بەڵێنەكانی پارتی‌و كابینەكەی برا گەورە

30/11/2020

دانا مەنمی

نامەوێ هەروا لولەی تۆپی ڕەخنەی بێسەرو بەر ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم، بەڵام ڕێگەش لەڕەخنەگرتن ناگیرێت، ڕەخنە یارمەتیدەرە تا هەڵەو كەموكوڕییەكان بخرێتە بەرچاو لێكۆڵینەوەیان لەسەربكرێت‌و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، دیارە كێشەو ئاڵنگارییەكان زۆرن، لەبەرامبەریشدا كەموكوڕی لەبەڕێوەبردندا هەیەو هەروا بەئاسانی ڕەخنەی ڕۆژنامەنوسان‌و ڕۆشنبیران لەدەسەڵات نابڕیتەوە، پارتی سەرەڕای ئەم هەموو پاشقولگرتنە لەدۆزی كورد نایەوێ ڕاستگۆیانەو ڕاشكاوانە دان بەشكست‌و هەڵەكانیدا بنێت، كەس نەیوتوە پارتی گۆچانی سیحری بەدەستەوەیەو كوردستانمان بۆ بكاتە شامی شەریف‌و نانمان بەدەمەوە بكات!، بەڵام خەڵك چاوەڕێی پارتییە ڕاستگۆیانە قۆڵی لێ هەڵماڵى بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێن‌و دروشمانەی كە بانگەشەی بۆ دەكات‌و ڕۆژانە گوێبیستی دەبین.

من نامەوێ لەم نوسینەمدا كێشەو ئاڵنگاریی‌و بەڵێن‌و موژدەكانی پارتی یەك بەیەك شیبكەمەوە، پارتی بەدروشمی "كوردستانێكی بەهێز!" بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی ۳۰ی ئەیلولی ۲۰۱۸دا كردو بەرنامەی لیستی پارتی لە ۱۰ بەش‌و لە٦۰ بەڵێن پێكهاتبوو، لەكۆی شەست بەڵێنیش لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوای دوساڵ پارتی نەیتوانیوە هیچ كام لەبەڵێنەكانی جێبەجێبكات، لەكاتێكدا سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی لەهەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی دەكردو دەیگوت: بەڵێنێك نادەین كە پێمان جێبەجێنەكرێت!

بەڵێنەكانی كابینەی نۆیەمی براگەورە لەیەكەمین ئەزمونی حكومەتداریدا زۆربەیان جێبەجێنەكراون، بەڵێنی براگەوره‌ لەكابینەی نۆیەمدا بەهێزكردنی ئابوری كوردستان‌و پرسی چاكسازیی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌و نەهێشتنی ڕۆتینات‌و بەرتیلدان‌و كۆكردنەوەی داهاتی حكومەت بوو لەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمدا بوو، ئێستا ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ بەڵێنەكانی پارتی‌و بەڵێنەكانی براگەورە بكەین زۆرینەیان موزایەدەی سیاسی‌و خۆڵكردنە چاوی خەڵك بوەو ئەوەشی كە ماوە هیچی لێ سەوز نەبوە‌، لەبانگەشەی بەهێزكردنی ئابوری كوردستاندا موچەخۆران لەساڵێكدا چوار موچەو سێ مانگ جارێك موچەیەك وەردەگرن! بەڵێنی چاكسازیی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی كابینەی نۆیەم نەك نەیتوانیوە كابینەی هەشتەم تێپەڕێنێت‌و فاشلترین كابینەیە لەبەرئەوەی كابینەیەكی قەرزارەو توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی نییەو ناتوانیت خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ هاوڵاتیان دابینبكات، لەبارەی نەهێشتنی ڕۆتینات‌و بەرتیل لەكابینەی نۆیەمدا، هیچ حكومەتێك هێندەی كابینەی نۆیەم ڕۆتیناتی تێدانییە، ڕۆتین هێلانەی لەناو پایەكانی حكومەت‌و دامودەزگاكاندا داكوتاوەو هاونیشتمانی ئەگەر مامەڵەیەكی هەبێت‌و خێرۆمەندێك نەناسێ بەدەست ڕۆتیناتەوە دەبێتە پۆڕی خوراو، دامودەزگاكان لەبری كارئاسانی بۆ خەڵك بونەتە بارگرانی‌و بێزاری خەڵك.

براگەورە لەكابینەی نۆیەمدا هیچ پڕۆژەو بەرنامەو پلان‌و ستراتیژو سیاسەتێكی جێگیری نییە لەبارەی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان‌و قەیرانی دارایی‌و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و پرسی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌و نەهێشتنی ڕۆتینات‌و كۆكردنەوەی داهات، كابینەكەی براگەورە كابینەیەكی پڕ لەدەردەسەری لەهەڕەشەو ئیهانەو سوکایەتی‌و كپكردنی دەنگی ئازادو زیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان‌و چالاكوانان‌و ئازادیخوازان بوە كە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ خراپتر دەبێت‌و ڕوی لەهەڵكشانە، تەنانەت پەڕلەمانتارانیش نەپارێزراون‌و پەلاماردراون، بەلای خۆی بەڵێنی براگەورە لەكابینەی نۆیەمدا بەڵێنی پێداگری لەسەر چەسپاندن‌و بەهێزكردنی بنەما دیموكراسی‌و ئازادییەكان بوو!

داخستنی ئۆفیسی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌، دەستگیركردنی ڕۆژنامەوانان‌و ئازاردانیان، ڕێگریكردن لەخۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دەربڕین، پەلاماردان‌و ئەشكەنجەدانی خۆپیشاندەران، هەڵكوتانەسەر ڕۆژنامەنوسان‌و چالاكوانانی مەدەنی‌و سیاسی‌و دەستگیركردن‌و بێسەروشوێنكردنیان لەپاڵ كولەمەرگی خەڵک‌و خراپی ژیان‌و گوزەرانی موچەخۆران بەخششی كابینەكەی براگەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان تا لەڕێگەی ترس‌و تۆقاندن‌و گرتن‌و زیندانیکردن‌و ئەشکەنجەو پەلاماردان‌و بەشەق‌و لێدان‌و قۆناغەتفەنگ نوزە لەئازادی ببڕن، وەكچۆن لەخۆپیشاندانەکانی دهۆك‌و زاخۆو شیلادزێ‌و هەولێر بینیمان‌و پێشتریش لەسلێمانی‌و هەڵەبجەو سەیدسایەق‌و شارو شارۆچکەکانی تریش بینیومانە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی