وەزیری تازەی بەرگری ئەمەریکا کەسێکی ئاگادارە لە کێشەکانی ناوچەکە

23/01/2021

هیوا سەید سەلیم

 رۆژی هەینی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی ژەنەڕاڵی خانەنیشین، لوید ئۆستن، کرد تا ببێتە وەزیری بەرگری لە کابینەکەی جۆ بایدن، بەمەش یەکەمین کەسی ڕەش پێست دەبێت کە لە مێژووی ئەمەریکا دەکرێتە بەرپرسی یەکەمی پنتاگۆن.

ئۆستن، تەمەن 67 ساڵە لە  8ی ئۆگستی ساڵی 1953 لە ویلایەتی جۆرجیا لە دایک بووە، ئەو ویلایەتیەی کە دواجار پشتی دۆنالد ترەمپ لە ئەرزدا، ئەو ئەکادیمیای سەربازی لە وست بۆینت تەواو دەکات، هەروەها ماستەر لە بواری ئیداری بەڕێوەبەری لە زانکۆی ویبستر تەواو دەکات.
ئۆستن،  41 ساڵە لە نێو خزمەتی سەربازی دایە ( 1975-2016) لە نێو هەیکەلی سوپای ئەمەریکادا پلەی جۆراوجۆری بینیوە.

لە مانگی ئاداری 2003 ئۆستن، بە سیفەتی فەرماندەی فیرقەی حەوتی پیادە لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق بەشداری دەکات، بە هۆی رۆڵی لەو جەنگە مەدالیای زیوی پێدەبەخشرێت.
دوای بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، ئۆستن، دەکرێتە فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان لە ئەفغانستان.
لە سێبتێمبەری  2005 تا ئۆکتۆبەری 2006 دەبێتە فەرماندەی ئەرکان لە فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا، لە بنکەی ماکدیلی ئاسمانی لە ویلایەتی فلۆریدا.
لە مانگی فبرایر 2008 دەکرێتە دووەمین بەرپرسی سەربازی لە عێراق، لەو ماوەیە دەبێتە فەرماندی هێزە فرە نەتەوەکان لە عێراق، کە بەرپرسیارەتی نزیکەی ١٥٢ هەزار سەربازی دەکەوێتە ئەستۆ.
ئۆستن لە ئۆگستی 2009 دەکرێتە بەڕێوەبەری هەیئەی ئەرکانی هاوبەش لە سوپای ئەمەریکا.
لە سبتمبری 2010 دەبێت فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەو پۆستەی بە ئامادەبوونی جۆ بایدن، ڕادەست کرا کە ئەوسا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ئیدارەی باراک ئۆباما.
 ئەوسا لوید ئۆستن، وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا داوی زیادکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە عێراق لە 14 بۆ 18 هەزار سەرباز، بەشداری لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و عێراق دەکات کە بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی سترایژی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدەدرا.
 ئۆستن، لە کاتی خۆیدا دژی کشانەوەی یەکجارەکی سوپای ئەمەریکا بوو لە عێراق، بگرە پێداگری دەکرد کە وڵاتەکەی لە دوای ساڵی 2012 دا دە هەزار سەرباز لە عێراق بهێڵێتەوە.

لە ینایری 2012، ئۆستن پلەی جێگری سەرۆکی هەئەی ئەرکان لە سوپای ئەمەریکا پێدەدرێت، لە مارسی 2003 یەکەمین ئەفسەری رەش پێست دەبێت کە دەچیتە پۆستی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا، کە سنووری ئۆپراسینەکەی بریتی دەبێت لە عێراق و سوریا و یەمەن.
ئۆستن، سەرپەرشتی هەڵمەتی لەناوبردنی داعش دەکات لە عێراق و سوریا، پێداگری دەکات لەسەر جەغتکردن لەسەر ڕووبەڕوبوونەوەی رێکخراوی تیرۆری داعش لە عێراق.

لە کۆبوونەوەی گوێگرتن لە لیژنەی هێزە سەربازیەکانی سەر بە ئەنجومەنی پیران کە لە ساڵی 2015 ئەنجام درابوو ئۆستن، رەخنە لە پلانی ولاتەکەی بۆ مەشق پێکردنی ئۆپزسیۆنی سوریا دەگرێت ، ئەو ئۆپزسیۆنەی کە لەژێر سێبەری تورکیا دەبێت،  و بە فەشەل ناوی دەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، و دژی دامەزراندنی ناوچەی دابڕاو دەبێت بۆ کۆچبەرە سوریەکان کە تورکیا پێداگری لەسەر دەکرد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جۆن مەکین، سیانتۆری کۆچکردووی دۆستی کورد کە لەو کاتەدا سەردانی کۆبانێ کرد بوو، وێرای هەلوێستەکانی بەڵام هێشتاش ڕەخنە زۆر لە ئۆستن دەگرێت و پێی وایە ڕاکانی ئەو فەرماندە سەربازیە دوورن لە واقیع.

ئۆستن لە ئەپریلی 2016 دەست لە کارکردن لە سوپا دەکێشێتەوە، دەچێت لە ئیدارەی کۆمپانیایەک کاردەکات کە کۆمپانیایەکی گەورەی درووستکردنی چەک بووە.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی