باوکێکی پاکژ لە دونیایەکی پڕپۆخڵەواتدا

10/01/2021

مەریوان وریا قانع

گۆرانی بابە: باوکێکی پاکژ لە دونیایەکی پڕپۆخڵەواتدا
تا ڕادەیەکی زۆر وێنەی باوک لە ئەدەبیاتی ئێمەدا غائیبە، ئەو بەشە کەمەش کە ھەیە وێنەی پارتیارکێکی بێڕەحم و نابەرپرسیارمان نیشانئەدات. وێنەی پیاوێکی دڵڕەق، خاوەن دەسەڵاتێکی گەورە و ھەمەلایەن، وێنەی ەک ستمەگەری لە ناو چوار دیواری ماڵدا.
ڕەنگە دیارترین وێنەیەکی لەم بابەتە بۆ باوک، ێنەی باوک بێت لە ئەدەبیاتی شێرزاد حەسەن دا. باوک لای شێرزاد حەسەن پاتریارکێکە لە ترۆپکی دڵڕەقیی و دەسەڵاتی ڕەھای خۆیدا. باوکێک لەسەر مۆدێلی خودا، خوادەیەکی دڵڕەق، کە دەسەڵاتی بەخشین و سەندنەوەی ژیانی لە منداڵەکانی ھەیە. ئەوەی ئەدەبیاتی شێرزاد حەسەن داوایدەکات ئەنجامدانی ”تاوانی کوشتنی باوکە“ بەمانا فرۆیدیەکەی، کە تاوانی کردنەوەی دەرەگایە بەرەو دوو شت: ئازادیی و ھەستکردن بە گوناھ.

وێنەیەکی دیکەی باوک لە ئەدەبیاتی ئێمەدا وێنەی کەسێکە وەک خەباتگێڕ و بەرگریکارێکی سیاسیی، بەڵام شەھیدکراو، باوک وەک کەسێک بەرگرییکردن لە نیشتیمان لە بەرگرییکردن لە منداڵەکانی جیاناکاتەوە. ئەم باوکە زۆربەی جار باوکێکی شەھیدکراوە، باوکێکی کوژراو. وێنەی ئەم باوکە شەھیدە بەشێکی بەرچاوەی ئەدەبیاتی شێرکۆ بێکەسە. بەرگریکردن لە کوردبوون وەک شوناسیسەرەکیی ئەو باوکە کوژراوانە. شێرکۆ باوک لە فۆرمی شۆڕشگێڕێکدا نمایشدەکات کە سنوورێک لەنێوان شۆڕش و خێزان و میلەتەکەیدا دانانێت.

ئەم گۆرانییەی کاریگەر وێنەیەکی تری باوکمان نیشانئەدات، باوکێک کە نە دەتوانێت پاتریارک بێت، نە دەشتوانێت شۆڕشگێڕ بێت، نە دەسەڵاتێکی خودایانەی ھەیە، نە لە خەمی شۆڕش و یاخیبووندایە.، نە ستەمگەرە و نە پاڵەوان باوکی ناو ئەم گۆرانییە باوکێکە نەیتوانیوە باوک بێت، باوکێکە ھەستدەکات ”لە مێژە مردوو“ە و دەرەقەتی ئەو دونیا پڕ غەدر و خراپەکارییە نایەت کە دروستکراوە. ئەم باوکە پیاوێکە ئیشکەر و ڕەنجدەر، ماندوونەناس، کۆڵنەدەرە، بەڵام باوکێکە ھەژار و خەمبار و برسییەە. ئەوەشی ئەم فۆرمە تایبەتەی باوکی لەو دونیا پیس و بۆگەنەدا دروستکردوە: پاکژییە. باوکێکی پاکژ کە دەیەوێت ھەم خۆی بە پاکژیی بژیی و ھەم منداڵەکانی بە پاکژیی بەخێوبکات. دەرەنجام: باوکێکی پڕوکاو و دەرقەت نەھاتوو. باوکێکی پیر و پاکژ لەناو جیھانێکی بۆگەندا.
ئەم فۆرمە لە باوک فۆرمە فرۆیدییەکەی باوک نییە، پاتریارک و ستەمگەرێک نییە، باوکێکە ناکۆک بەو باوکەی شێرزاد حەسەن نیشانمائەدات. ھاوکات ئەم باوکە باوکێکی پاکژیی ناو نیشتیمانێکی پڕ پۆخڵەواتە، نیشتیمانێک بۆگەنیکردوە. بۆیە ھیچ شتێک نایباتەوە سەر وێنەی ئەو باوکەی لە ئەدەبیاتی شێرکۆ بێکەسدا ئامادەیە. باوکی ناو ئەم گۆرانییە کەسێکە تەنھا دەرەقەتی ئەوە دێت کە نەھێڵێت پۆخڵەواتی نیشتیمان پیسیی بکات، پاکژیی خۆی بە ڕەنج و ماندووبونێکی گەورە بپارێزێت.

لەم گۆرانییەدا ھەستێکی تراژیدیی گەورە بە لەدەستدانی باوک ھەیە لە کاتێکدا ئەو باوکە بەجەستە و بە ئاکار ئامادە و حازرە. ئەو تاوانەی ئامادەیە، تاوانی کوشتنی باوک ئامادە نییە، بەڵکو تاوانی دەرقەتنەھاتنی ژیانە، تاوانی ڕاستگۆیی و پاکژیی لەناو جیھانێکی گڵاودا. ئەوەی دەیبینین باوکێکە نایەوێت پیس بێت، لەکاتێکدا پیسبوون تاکە ئەگەری بەردەمی دروستبوونی پاتریارک و تاکە ئامرازیی پاراستنی دەسەڵاتی باوکە وەک باوکسالارێک. ئەم گۆرانییە ئەو وێنە تازەیەی باوکمان لە کۆمەڵگای کوردیدا نیشانئەدت کە نە پاتریارکە، نە شۆڕشگێڕە، نە ستەمگەرە، بەڵکو باوکێکی پاکژە و ئامدەیە باجی ئەو پاکژبوونەش بدات.
لەناو گۆرانیەکەشدا وێنەی کوڕێکی توڕە ئامادەیە، بەڵام توڕە لە باوک نا، بەڵکو لەو دونیا پۆخڵەی باوک لناویدا وەک ڕەنجدەرێکی پڕوکاو ئامادەیە. باوک وەک قوربانییەک، بەڵام قوربانیی پاکژبوون و پیسنەبوون. ئاشکرایە ئەم کوڕە توڕەیە نایەوێت بەردەوامیی و درێژەکەرەوەی باوکی بێت، بەڵام ئەم بەردەوام نەبوونە لەڕێگای ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی باوکەوە نا، بە مانا فرۆیدیەکەی، بەڵکو لەڕێگای ئیدانەکردنی ئەو جیھانەوە کە ھەم ئەو باوکە و ھەم ئەو کوڕەی دروستکردوە. یاخیبوون لە باوک لەم گۆرانییەدا گۆڕاوە بۆ توڕەبوون لەو دونیایەی ئەو باوکەی دروستکردوە.