كاك ئارام چی وت؟

05/12/2020

‎عیماد ئەحمەد

                            
‎لە سەرەتای پایزی ساڵی(١٩٧٦)لە گەڵ كاك فازڵ كریم ئەحمەد( مامۆستا ‎جەعفەر) له‌خانه‌قینه‌وه‌ هاتین بۆ سلیمانی بۆ لای مامۆستا موحسن مه‌به‌ستمان بوو كاك شاسوار جەلال( ئارام) ببینین بۆ تێگەیشتن لە شێوەو شێوازی کاری یەکێتی و پایە و جۆری کارکردنی کۆمەڵە لە ناو یەکێتی و ئامۆژگاری و راسپاردەی ئەو بۆ رێکخستنەکانی (هەرێمی پێشرەو )، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێ  گلەیی و رخنەمان لە كاك حكمەت محەمەد كریم (مەلا بەختیار) هه‌بوو ویستمان به‌ کاک ئارامی بڵێین.

سنوری هه‌رێمه‌که‌ ئه‌وکات بەغدا، مەندەلی، خانەقین وگەرمیانی لە خۆدەگرت، شەهید سادق، مامۆستا جەعفەر، مامۆستا موحسن، دڵشاد مەولود و عیماد ئەحمەد ئەندامی  كۆمیتەی هەرێمەكە بوون.

‎دوای پەیوەندیکردن بە رێکخستنی سلێمانیەوە بۆ دیدارەکە ،کاک ئازادی مەلا دانرابوو  بۆ ئەوەی بمانباتە لای کاک ئارام  ‎لە کات و شوێنی دیاری کراو لە (ئەسحابە سپی )لە گەڵ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسن  ئامادەبووین و کاک ئازادی مەلا هات و وای پێی باش بوو یەکێکمان بچین بۆ لای کاک ئارام لە بەر ئەمنیەت و خۆپاراستن ، مامۆستا جەعفەر ووتی: با عیماد بچێ ‎ ئیتر لە گەڵ کاک ئازاد له‌ ئه‌سحابه‌ سپیه‌وه‌ شۆربووینەوه‌ بۆ خوارەوە بەرەو گەرەگی سەرشەقام، چوینە کۆڵانێکی تەسک و باریک، کەسێک لە نزیك دەرگای خانوویەکی گڵ رووەو گۆیژە راوەستابوو ،كاك ئازاد سڵاوی لێ كرد و بە مستی راستی سێ جار لە دەرگاکەی دا و بێ چاوەروانی و بەدەمەوە هاتن لە گەڵ خۆی منی برده‌ ژوورەوە ،یەکسەر چاوم كەوتەسەر خێزانێک لە بەرهەیوانێک دانشتوون كە بە سەر دوو ژووردا  دەیڕوانی،خەریکی چا خواردنەوەن ،دەرگای دەرەوە و بەرهەیوانەکە چەند هەنگاوێك لە یەك دوور بوون ،دیارە خاوەن ماڵەکە ئاگاداری دیدارەکەی ئێمە بوو ، دوای سڵاو و ئەحواڵ پرسین ،دەرگای ژووری تەنشتیان کردەوە بۆ من، چوومە ژوورەوە و کاک ئازادیش لای ئەوان مایه‌وه‌.

‎ بۆ من ساته‌وه‌ختێکی خۆش بوو، وەکو دەروێشێک بە حەسرەتی بینینی شێخەکەی بێت كاك ئارام وەها هاتە بەرچاوم. 

‎ من کاک ئارامم لە کۆتایی ساڵی (١٩٧٤)لە چۆمان بینیبوو لە (سكرتاریەتی یەکێتی لاوانی كوردستان)، بەڵام ئەم جارە  جیاواز بوو، که‌ بینیم شەرواڵێک و کراسێکی لەبەر بوو ،دەم وچاوی هیلاك ،دەست و پەنجە زەرد هه‌ڵگەراو، چاویلكەكەی لە چاو بوو، جانتایەکی بچووک و چەند وەرەقە وقەڵەمێك و تێپێكی  ئاوی له‌به‌ر دەست  بوو، ژوورەكە بچووك و  بنمیچەكەی نزم بوو، پەنجەرەكەی  لە سەر هەیوان  وچەند بستێك لە ئەرزەكە بەرزتر بوو، بە په‌ردەیەكی قوماش داپۆشرابوو  ،ژوورەكە زۆر رووناك نەبوو ،تەنها ژێر نوێنیكی تیابوو ،چەند لێفە و دۆشەك و سەرینی لە سەر دانرابوو، راخەرێك بە قەد  نیوەی ژوورەكە راخرابوو ،كاك ئارام چوار مشقی لە سەر ئەرزەكە دانشتبوو، هەڵساو تەوقەی  لە گەڵدا کردم و لە به‌رانبەری خۆی داینیشاندم 

‎دوای بە خێر هاتن و ئەحواڵ پرسین  ووتی : دەقیقەیەک سەبرم لێ بگرە تا ئەم نامەیە  تەواو دەکەم ، چکلێت ئاسا پێچایەوە و خستیەگیرفانی کراسەکەی، ئینجا بە زمانێكی روون و سادە دەستیكرد بەشیكردنەوەی بارودۆخی كوردستان و عیراق وناوچەكە و دونیا و پەیوەندیه‌كان و خۆئامادەكردن بۆ شۆڕش ،دوای ئەوە  پرسیاری لە وەزعی رێکخستنەکانی هەرێمی پێشرەو  و باری ژیانی خەڵک لە بە غدا و خانەقین  و کاریگەری  چوونەدەرەوەی کاک عەلی عەسکه‌ری و هەڤاڵەکانی لە ناو جەماوەر کرد، منیش بەکورتی وڵامم ئەدایەوە بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لەو بگرم ،کاتەکەش بەفیرۆ نەدەم دوای ئەوە ووتی: فەرموو ،منیش قسەکانم كرد بە شێوەبه‌كی كورت و پوخت  سەبارەت بە هەرێمی پێشرەو  وکۆمەڵە و یەکێتی و شۆرش وئەركی تازەی خەباتمان ئەویش بە دیقەت گوێی دەگرت،كە قسەكانم تەواو كرد ووتی: ئێمە دەبێت کۆمەڵە بپارێزین و بە هێزیکەین، بۆ ئەوەی ببێت بە کاکڵەو داینەمۆی یەکێتی، مام جەلال دامەزرێنەری سەرەكی  یەکێتیە لە سەر بنه‌مای  نیمچە بەرەیی دایمەزراندووە ولە داهاتوودا  بە گەشەكردن و بەر فراوانبوونی لایەنەكانی ناو یەكێتی دەبێتە بەرەیه‌كی نشتمانی و میللی یەكگرتوو،  ئەم شۆرشە لە بنچینەدا شۆرشێكی نەتەوەییه‌، بە تەنها بە کۆمەڵە ناکرێت وبەرێوە ناچێت شۆرشەكە پێوێستی بە بەرەیەكی سیاسی  فراوانە.

له‌وێدا رۆڵی مام جلالی  بەرز نرخاند لە هەڵسانەوەی و هەڵگیرساندنی شۆرش لە كوردستان ‎لە دواییدا من هاتمە سەر ئەسڵی مەقسەد بۆ گلەیی وگازندەو رەخنەبارانی کاک بەختیار، وتم: ئەو هەموو رۆژێک لە  شەقامەکانی سلێمانی دەسورێتەوە و خەڵک ئەیبینێت  و هەواڵ بۆ پووری لە خانەقین دەنێرێت و ئێمەش وامان بڵاو کردۆتەوە کە مەلا بەختیار  لە لایه‌ن ئەمنی عامەوە گیراوە، وتم ئێمە دەترسین ئەمیش تووشی گرتن بێت و زیانێکیتر بەر رێکخستن بکەوێ، من قسەم  ده‌کرد و ئەو هەر گوێی دەگرت، كە  قسەكانم تەواو بوون،کاک ئارام هەڵساو لە سەر هەر دوو ئەژنۆی دانیشت ووتی:  گلەیی و ره‌خنەکانتان لە مەلا بەختیار لە ئەلفە وە بۆ یاء ناحەق و نادروستە، ئەو ئێستا خەریکی رێکخستنەكانی کۆمەڵەیە وپەیوەندی  بە هەموو رایەڵەکانی رێكخستنەوە دەكات، هەر رۆژێك و لە شارێكە ئەو هەموو کارەكانی رێكخستنی لە ئەستۆ گرتووە دەتانەوێت لە ژوورەوە دابنیشێت و ئەرکەکانیش بە قودرەتی قادر جێبەجێ بكرێن؟! ئینجا وتی: باشە ماوەیەکی تر ئەیبینم ،حاڵی حازر لە شار نییە دوایش نامەیەکتان بۆ دەنێرم له‌و باره‌یه‌وه.

‎دوا قسەم دەربارەی كاك ساڵح سێوك (شێروان شێرەوەندی) بوو كە پێش رۆژێك  لە جادەی  سجن بینیم ،زۆر بێ تاقەت و بێزار بوو لە مانەوە لە شار و نە ناردنی بۆ دەرەوە ،دەیووت هاورێیانی رێكخستن دەستی دەستیم پێ دەكەن ئەگەر بەم زووانە بۆم جێبەجێ نەكەن ئەگەرێمەوە، ‎بە كاك ئارامم ووت: هاورێیەكمان هەیە دەیەوێ پەیوەندی بە شۆرشەوە بكات و بچێتە دەرەوە چەند رۆژێكە لە شارەو  هاورێیانی ئێرە  هاوكاری ناكەن بۆ رۆشتنەكەی، ئەویش ووتی :خۆتان دەزانن پەیوەندیكردن بە مەفرەزەكانەوە ئاسان نییە، ئێمە لە سەرەتادا هەموو كەسێك نانێرینە دەرەوە،  پێشمەرگەی ئەم شۆرشە جیاوازە لەگەڵ پێشمەرگەی جاران لە رووی رەوشت و بیر و تەحەمول وهەڵسوكەوتەوە، منیش بە دوور و درێژی وەسفی كاك شێروان شێرەوەندیم كرد لە هەموو روویەكەوە وەكوو ئەوەی بڵێم: ئەم كەسە دەمانچەیەكی چواردە خۆری سێ لەسەر سێی ،لاكەلی،تەرەقە سوورە ،ئەڵقەدار..!! لە دوایدا ووتی باشە با سەبر بگرێ  بۆی جێبەجێ دەكەین. 

‎دوای تەوقەكردنێكی تر له‌گه‌ڵم، به‌ڵام  گەرمتر له‌وه‌ی پێشوو به‌ڕێیکردم و منیش  خوا حافیزیم لێ کردو لەگەڵ كاك ئازادی مەلا بە هەمان رێگا گەڕاینەوە شوێنی دیاریكراو و لە یەكتر جیابوینەوە ،گەرامەوە بۆ لای خاڵم مامۆستا موحسن، رۆژی دوایی  قسەكانی كاك ئارامم بۆ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسن گێرایەوە، لە دوایدا زانیمان ئەو ماڵە ،ماڵی كاك ئاوات قارەمانی بوو.

‎پاش ماوەیەك كاك بەختیارم لە بەغدا بینی، دەستی كرد بەگلەیی و ووتی: بۆ  لای كاك ئارام رەخنەت لێ گرتووم ، ده‌بوایه‌ پێش ئەوه‌ی لای ئه‌و ره‌خنه‌م لێبگریت لای خۆم باست بتکردایه‌ ؟سەرەتا بە زەردەخەنەیەك و سەر بادانەوە حاشام لێكرد، به‌ڵام ئه و‌ به‌شتێکی سه‌یر که‌شفی کردبوو ووتی:كاك ئارام باسی هاورێیەكی هەرێمی پێشرەو کرد، كە هاتۆته‌ لای  سۆرانیەكەی باش نەبووە، لە ناوماندا ته‌نها تۆ سۆرانیەكەت باش نییە ئەبێت تۆ بیت! 
لەدواییدا ووتم: بەڵێ من بووم،  لە پێناوی كۆمەڵە و یەكێتی و تۆش بووە ، لێره‌وه‌ ئەو شایەدیەی بۆ دەدەم كە هیچ دڵگران نەبوو  و بەروحی ریازی وەریگرت . دوای ئه‌وه‌ ووتی:كاك ئارام نامەیەكی بۆ نووسیون لای منە لە سلێمانی، دوایی بۆتان دەینێرم ،ئێستاو ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت و نە مانبینی.

‎بەراستی لە ژیانمدا كەم سەركردەم بینیوە وەكوو كاك ئارام  ئەو به‌رگری و پشتیوانیە لە هاورێیەكی خۆی بکات  بەو جۆرە راستیه‌‌كان روونبكاتەوە، نه‌ک  وەکو خەڵکانی تر، ترش و خوێ به‌ باسێکی خراپی هاوڕێیه‌کی خۆی بکات ونان و پیازی پێوه‌ بخوات ...!!   لێره‌وه‌ فەرمایشته‌كەی مەولانا جەلالەدین رومیم بیرده‌که‌وێته‌وه‌، كە دەڵێت( رووبار بە لە هاورێیەتی و برایەتیدا) ئه‌م وته‌یه‌ رێک پڕ بە پێستی كاك ئارامە، ئه‌و نه‌ک روباڕ بگره‌ ده‌ریایه‌ک بوو له‌ هێمنی و وه‌فا بۆ هاوڕێکانی.

‎لەو دیدارەداباشتر بۆم دەرکەوت کە ئەم زاتە چەند گەورەو خاوه‌ن کاریگه‌ریه‌، هه‌ستم به‌وه‌کرد که‌ ئه‌و پیاوه‌ کاریزمایه‌کی هه‌یه‌، كادرێكی پێشكەوتوو و پێگه‌یشتوو بوو،  لە کاتی شکستی بزوتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری گه‌وره‌دا، له‌ساتی  و بەرکەوتنی جه‌زره‌به‌یه‌کی سه‌خت به‌ رێکخستنەکانی رێكخراوەكەی و  شاڵاوی گرتن و کوشتن و راونانی هه‌ڤاڵانی، له‌ساتی بڵاو بوونەوی نا ئومێدی لە ناو خەڵکدا، ئالەو ئان و ساتەدا قۆڵی ئازایەتی و جوامێری هەڵماڵێت و لێپرسراوێتی قۆناغێکی سه‌ختی خه‌بات و سه‌رکردایه‌تیکردن لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ هاورێیان کاک ئازاد هەورامی و کاک سالار عزیز و مەلا بەختیار، کۆمیتەی هەرێمەکان دروست بکەن و کاک ئارامیش وەکوو سکرتێری کۆمەڵە دەور ببینێت بە بێ تەکەتول و پارە و ئیمتیاز هەڵرشتن و خزم خزمێنە و ناوچەگەری. 

‎کاک ئارام بە سەلیقە رابەر بوو،بێجگە لە ئاستی بەرزی رۆشنبیری و سیاسی و دوور بینی بۆ ئەو كاتە پیاوێکی بەتوانا و دەگمەن بوو.

‎كاك ئارام لەو ماوە كەمەی كە لێپرسراوی كۆمەڵە بووە،دەستێكی باڵای هەبووە لە گۆرینی بەشێك لە بیر و هزر و سیاسەتی كۆمەڵە بە ئاقاری عەقڵانی و واقعیدا، بێجگە لە سەرپەرشتیكردن و هەڵگیرساندنی شۆرش نوێ لە ووڵاتدا،هه‌ر  بە مەش بوو بە سومبول و ئەستێرەیەكی گەشی پرشنگدار لە سەرتاسەری كوردستاندا. 

‎سه‌باره‌ت به‌ کاک ئارام زۆر جار  ئەم پرسیارە له‌خۆم ده‌که‌م  ئەگەر  كاك ئارام بەم كوتوپڕیه‌ و له‌سه‌ره‌تای  شۆڕش نوێ شەهید نەبوایە، كۆمەڵە لە رووی چینایەتی و چونایەتیەوە  چۆن دەبوو؟ یەکێتی و شۆرش بە چ ئاقارێكدا دەرۆیشت؟

‎بەڵام سه‌د حه‌یف ئه‌و سه‌رکرده‌ لێهاتووە به‌هۆی بێباكی خۆی و كەمتەرخەمی هاورێكانی لە ١/٣١  / ١٩٧٨ لە دێی تەنگیسەر بە دەستی تاقمێك جاشی خۆفرۆش شەهید دە بێت و رۆحیشی ئوغری ئەبەدی دەكات بۆ لای شەهیدانی تری كوردستان، ئه‌و پیاوه‌ی چه‌ند ساڵێکی که‌م سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی کرد، به‌ڵام بۆ ئه‌به‌د نه‌مری به‌باڵای خۆی بڕی.

به‌ڕای من ئارام ده‌رکه‌وتن و دیارده‌یه‌ک بوو له‌شۆڕش و سیاسه‌تی کوردیدا که‌پێویستی به‌وه‌یه‌ دیراسه‌ی بکه‌ین، چونکه‌ ره‌نگه‌ زیاده‌ڕه‌وی نه‌بێ گه‌ر بوترێت ئارام وێرای شه‌هید بوونی، هێشتا که‌سێکه‌ به‌زیندویی ماوه‌ته‌وه‌، سێبه‌ری ئارام هێشتا به‌سه‌رمانه‌وه‌یه،‌ئارام شەم  بوو  بۆ پەروانە دەگریا و بەدوای سۆمای چاو دەگەرا، ئەستێرە بوو لە ناو چاوی گەردوون، بە هێمنی ئەخوولایەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی