فلیمەکەی ئێران‌و پلانی نوێ!

24/01/2021

دڵشاد ئەنوەر

ماوەی چەند ڕۆژێکە، ئێران فلیمێکی لەسەر هاوکاریکردنی هەرێم لەکاتی شەڕی داعشدا بڵاوکردووەتەوە. فلیمەکە هەم هەڵایەکی زۆری دروستکردووە، هەم پارتیشی توڕەو نیگەران کردووە.

لەسەر فلیمەکە زۆر دەوترێ‌و زۆر دەنوسرێ، بەڵام تائێستا نەمدیووە، بابەتێک، وتارێکی بابەتی‌و ورد، لەسەر تەوقیتی بڵاوکردنەوەی فلیمەکە بنوسرێ، چونکە هەڵبژاردنی تەوقیت زۆر گرنگە، بەتایبەت هەموو شتێک لەتەوقیتی خۆیدا بڵاودەکرێتەوە، کەواتە دەبێت بپرسین، بۆ ئێران تەوقیتی ئێستای بۆ بڵاوکردنەوەی فلیمەکە هەڵبژاردووە؟

گومانی تێدانییە، ئێران وڵاتێکی خاوەن ڕۆڵە لەناوچەکەدا، بۆیە هیچ هەنگاوێک بێ پلان نانێت، بەبڵاوکردنەوەی ئەو فلیمەشەوە، بۆ نموونە پێشتر حەسەن نەسروڵا قسەی لەسەر بارزانی کرد، هاوکات ڕۆژنامەی کەیهانی ئێرانیش دژی پارتیان نوسی، قسەکانی نەسروڵاو نوسینەکەی کەیهانیش هاوکات بوون، واتە ڕوون بوون کە پەیام لەپشت هەردوو خیتابەکەوە هەبوو، پاشان دەرکەوت ئێران لەپارتی نیگەران بووەو گومانیان هەبووە، کە ئەو حیزبە ئاگاداربووبێ، لەپلانی بەئامانجکردنی سولەیمانی، بەڵام ئاگاداری نەکردبێتنەوە.

ئێستاش کە فلیمەکە بڵاوکراوەتەوە، بێگومان ئێران لەپارتی نیگەرانە، بۆیە ئەم تەوقیتەی هەڵبژاردووە، بەڵام نیگەرانی لەچی؟

لەمکاتەدا کە ئێران فلیمەکەی بڵاوکردووەتەوە، دۆخی عێراق ئاڵۆزە، پەیوەندی نێوان تورکیاو عێراق لەسەر مەسەلەی شەنگال‌و پەکەکەو گلدانەوەی ئاوو زۆر دۆسیەی تر، ئاڵۆزو خراپە.

جیاواز لەخراپی نێوان تورکیاو عێراق، ناوخۆی عێراقیش ئاڵۆزە، عێراق لەبەردەم هەڵبژارندایە، کێشمەکێشێکی زۆر لەنێوان خودی لایەنە عێراقیەکان لەلایەک‌و بەشێک لەلایەنەکان‌و شەقامی عێراقیش لەلاکەی تر لەئارادایەو بەشێک هەوڵی گۆڕانکاری‌و بەشێکی تریش هەوڵی پارێزگاریکردن لەدەسەڵات‌و پێگەکەی دەدات.

هەروەها پەیوەندی نێوان هەرێم‌و عێراق بەگشتی‌و نێوان پارتی‌و لایەنەکان خراپە، ئەو تێڕوانینەش باوە، پارتی هەرکات لەگەڵ عێراقدا نێوانی خراپ بێت، دانانیشێت‌و بەدوای کارتی تردا دەگەڕێت بۆ ناچارکردنی لایەنە عێراقیەکان بۆ مل پێدانی، بەتایبەت پێشتر هەوڵی بەکارهێنانی کارتی سونی‌و بەعسیەکانیدا، ئێستاش بەدوای کارتی تردا دەگەڕێت.

هاوشێوەی پارتیش، بێگومان کە پێکەوە دۆستن‌و ڕێککەوتنیشیان هەیە، تورکیاش چاوی لەسەر پێگەی سونەکانی عێراقەو دەیەوێ لەعێراقی داهاتوودا، ڕۆڵ‌و پێگەیان هەبێت.

لەمکاتەدا کە نێوان پارتی‌و عێراق خراپە، پەیوەندی تورکیاو عێراق ئاڵۆزە، داعش بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیندووبووەتەوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی حەشد، بەلێشاو چەکداری داعش، لەسوریاوە بۆ عێراق دەپەڕنەوە، هەربۆیە پەلامارەکانیان لەهەموو ناوچەکان زیادیکردووە، پێشتر دەستیان گەیشتە بەغدا، شەوی ڕابردووش، هێرشێکی گەورەیان لەسەڵاحەدین کردووەتەسەر حەشدو سەرووی ٢٠ چەکداری حەشد گیانیان لەدەستداوە.

یانی لەمکاتەدا، هەم لایەنە شیعەکان‌و هەم ئێرانیەکانیش، گومانیان لەجوڵاندنی داعش لەسوریاوە بۆ عێراق هەیە، پێیانوایە ئەمە هەوڵێکی دوو قۆڵیە بۆ لاوازکردنی حوکمڕانی شیعی لەعێراق‌و زیندووکردنەوەی سونەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی