هەرێم و پرسی بودجەی 2021

04/12/2020

ئەحمەد دەروێش

 وێڕای بێکاریی و بێموچەیی ، کزبوونی بازرگانیی و کۆی چالاکییە ئابوورییەکان ( ئابووریی وەستاو) ، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە پارتیی نایەوێ نەوت تەسلیمی بەغدا بکات تاکو یەکلابوونەوەی ئەنجامی سکاڵای بەغدا لەسەر تورکیا لەمەڕ داهاتی نەوتی هەرێم " ( کەلەئێستادا ڕاگیراوە ) ئەمەلەلایەک و ، لەلایەکی دیکەوە تائەوکاتەی یەکێتیی و گۆڕان پشتگیری لێدەکەن لەمەڕ تەسلیمنەکردنی نەوتەکە بەبەغدا  .

بەشێک لەخەڵکی کوردستان و تەنانەت بەشێک لەچاودێران و توێژەرانی سیاسیی پێیانوابوو ؛ کۆنگرەی یەکێتیی ، دەبێتە وەرچەرخانێک لەمێژووی سیاسیی ئەوحزبە کە لەدەیەی کۆتاییدا توشی دەیان  ئاستەنگ و لێکترازان بووبوو، بەجۆرێک خاوەنی روئیاو ستراتیژێکی روون نەبوو ، بۆیە گەر لەم دۆخەدا بەئاڕاستەی شەقام و داخوازییەکانی شەقام سیاسەت  نەکات و ،  نەیەوێ لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێ ، نەیەوێ ئابووری کوردستان رووەو بوژانەوە هەنگاو هەڵێنێ ، ئەوە بێدوودڵیی نەیتوانیوە ببێتەوە خاوەن ستراتیژ ، گرێیی جودابوونی لەوی دی تێنەپەڕاندووە ، نەیتوانیوە ببێتەوە خۆی ، بەپێچەوانەشەوە کاتێک لەم تاقیکردنەوە چارەنوسسازە رووسوورانە دەرچوو ، لەگەڵ خەم و داخوازیی خەڵک  رێیکرد ،  دیارە هەنگاوی باشی بڕیوە لەپڕۆسەی بوونەوە بەخۆی . ئەمە سەبارەت بەگۆڕانیش راستە و دوای رەوانشاد نەوشیروان ، تادێت خۆری سیاسییان روو لەئاوابوونە لەلایەک و لەلایەکی دیکە شەقامیان توشی بێئومێدیی کرد ، بەجۆرێک ئەوترسەی دەسەڵات کە لەشەقامی هەبوو ، تەنانەت کە پێش ۱۷ ی شوبات حسابی بۆگردبوونەوەیەکی بچوکیش دەکرد ، هەمووی بەبادا .

پێگەی پارتییش هەمان هێزی پێش ریفراندۆم و شەڕی داعشی نییە کەهەولێر لەبەر بەرزە شاندی ئەوروپی و ئەمریکیی بەرنەدەکەوت ، نەوتی کەرکوک و کۆی پانتایی ناوچەکێشەلەسەرەکان لەبندەستی هەرێم بوو ، بەغدایەک هەمیشە مەترسی کەوتنی بەدەستی داعش لەسەربوو . 
بۆیە گەر یەکێتیی و گۆڕان لەمەڕ ئەم پرسە ، پشتیوانیی پارتی نەکەن ، هەرێم ناچاردەبێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێ و سەرەنجام  موچەو بودجەی خەڵکی هەرێم مسۆگەردەبێ بەلەبەرچاوگرتنی : 
۱ - عێراق دەوڵەتە و خاڵی بەهێزی زۆری هەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەکان . 
۲ - ئەو چەند ساڵەی بودجە لەبەغداوە هاتووە ، دۆخی ئابووری ، ژیان و گوزەرانی خەڵک ، زۆر باشتربووە بەراورد بە ئابووری سەربەخۆ . 
۳ - هەرێم بەپێی دەستوری عێراق دانپیاهێنراوە ، کورد پۆستی سەرۆکی کۆمار و چەندان پۆستی گرنگی لەحکومەتدا هەیە و تەنانەت حزبەکان لەسەر پڕکردنەوەو پچڕینی ئەو پۆستانە هەرای گەورە لەنێو خۆیاندا سازدەکەن ئەمەلەلایەک ولەلایەکی دیکەوە کاراکتەرە سیاسییە دیارەکانی هەرێم ، موچەی ئەنجومەنی کاتیی حوکم - سەردەمی پۆڵ بریمەر وەردەگرن و بەپێی رێنمایی مافی خۆیانە ، ئیدی  با خەڵکیش سوودمەندبێت لەموچەو بودجە کە مافێکی یاسایی و شەرعیی خۆیەتی.

 


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە