دادگاییكردنی تڕەمپ

20/01/2021

لوقمان حاجی قادر

پێش هەڵكوتانەسەر كۆنگرێسی ئەمریكا لایەن لایەنگرانی تڕەمپەوە لە 6 ی جانیوەری2021 ، پرسی دادگاییكردنی دۆناڵد تڕەمپ لە ئارادا بوو، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە پرسەكە لە نێو كۆمەڵگا و ناوەندە میدیاییەكانی ئەمریكادا گەرموگوڕتر بوو.

پێش ڕووداوەكەی 6 جانیوەری 2021، تڕەمپ داوای لە لایەنگرانی كردبوو بڕژێنە سەر شەقام و بەرەو كۆنگرێس بچن و داوای هەڵوەشاندنەوە و پەسەندنەكردنی بردنەوەی جۆ بایدن بكەن، ئەم بەروارەش هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی ئەو دامەزراوەیە بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا، لە ئاكامیشدا چەند كەسێك بوونە قوربانی و پشێویەكی گەورەش باڵی بەسەر وڵاتدا كێشا.

وادەی ڕووداوەكەی كۆنگرێس 14 ڕۆژ پێش گرتنەدەستی پۆستی سەرۆكی ئەمریكا لە لایەن جۆ بایدنەوە بوو، دیموكراتەكانیش لە دوو ڕێگەوە پرسی دادگاییكردن و لەكارخستنی تڕەمپیان ورژاند؛ یەكەم لەكارخستنی لە ڕێگەی مایك پێنسی جێگری سەرۆكەوە، دووەم لە ڕێگەی ئامادەكردنی پڕۆژە یاساییەك لە ئەنجومەنی نوێنەران.
هەوڵ و كۆششی دیموكراتەكان لە یەكەمیاندا سەركەوتوو نەبوو، مایك پێنس ئەو كارەی ڕەتكردەوە، بۆیە ڕێگەی دووەمیان گرتەبەر و لە ئەنجومەنی نوێنەران كە خۆیان تیایدا زۆرینەن پڕۆژەكەیان تێپەڕاند، لە ئێستاشدا ماوە پڕۆژەكە ئاراستەی ئەنجومەنی پیران بكەن.
ئەم پرسە لە ئەنجومەنی پیران دوو لەسەر سێی دەنگەكانی پێویستە، لە ئێستشدا دیموكراتەكان لەو ئەنجومەنە خاوەنی نێوەی دەنگەكانن (50 دەنگ)، بۆیە پەسەندكردنی یاساكە لەو ئەنجومەنە بۆ دیموكراتەكان سەخت و دژوارە و پێویستیان بە 17 دەنگی كۆمارییەكان دەبێت تاوەكو پڕۆژەكە پەسەند بكرێت.

لە دوای هەڵكوتانەسەر كۆنگرێس، تەنیا 14 ڕۆژ لە بەردەم دیموكراتەكاندا بوو كە لە پێش كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی تڕەمپ لە 20 جانیوەری 2021 لە ڕێگەی گۆنگرێسەوە دادگایی بكەن، بەڵامی بۆیان دەركەوت كە لەو ماوەیەدا كارەكەیان بۆ مەیسەر نابێت، هەم ماوەكە كەمە و هەمیش مەترسی تەقینەوەی دۆخەكەیان هەیە لە واشنتۆن و سەرجەم ویلایەتەكان ، بۆیە ئەو پڕۆژەكەیان ئاراستەی ئەنجومەنی پیران نەكرد، ئێستشا ئامانجیانە بۆ ماوەیەك سڕی بكەن و دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی تڕەمپ هەنگاوەكانی تەواو بكەن.
ئەمرۆ كە 20 ی مانگە و وادەی تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپە و دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەكرێت، ئەو پرسە دووبارە دێتەوە سەر زار و زمانان، پرسیارەكەش ئەوەیە ئاخۆ دیموكراتەكان دەیگەیەننە ئەنجام و بەردەوام دەبن یاخود دەستبەرداری دەبن.
بۆچوونێك هەیە پێی وایە ئیدارە تازەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی بایدن، لەبەر بەرژەوەندی ئەمریكا و پاراستنی سەقامگیری وڵات و پتەوكردنی پێگەی خۆی لە حوكمڕانی وڵات و دەستەبەركردنی سۆز و پشتیوانی كۆمارییەكان بۆ پڕۆژەكانی ئایندەیان لە ئەنجومەنی پیران، دەستبەرداری ئەو پرسە دەبن و نایجوڵێنن و هەنگاوەكانی تەواو ناكەن.

بۆچوونی دووەم كە زۆرینەیە پێیان وایە لە دوای هاتنەسەركاری بایدن ئەو پرسە زیندوو دەكرێتەوە و دیموكراتەكان كارەكانی تەواو دەكەن، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەوڵی دەستەبەركردنی پشتیوانی كۆمارییەكاندا دەبن تاوەكو 17 دەنگی ئەوان لە ئەنجومەنی پیران مسۆگەر بكەن و پڕۆسەكە بگەیەننە ئامانج، بە تایبەتیش كە كۆمارییەكان لە دوای پشێوییەكانی 6 جانیوەری و هەڵكوتانەسەر كۆنگرێس لایەنگیریان بۆ تڕەمپ كەمی كردووە، دوا ڕاپرسییەكانیش دەریانخستووە كە شەعبەویەتی تڕەمپ لە ناو  حزبەكەیان داویە لە كەمی، جاران زیاتر لە 70% ی پشتیوانی تڕەمپ بوون، ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ 60% كەمی كردووە، ئەمە جگە لەوەی كۆمارییەكان ترسی گەورەیان لەوە هەیە مانەوەی تڕەمپ لە حزبەكەیاندا پێگەی جەماوەریان لە ئەمریكا لاوازتر بكات و باجی زیاتر و زیاتری كار و كردەوە و ڕەفتارەكانی تڕەمپ بدەن، هەندێكیش وایدەبینن كەمانەوەی ترەمپ مەترسییە بۆ سەر لێكترازانی ڕیزەكانی حزبەكەیان و بە دووری نازانن تڕەمپ باڵێك لەو حزبە جیابكاتەوە، ئەمەش بەڵاو كارەساتێكی گەورە دەبێت بۆ ئەو حزبە و ئەگەر ڕووبدات بۆ دەیەها ساڵی دیكە حزبەكەیان ناكەوێتەوە سەرپێی خۆی و چانسی لە گرتنەدەستی ئیدارەی وڵت زۆر لاواز دەبێت.

پوختەی قسە ئەوەیە: ئەگەرەكانی دادگاییكردنی تڕەمپ لە دادگایینەكردنی بەهێزترن، ئەمە بۆ دیموكراتەكان هەلێكی زێڕینە و پێناچێت لە دەستی بدەن، لەمەشدا پشت ئەستورن بەو مەترسی و پشێوییانەی ترەمپ لە ماوەی حوكمڕانی خۆیدا دروستی كردوون و ئەگەر لێپێچینەوەی لێنەكرێت مەترسی ئەوە هەیە هەم بۆ جاری دووەم هەولی هاتنەوەسەركار بدات و هەمیش دیاردەی تڕەمپیزم و توندڕەووی و دەمارگیری لە ئەمریكا پەرەبستێنێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی