لەکاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نوێنەرایەتی دیموکراسی جیھان دەکات و پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەر تەواوی دونیا ھەیە ، بەڵام وەک دەبینرێت دیموکراسیترین وڵاتی دونیا گەورەترین پڕۆسەی دیموکراسی کە ھەڵبژاردنە دەخاتە ژێر گومان و لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات ئەو پڕۆسەیە رەتدەکرێتەوە، ئەمە لەکەدارکردنی کۆی پڕۆسەی دیموکراسی وھەڵبژاردنە نەک تەنیا لە ئەمریکا بەڵکو لە ھەموو جیھان .
رەتکردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و دانپێدانەنانی ترەمپ بە سەرکەوتنی بایدن و بە گشتی ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا روودەدات کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگ و پڕۆسەی دیموکراسی لەسەر ئاستی دونیا لە داھاتوودادەبێت ، کۆی پڕۆسەی دیموکراسی لە جیھان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و نەریتێکی نوێی مەترسیدار دادەتاشێت و بەھانە دەداتە ھەموو وڵاتان و حزبە سیاسیەکانی دونیا لەمەودوا چۆن بیانەوێت لەبەرژەوەندی خۆیان یاری بە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی و تەنانەت ھەڵبژارنیش بکەن و ئەنجانی ھەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە .
ئەوەی روودەدات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیانێکی گەورە بەناوبانگی ئەمریکا دەگەیەنێت و لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتیش ئاشوبێک لە ئەمریکا دروست دەکات، وەک ئەوەی کەمێک دوای گرژییەکان جۆ بایدن سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا راشکاوانە بە گەلەکەی ووت: جیھان سەیرمان دەکات! وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئابڕووچونەی کە لە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی و ناوبانگی ئەمریکادا روودەدات، بایدن وەک پەیامێک بۆ ترەمپ داوای کرد ئەم ئابڕووچونە رابگرێت و دان بە شکستەکەیدا بنێت لەمە زیاتر زیان بە مێژوو ناوبانگی ئەمریکا نەگەیەنێت ، بەڵام وەک چاوەڕێ دەکرا دۆناڵد ترەمپ گەر لە دوا ساتەکانی دەسەڵاتیشیدا بێت ئاشوبێک بنێتەوەو بە ئاسانی دەستبەرداری کورسی سەرۆکایەتی نەبێت دواجار ھەر واشی کرد.
لە مێژووی نزیک و تا رادەیەک دووریشدا رووداوی لەم چەشنە رووی نەداوەو ئەمە شۆکێکی گەورەیە بۆ جیھان ، لە کاتێکدا زلھێزترین و دیموکراسی ترین وڵاتی جیھان دەیەوێت یاری بە ھەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی بکات، لەمەودوا بۆ وڵاتانی نادیموکراسی و ئەوانەش کە بەناو بانگەشەی دیموکراسی دەکەن ئەم پڕۆسەیە دەبێتە گەمەیەکی تەواو مەترسیدار بەتایبەت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە دیموکراسی تێیدا تەنھا ناوێکەو ھێشتا گەشەی نەکردووە و شتێک نیە بەناوی دیموکراسی راستەقینە ، بەڵکو تەنیا بۆ رووپۆشکردنی پڕۆسەی حکومڕانی و درێژەدانە بە دەسەڵات .
لە ولاتێکی گەشەسەندوی دیموکراسی وەک ئەمریکا رێز لە دەنگی خەڵک و پڕۆسەی ھەڵبژاردن نەگیرێت وئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رەتبکرێتەوە و بە فەرمی باس لە ساختەکاری بکرێت و خۆپیشاندانی چەند ھەزار کەسی بۆ رێکبخرێت، لایەنگرانی حزبێک بە ئاشکرا و بەبەرچاوی جیھانەوە ھێرش بکەنە سەر باڵاترین دامەزراوەکانی وڵات، ئیتر رەنگە کارێکی ئاسایی بێت لە وڵاتانی بەناو دیموکراسی وەک رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی تری دونیا ساختەکاری رێکخراو بکرێت و ئەگەر ھاتوو ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی لایەنێک نەبێت ھەڵبژاردنەکە رەتبکرێتەوە و بە خۆپیشاندانی لایەنگرانیان ئەنجامی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن، ئەوەی لە ئەمریکا روودەدات رێگەخۆشکەرەو بیانوو دەداتە دەست زۆرینەی حزبەکانی دونیا چۆنیان بوێت بەو جۆرە یاری بە پڕۆسەی دیموکراسی و ھەڵبژاردنەوە بکەن و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بھێنن، ئەو قسەیەی دەوترێت (ھەڵبژاردن درۆ گەورەکەی دیموکراسییە) لەسەر ئاستی دونیا رەنگە لەمەودوا ھەر بەراستی بێتە دی و زۆرێک لە خەڵک ئەو تۆزە بڕوایەی کە بە ھەڵبژاردن و دیموکراسی ھەیانە لە دەستی بدەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی