چاکسازیی وەک گاڵتەجاڕیی!

08/01/2021

هادى حەمە رەشید

 مرۆڤی هۆشیار کە جدییەتی خۆی لە دەست نەدا و ئاوەزی خۆی نەخستە ژێر پرسیارەوە، پێویست ناکات کاتی زێڕینی خۆی بە هەندێ تاکتیکی سەرگەرم کردن و فریودەرانەی دەسەڵاتەوە بکوژێت و بەشداربێت لە فوو تێکردنی ئەو باڵۆنانەی کە دەسەڵات ئەیانکات بە بەردەبازی هەر قۆناغێک!
لە ئەی تا زێدی پرۆسەی(چاکسازیی) لای دەسەڵاتی چەتەگەرای هەرێم ساختە و درۆیەکی گەورەیە و ساڵانێکە مێشکمانیان بەو درۆیانەوە بردووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانیان نابودتر کردووین.

تەنیا ویستم حەجمی ئەو گاڵتەجاڕییەتان بۆ باس بکەم، کە پێشینەی تەنیا لە شەڕی میدیایی شەڕی ناوخۆی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هەبوو!
کاتێک سەرانی ئەم کابینەیە وێنەی بەهەشتیان خستە هزری کۆمەڵێک سادە دڵ و خەڵکی لاوازەوە، بانگەشەی چاکسازییەکی هەمەلایەنەیان کرد و قەهری بیگ برازەر (دژ بە گەندەڵکاران)ـیان وا وێناکرد کە تەنانەت لە دادگا توندیان ئەکات و شار بە دەریان ئەکات!
کەچی کۆی (چاکسازیی)ـیەکەیان هەڵتەک هەڵتەک هێنا بۆ (بەناو) دە هەزار ناوی موچەخۆری دووبارە یان دەبڵ موچە، کاتێکیش هەڵمەتێک لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ سووکتر کردنی ئەو هەنگاوە هەڵگیرا، دیارترین پرسیارێک کە چەندپات کرایەوە ئەوەبوو؛ ژمارەکە وەهمییە و ئەسڵی نییە، لەو ژمارەیە کەس دیارنین، خۆ ئەگەر پاساو ئەوەبێت پاراستنی کەرامەتی کەسەکان بێت، وابزانین سادەترین سزا بۆیان بەر لە بڕین و هێنانەوەی موچە خوراوەکان ناوزڕاندن و فەزح کردنیانە!
ئەم پرسیارە گران و بێ وەڵامانە وایان کرد کە ئۆرگانەکانی حیزب لە کۆی ئەو دە هەزارە، خول خول هاتن کەمتر لە ژمارەکانی پەنجەی دەست ناوی (ناو لیستەکە) بخەنەڕوو!

بۆ ئەم مەبەستە و زیاتر گاڵتەجاڕکردنی پڕۆسەکە، ناوی کۆمەڵێک کەسی جۆراوجۆریان تێکەڵاو کردووە، مەهزەلەکە لێرەدا کۆتایی نایەت،بەڵکو ئەو ناوانەی کە بەمەبەست و بۆ تەشهیر هێناویانە، تیایاندایە لە بنەڕتدا ناوی فەڕمییان وەک لە بەڵگەنامە و ناسنامەی عێراقییدا ناوێکیترە!
بۆ نموونە (کامیار سابیر) ساڵانێکە لە ئوسترالیایە و بەو ناوەوە ئەنووسێت و دەرئەکەوێت، بەڵام لە پێناس و بەڵگەی فەرمییدا ناوێکیتری هەیە!
کە ئەبوو ئەگەر ڕاست بێت و موچەی هەبێت بەناوی پێناسەکەیەوە بێت نەک نازناوی نووسین کە لە وێنەکەدا هاتووە!
یان نووسراوە (نووسەر لای بەرهەم ساڵەح!) یان (هەڵگری خەڵاتی کاوە گەرمیانیی!)
ناوەکان زۆر بازاڕیی ڕیزکراون، کە فیعلەن دەلالەتە لە گاڵتەجاڕیی بابەتەکە و سووکترکردنی سیناریۆکانیان!
دڵنیام لە شاخداریی ئەم درۆیە، بەڵام ئایا بە هێنانی ئەم چەند ناوە پەردەپۆشی دزیی و تاڵانی دەیان ملیار دۆلاری ماڵی بارزانیی و ملیارەها دۆلاریتری ماڵی تاڵەبانیی و ماڵباتە سیاسییەکانیتر ئەکرێت؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە