون. بەتایبەتی هاوپەیمانەبەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسی و نەرویج یەكان پشتگیریان نەكردو بێ لایەن وەستان لەو نێوانەدا.هەروەها هاوپەیمانە هاوسنورەیەكەشی لەدەست دا كە كەنەدا بوو.هەتا ئێستا ساردیەكیان هەیە لە نێوانیان دا و ترەمپ جارجارەش لێدوانی توند دەدات و تەواو عیلاقاتیان پچراوە.بۆیە لێدان لە ئێران كارێكی وا ئاسان نیە یە لەئێستادا و ترەمپ خەریكی خۆ پێچانەوەی سەرۆكایەتی یەكەیەتی و جێهێشتنی كۆشكی سپی یە.پێم وایە ئەگەر ترەمپ بۆ خولی دووەمێش دەرچووبایەوە هەر نەیدەتوانی لەو كۆمارە دینی یە دیكتاتۆریەی ئیران بدات هەروەها ئیرانیەكانیش گەیشتبونە ئەو قەناعەتە كە ترەمپ ناتوانێ گورزی سەربازیان لێبدات و دركیان بە سیاسەتی خاریجی ترەمپ كردبوو كە رۆژ بەرۆژ لە شكستدایە و بێ هاوپەیمانە. 

هەروەها ترەمپ ئارەزووی دەكرد لەگەڵ ئیرانیەكان بچێتە سەرمێزی گفتوگۆوە،بەڵام حكومرانی كۆماری پەت وسێدارەی ئێران نەچوونە ژێر ئەو هەوڵەی ترەمپەوە.تاكە چانسی ترەمپ گەمارۆ خستنە سەر ئێران بوو ئەمەش كاریگەری خەراپی خستە سەر گەلی ئێران وهێچ گۆرانێكمان بە دی نەكرد لە سیاسەت و حكومرانی ئەو وڵاتە.زەرەمەندی یەكەم گەلەكەی بوو.

بۆیە ئەو هەواڵانەی میدیای كوردی كە دەرخواردی بینەروبیسەروخوێنەری كوردی دەكات،لەو رووەوە بێ بایەخن و دوورن لە راستی یەوە و درك نەكردنە بە یاساو رێكارو قانونی نێودەولەتی و ناوخۆیەكانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی