گەندەڵی بە زەبر ریشەکێشدەکرێت

20/01/2021

ڕێبین عومەر

 سەرۆکی کۆمپانیای سامسۆنگ؛ (لی جای یۆنگ) بەتۆمەتی پێدانی بەرتیل بە سەرۆکی پێشووی کۆریای باشور بە دوو ساڵ و نیو بەندکرا لەسەر ئەوتۆمەتانەی لە بارەی گەندەڵییەوە لەسەری ساخ بوونەوە. لە هەرێم و عێراق گەندەڵی لە ترۆپکایە گۆڕانکاری ریشەیش سەروەختێک دەکرێت کە بەزەبر (من أين لك هذا) پرۆسەیەکی گەورەی دەستپاکی ئەنجام بدرێت بەگشتگیری؛ ئەولیژنانەی کە لەم وڵاتە بە چاودێری نەزاهەت دروست بوون؛ هیچ کاریگەرییەکیان نییەو نەشمان دی کەس راپێچکەن؟! بەمەبەست لەسەروو خۆیانەوە سڕکراون و لاوازترین کەسەکان ئەو جومگە گرنگە بەڕێوەدەبەن.

نەمانبینی فاسدێک، هەڵتۆقیوێکی ملیاردێری سیاسی رووبەڕووی سزاو دادگابێتەوە یان سامانە ناشەرعییەکەی بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی؛ لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە بەتەوژم دێنە ناو پرۆسەی سیاسییەوە و زۆرترین جومگەگرنگەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵ ئەکەن لەعێراق سەروبەندی یەکلایکردنەوەی پۆستەگرنگەکان باس لەوە دەکرا قەتەر، سعودییە، ئێران، ترکیاو وڵاتە زلهێزەکان کەوتبوونە مەزادی یەکلایکردن و دابەشکردنی جومگەگرنگەکان. لە عێراق، هەرێم سەنگەرگرتن لە گەندەڵکاران قورسترین ئەرکە. بەوپێییەی ئەوان رەگیان لە بنی بنەوەی خاک چەقیوە.

بۆ وێنە فاسدێک دور بخرێتەوە؛ لەش و لاری و دارو دەستەکەی هەر وەک خۆی دەمێنێت. زیندانی بکەی بەرژەوەندییەکانی لەشوێنی خۆین زیاتر دەبن؛ بڕیارێک لە دژی بدەی ئەم لاو لات کەس و کار و گروپە چەکداریەکان ئەون دەیبەستنەوە بەئاسایشی نەتەوەی! ئەونەخۆشییە لە عێراق و ئەم کۆمەڵە؛ کاتی دەوێت تالەڕیشەوە هەڵدەکێشرێت. ڕێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی