وڵاتەكەم خۆشدەوێ، شارەكەم خۆشتر دەوێ ، شەیدای جەلەوەم، جه‌له‌وه گه‌ڕه‌کێکی کۆنی خانه‌قینه‌و هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌شی کوردبون، به‌ڵام مۆزایكێكه لەكوردو عەره‌ب‌و توركمان‌و سونەو شیعەو كاكەیی، ئەمەش وایكردوە له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان خەڵكەكەی بەئاسانی بێ ناكۆكی تایفەگەری‌و نەژادگەری بەیەكەوە بژین.
جه‌له‌وه هه‌ڵکه‌وتێکی سه‌یری هه‌یه، کۆڵان‌و جاده‌کانی به‌قه‌د نه‌هامه‌تی‌و کوله‌مه‌رگی ژیانی مرۆڤه‌کانی ته‌سک‌و پێچاوپێچن، كۆڵانێكی سەرەكی گه‌ڕه‌که‌که قیرتاو بوو، به‌ڵام هێنده ته‌سک بوو بەزەحمەت سه‌یارە پێیدا ئەرۆیشت، سێ كۆڵانی تری هێنده ته‌سک بون سەیارەی هه‌ر پیا نەئەرۆیشت.
ئەم گەڕەکە ئەكەوێتە دەستی چەپی شارەکەو لەنێوان ڕوباری ئەڵوەن‌و جۆگە ئاوی عالیاوەیە، لەوبەری ئاوی ئەڵوەنەوە لەسەر ڕۆخی ئاوەكەوە بەڕیز بەیەكەوە، ماڵی قائیمقام‌و قوتابخانەی سەرەتایی كچانی خانەقین‌و قوتابخانەی ناوەندی كچان‌و سه‌رای خانەقین‌و مزگەوتی مەجیدبەگ‌و حەمامی عه‌بدوڵڵا به‌گ ئەكەونە بەرامبەری.
پشت‌و كەمەری بەباخ تەنرابوو ئەو باخانەی كە دیمەنێكی ڕازاوەیان پێبەخشیبوو دارەخورماكان سێبەری فێنك‌و سەعافه‌کانیش (لقی سەری دارەخورما) باوەشێنی قرچەی گەرمای هاوینن، (كوپری گەورە) كە پردێكی بەردینی كۆنەو لەسەردەمی سەفەویدا دروستكراوە، جەلەوە ئەبەستێتەوە بەبەشەكەی تری خانەقینەوە.
لەكۆتایی وەرزی زستاندا بەهۆی لافاوی ئەڵوەنەوە جاروبار ڕێگای سەرەكی دادەخراو لەوەرزی بەهاریشدا (قەداح)ی دار پرته‌قاڵەكانی دەوروبەری بۆن‌و بەرامی خۆشی بەسەردا دەباراند.
زۆربەی هەرەزۆری خانوه‌کانی ئه‌وگه‌ڕه‌که بەقوڕو دارەڕا دروستکرابون، زۆبەی خانوەكان چەند خێزانێكی تیا ئەژیا، ته‌نانه‌ت خانوی وا هەبوو حەوت خێزانی تێدابوه، به‌جۆرێک هەر خێزانێك ژورێكی بەكرێئەگرت پێی ئەوترا (نزڵ) خانوەکەش هه‌رچه‌ند خێزانی تیابوایه یەک حەوزو بەلوعەی ئاو‌و یەک ئاودەستی هەبوو (پێ ئەوترا عەدەب خانە)و زۆربەی خانوه‌کانیش ستارەی سەربانیان نەبوو، هاوینان هەموان لەسەربان ئەخەوتن‌و تا دره‌نگان خەریکی قسەو باسی ڕۆژانەی خۆیان بون، بەیانیانیش بەدەنگی بولبول‌و چریكەی مەل‌و هاژەی ئەڵوەن‌و نەرمە تیشكی خۆر خەبەریان ئەبوەوە.
بەهۆی نزیکی باخەكانەوە خەڵكی ئه‌م گه‌ڕه‌که تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بوو، فێری ڕاوی باڵنده‌و دانانی تەڵە بۆ بەرازو كوشتنی مار بوبون، هەروەها نزیكی ئەڵوەن وایكردبوو زۆربەی خەڵکەكە مەلەوان‌و فێری ڕاوەماسی بن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکەكە بەهێزبوو به‌جۆرێک هه‌موان لەخۆشی‌و ناخۆشێ یه‌کتری به‌شداربون.
لەهاویندا ژنان بەهەرەوەرزی خەریكی دروستکردنی دۆشاوی تەماتەی ئاوداری عالیاوە بون‌و لەكۆتایی پایزیشدا هه‌موان بەژن‌و پیاوو منداڵەوە بەهەرەوەزی بەشداری (سەرام) بڕینی خۆشە خورما ئەكردو لەدواییا ژنان خەریكی دۆشاوی خورما ئەبون، هەندێ لەخێزانەكانیش (تەوش)ی میوه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی ژێر درخته‌کانیان بەرئەكەوت.
ئەم گەڕەکە خاوەنی هەندێ کەسایەتی تایبەتبوو هەریەکەو لەبواریكدا دیار‌و به‌رچاوبون، به‌ڵام داخەکەم بۆ عه‌زیز نەسینێك بۆ ئەوەی هەریه‌که‌یان بكاتە کاراکته‌رو پاڵەوانی چیرۆک‌و ڕۆمانه‌کانی، یەکێک لەکاراکته‌ره‌کانی چیرۆکی ڕاسته‌قینه‌ی ژیان له‌جه‌له‌وه خاڵۆ نەزەر بوو، ئەم زاتە پیاوێكی باڵا بەرزو قیافەت ڕێکوپێك‌و گەنم ڕەنگی مەیلەو سپی‌و دەم بەپێکەنین بوو، لەبنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گوندی عالیاوەو لەدایكبوی ساڵی (١٩٢٨)و زه‌هاوی بوو، خێزاندار بوو، كوڕێك‌و شەش كچی هەبوو، ئه‌و پیاوه جوتیارێکی دەس بەبەرەکەت بوو.
خاڵۆ نەزەر سه‌ره‌ڕای جوتیاری، کەرەستەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ قەبر هەڵکەندن‌و لەکاتی مردنی کەسێک لەگەڕەکەکە ئەو لەگەڵ ژمارەیەک گەنج که منیش یەکێکبوم لەوانە قەبرەکەیان ئامادەئەکرد‌و مردوه‌که‌یان بەخاكئەسپارد.
ئه‌و پیاوه هەموو ساڵێک لەپایزان بەهەرەوەرزی لەگەڵ گەنجانی گەڕەکەکە سواقی قوڕی سەربانی خانوه‌کانی ئەکرد، دوای ئەو بۆ ماوەیەك من ئەو ئەركەم گرته ئەستۆ، خاڵۆ نەزەر پیاوێکی موسڵمان‌و ئیماندار بوو، شانبەشانی ئەمەش پیاوێکی نیشتیمانپەروەرو خاوەن هەڵوێست‌و له‌ڕوی سیاسیشه‌وه كوردپەروەرو پارتی بوو.
دوای هەرەسی شۆڕش لەساڵی (١٩٧٥) خەڵکی خانەقین کەوتەنەبەر شاڵاوێکی بەرفراوانی ڕاگوێزان‌و ده‌رپه‌ڕاندن بۆ ناوچه‌کانی خواروی عیراق، ته‌نانه‌ت لادێکان‌و دەوروبەری شارەکەشی گرته‌وه، ئا لەوسه‌روبه‌نده‌دا خاڵ‌و نەزەر لەترسی ڕاگوێزانی زۆره‌ملێ، خۆی جەلەوەی جێهێشت‌و چوه ئەبوغرێب، سەید هاشم کە ئەفسەرێکی خانەنشینی سەردەمی مەلیک‌و ناسیاوی بوو لەوێ لەباخی ئەفسەرێکی دۆستێكی خۆی دایمەزراندو لەوێ نشتەجێبون.
دوای ماوەیەک خاڵۆ نەزەر به‌عەگاڵ‌و عەبایەكی عەرەبیه‌وه سه‌ردانی جه‌له‌وه‌ی کرده‌وه بۆ ئەحواڵ پرسین‌و وەکو ئەوەش بڵێت ئەوە من پێشوەخت خۆم نەجاتداو ئێوەش چاوەڕوانی ڕەحمەتی بەعس بن، ڕۆژگار ڕۆیشت‌و قەدەریش وابوو جەلەوە بەر ڕاگوێزان نەکەوت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ بەهۆی جەورو زوڵمی دامودەزگای ئەمن‌و ئیستخبارات‌و بێتاقەتی نەگونجانی‌و هەستی نامۆیی وای له‌خاڵۆ نەزەر کرد بەناچاری بڕیاری گەڕانەوە بۆ جه‌له‌وه بدات، به‌ڵام سیناریۆیه‌کی سه‌یری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی داڕشتبوو، پێشتر ئەندامانی خێزانەكەی ناردەوەو گوایه خۆی دوای ئه‌وان دێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێک دوای هاتنه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی هەواڵی خۆکوشتنی حاجی نەزەر گەیشت کە بەپەتێک خۆی بەدارتویەكی باخەکەوە هه‌ڵواسیبوو کۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنابوو، ئیتر قه‌ده‌ر وایکرد له‌جیاتی خۆی ته‌رمه‌که‌ی بهێندرێته‌وه بۆ جەلەوەو بەهەمان کەرەستەکەی خۆیشی له‌گۆڕستانی ئیمام عه‌باس به‌خاکبسپێردرێت.
لەوكاتەدا خەڵکی گەڕه‌ک هه‌ندێکیان خەفەتباربون بۆ مردنی، ئه‌وانی تریش ڕه‌خنەو گلەیی گازاندەیان لێی هه‌بوو، من ئه‌کات لەبەرەی دوەمدا بوم‌و ڕه‌فتاره‌که‌ی خاڵۆ نەزەرم به‌دڵ نه‌بوو، ئه‌موت چۆن ئه‌بێ که‌سێک به‌هه‌ر هۆیه‌ک‌و له‌ژێر هه‌ر فشارێک بێ ده‌ست له‌ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام نه‌مئه‌زانی خاڵۆ نەزەر له‌ناخیدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک نه‌شکاوه بگره پته‌وتر بوه.
چیرۆکی خاڵۆ نەزەرو هه‌موو دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌که له‌دنیایه‌کی ساده‌و بچوک ڕویان ئه‌دا، له‌جوگرافیایه‌کی پڕ له‌مه‌ینه‌ت‌و ئازار‌و کوێره‌وه‌ری هه‌ڵئه‌قوڵان، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه زنجیره‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ڕوداوو به‌سه‌رهاته‌کانی کوردستانیان ته‌واوئه‌کرد، ئه‌و ڕوداوه بچوکانه‌وه به‌یه‌که‌وه ما‌نایان ئه‌دا ژیان، دوای چه‌ندین ساڵ له‌و به‌سه‌رهاتانه، ئێستا به‌ده‌ست خۆم نییه بیرکردنه‌وه‌و خه‌یاڵم په‌لکێشم ئه‌که‌ن بۆ به‌راوردێکی سه‌یر، به‌خۆم ئه‌ڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌وکات ئەو پیاوه کردی ته‌نها زیانی بۆ خۆیی‌و ناووناوبانگی تاکه‌که‌سی خۆی بوو، به‌ڵام لەبەر پارێزگاری له‌كەرامەت‌و عیزەتی نەفس وازی لەدین‌و دونیا هێناو خۆی كوشت، ڕوی نه‌هات جارێکی تر ته‌نها له‌به‌ر ڕاکردن‌و پۆشینی عه‌گال‌و عەبای عەرەبی ڕوبکاته‌وه جه‌له‌وه‌و سه‌ره‌نجام سزای هه‌ڵواسینی به‌سه‌ر خۆیدا سه‌پاند.
داخەكەم نازانم چۆن بەراوردی ئیمرۆ بەو ڕۆژگارە بكەم، بەڵام ئەتوانم بڵێم سەد ڕەحمەت لەڕۆحی خاڵۆ نەزەر.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی