پەیامێك لەبەرهەم ساڵحەوە

13/01/2021

حەمزە مستەفا

لەدیدارەكەمان لەگەڵ سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح، بەرێزیان پێی باشبوو پەیامێك ئاراستەی ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی پێشەنگ بكات، بەتایبەتیش كە لەو دیدارەدا لەلایەن بەڕێزیانەوە مەراسیمێكی ڕێزلێنانمان بۆ سازكرا.

پەیامەكە هەم قاڵبێكی سۆزدارو هەم شارستانی هەبوو، كتومت لەپەیامێكی تایبەت دەچوو بۆ هەر یەكێكمان بەوەی پێ گوتین:"ڕۆڵی مێژووی ئێوە لەخەبات‌و تیكۆشانی ساڵەهای ساڵتان، جێگەی ڕێزو پێزانینی ئێمەیە، نرخاندنی كۆششی بێوچانتان نیشانەی نرخاندنی ئێمەیە بۆ ئەرك‌و ماندوبوون‌و دەسكەوتەكانی خۆتان‌و هاوپیشەكانتان؛ ئەوانەی پابەندی ڕەسەنایەتی كاری ڕۆژنامەگەرییەكی پیشەگەری نیشتمانین‌و لەسەر ئەو ڕێچكەیە بەردەوامن".

من لەساڵی 2004 دكتۆر بەرهەمم ناسی، ئەوكات بەڕێزیان جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەیاد عەلاوی بوو، من ئەوكات لەكەناڵی ئاسمانی شەڕقییە كارم دەكرد كە یەكەم كەناڵی ئاسمانی بوو كە لەدوای گۆڕانكارییە گەورەكەی عێراق لەساڵی 2003 دامەزرا. دواتریش دەیەها چاوپێكەوتنی جۆراوجۆری دیكەم لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ئەنجامداون، بەڕێزیان لەو ماوەیەدا لەهەردوو حكومەتی ئیتحادی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، خاوەن پۆستی جۆراوجۆر بووە، بەمەش بەرە بەرە دۆستایەتییەك لەنێوانماندا دروستبوو.

لەیەكەم چاوپێكەوتنم لەساڵی 2004 بۆ دوا چاوپێكەوتنی یەكشەممەی ڕابردووم كە دكتۆر بەرهەم چاوی بەكۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی پێشەنگی عێراقی كەوت‌و ڕێزی لێنان، بینیم كە لەوساوە تائێستا بەرهەم ساڵح هیچ گوڕانێكی بەسەردانەهاتووەو هەركەسەكەی جارانە، تەنیا ئەوە نەبێت كەمێك كێشی زیادیكردووەو كەمێكیش زیاتر قژی ڕووتاوەتەوە، جگە لەم دوو شتە هیچ شتێكی دیكەی تێدا نەگۆڕاوە، ئەمڕۆش دەبینم كە بەرهەم ساڵح لەجاران گەورەترو خانەدانترە، ئەو لەهەموو ئەو پۆستانە گەورەتربوو كە لەساڵی 2004وە وەریگرتوون، ئێستاش زۆر لەپۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گەوەرەترە كە پێی سپێردراوە.

سەرباری ئەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بەگوێرەی دەستورو سیستەمی سیاسی وڵات سنوردارن، كەچی دەبینین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یان هەرێمی یان نێودەوڵەتی، بەباشترین شێوە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.

وێڕای سادەو ساكاری‌و خاكەڕایی‌و ڕۆشنبیرییە فراوانەكەی دكتۆر بەرهەم، كەچی زۆر بەوردی پابەندی ڕێوڕەسمە پڕۆتۆكۆڵییەكانە، هەر لەچوونەژوورەوەت بۆ كۆشكی سەلام تا هاتنەدەرەوەت هەست بەو ڕێوڕەسمە فەرمییە دەكەی، لەهەمانكاتیشدا زۆر لەخەمی ئەوەیە بەگەرموگوڕییەوە خواحافیزیت لێبكات‌و تا بن دەرگای كۆشك یاوەریت دەكات.

كاتێك لەیەكێك لەگروپەكانی واتس ئاپ سەبارەت بەئاكارو ڕەفتاری دكتۆر بەرهەم گفتوگۆمان دەكرد، هاورێی سیاسەتمەدارم ئیبڕاهیم سومەیدەعی لەوبارەوە گوتی:"دكتۆر بەرهەم خاوەن خەسڵەتێكی دانسقەیە؛ ئەو هەرچەندە لەگەڵیشت ناكۆك بێت، كەچی هێشتا ڕایەڵەی دۆستایەتیت لەگەڵ ناپسێنێت، ئەو كە شەڕیشت لەگەڵدا بكات، هەمیشە بەشی ئاشتی تێدا دێڵێتەوە، ئەمەش سیفات‌و خەسڵەتی سیاسەمەتدارێكی ڕاستەقینەیە".

كاتێكیش سومەیدەعی داوای لێكردم بۆ سەلماندن‌و پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی لەو دانیشتنەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح ناكۆك بم، دڵنەوایی ئەوەمدایە كە من وەك هاوڕێ هەرگیز لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ناكۆك نابم، بەڵام وەك سیاسەتمه‌دارو پیاوی دەوڵەت، كاتێك ببینم شایستەی ڕەخنەلێگرتنە، بێ سێ‌و دوو ڕەخنەی لێدەگرم، بگرە ڕەخنەی تونیشی لێدەگرم‌و هیچ سڵیش لەوكارە ناكەمەوە، چونكە هاوڕێ ئەوكەسەیە لەگەڵت ڕاستگۆیە، نەوەك ئۆباڵت بۆ بكێشێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی