حزبی ژیان

24/01/2021

هەندرێن شێخ راغب

حوكمڕانی‌و دامەزراوەكان‌و بڕیاری سیاسی‌و ئابوری، لەدەستی نوخبەی سوڵتەوی حزبەكانی هەرێمی كوردستانە. تیری ناڕەزایەتی خەڵك لەسەر موچەو بژێویی‌و هەلی كارو ژیان ئاراستەی سنگی ئەم حزبانەیە، گوتاری زاڵی شەقام ئەمەیە؟

كەواتە دەپرسین ئایا حیزبی ئایدۆلۆژی لای خەڵك تەواو بووە؟ حیزبی دینی‌و مەزهەبی‌و قەومی‌و نیشتمانی تەواوبووە؟ هەرچەندە پارتە دینیەكان بەرگری توند دەكەن لەشوناسەكەیان، بەڵام داواكاری خەڵك ئەوەندەی بژێویی‌و ژیانە، ئەوەندە داواكاری ئایدۆلۆژی‌و دینی‌و فكری نیە. هەر بۆ نمونە ئەم حزبەی بتوانێت موچەی خەڵك چاك بكات، بژاردەی یەكەمی خەڵك دەبێت. ئەمەش وادەكات هەموو حزبەكان بەشوناسی خۆیاندا بچنەوە، ئایا حزبی نەتەوەیی دەتوانێت وەڵامی ئەم قۆناغە بداتەوە؟ ئایا حزبی ئایدۆلۆژی‌و دینی دەتوانێت وەڵامدەرەوە بێت؟ بۆچی حزبەكان خۆیان بەدەستی خۆیان ئەم واقیعەیان دروستكرد.

بینەقاقای حكومەت‌و بازرگانی‌و ئابوری بەدەست حزبە، ئابوری نیشتمانیمان نییە، ئابوریەكی دەوڵەتیمان نییە، حكومەت دەرەقەتی شەریكەو بلۆكە ئابوریەكانی حزب نایەت، ئەمەش وایكردووە هاوڵاتیان ئەوەندەی قسە لەسەر حزبەكان بكەن ئەوەندە قسە لەسەر دامەزراوەكانی حوكمڕانی نەكەن. 

حزبە كوردستانیەكان ئەگەر مەبەستیانە ئامانجە بنەڕەتیەكانیان بەدیبهێنن، دەبێت فاسیلەیەك لەنێوان خۆیان‌و ئابوری وڵات دابنێن‌و كۆمەكی دروستكردنی ئابوری دەوڵەتی‌و نیشتمانی بكەن. خەڵك لەسەر بنەمای ژیانی خۆی بیر لەسیاسەتی حزبەكان دەكاتەوە، ئەمە بیركردنەوەیەكی دروستەو لەهەموو دنیاش وایە، بەڵام كێشەكە بۆ كورد لەچیدایە؟ كێشەی كورد وەك كیان‌و نەتەوەو سنورو دانپێدانان بەردەوامەو هێشتا نازانین بەكام لادا دەكەوین، ئێمە دەوڵەت نین، ئەوەش كێشەیەكە، كاتێك گرنگە حزبی ژیان ژمارە یەك بێت كە ئەم كێشانەت چارەسەركردبێت.

ئێستا موچەخۆر رووی لەبەغداو ئەمریكاو هەر وڵاتێكە كێشەی بژێوی ژیان‌و موچەی بۆ چارەسەربكات، خۆپیشاندان دەكەن‌و پەلاماری بارەگای حزبەكان دەدەن، هۆكارەكەی ئەوەیە ئابوری دەوڵەتی‌و نیشتمانیمان نیە، ئابوری حزبیمان هەیە، مادام زانكۆو دامەزراندن‌و موچەو بودجە لای مەكتەب سیاسی‌و سەرۆكی حزبەكان بێت، كەواتە هاوڵاتی بۆچی پەلاماری بارەگاكان نەدات؟، لێرەوە دەبێت حزبە كوردستانیەكان باش ئەم مەترسیە درك بكەن‌و ئەوە بزانن گوتاری نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و ئایدۆلۆژی‌و دینی كاتێك لای خەڵك قبوڵە، كە كێشەی موچەو بژێوی‌و كارو دامەزراندنی نەبێت. 

حزبە كوردستانیەكان بەتایبەت دەسەڵاتدارەكان، ئەگەر ئابوری نیشتمانی‌و دەوڵەتی دروستنەكەن، رۆچون بەناو قەیرانەكاندا زیاد دەبێت كەم نابێت؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە