هەرێمی کوردستان گرفتاری چەندین قەیرانی سیاسیو ئابورییەو کێشەی تورکیاو پەکەکەش سەربار، هەرچەندە کێشەی پەکەکە پەیوەندی بەناوخۆی تورکیاوە هەیە، بەڵام بێ دەستی خۆمان ئێمەشی گرتۆتەوە. ئێستا لەجاران پتر باسی ئەو کێشەیە دەکرێو هەڕەشەکانی ئەردۆگانیش ڕونو ئاشکران، بۆیە تەنانەت ئەگەر هەرێم بێلایەنیش بێ پڕیشکی ئاگرەکەی هەر بەردەکەوێ. مەبەستم نییە لێرەدا ئۆباڵی ئاگرەکە بخەمە ئەستۆی هیچ لایەک، بەڵام هەندێک ڕاستیش هەن دەبێ قسەیان لەسەربکرێ، چونکە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەمیشە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیان شێوێنن. کەس نکۆڵی لەوەناکات، کە تورکیا دەوڵەتێکی دراوسێو گرنگەو هەردولاشمان پێویستیمان بەیەکتری هەیە، بەڵام دەبێ پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی هەنوکەو ئاییندە بن، نەک نا هاوسەنگو ئامانج جیاواز.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام سودمەندترین دەوڵەت لەهەرێمی کوردستانو عێراق تورکیا بوە، بەڵام تورکیا ئەو پەیوەندییە بازرگانیو ئابوریانە بەهەند هەڵناگرێ، چونکە هەمیشە چاوی لەسەر ئارمانجێکی ترە، سەیرکەن لەوکاتەیدا کە سودمەندترین دەوڵەتە لەهەرێمی کوردستان، تاقە وڵاتیشە ڕێگەنادا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی لەئەنقەڕا بکرێتەوە!.. ئەوە بەپێچەوانەی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمریکا، بهریتانیا، فهرەنساو دەوڵەتە هەرێمیەکانی وەک ئێرانو ئەوانی تریش!
ئێمە ئایدۆلۆجیەتی دەوڵەتی تورک دەناسینو لەو ڕوانگەیەشەوە دەتوانین ئامانجەکانی هەڵسەنگێنین، بەڵام ئەوە بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، گرنگ لای ئێمە ئەوەیە لەکوێ سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتە دژ بەبەرژەوەندیەکانی ئێمەنو لەکوێش یەکدەگرنەوە.
تورکیا بیەوێ خۆی لەهەر وڵاتێک هەڵقوڵتێنێ دوو پاساوی سەرەکی هەن: تورکو تورکچێتی، کوردو کوردایەتی، بۆیە دەبینین لەئازهربایجانو سوریاو قوبرسو هەرێمی کوردستانیش کلکی تۆز دەکا، ئێستا پیلانو پلانێکی گەورەی هەیە بۆ زیاتر داگیرکردنی خاکی هەرێمو پاساوەکەشی پەکەکەیە، هەرچەندە بونی پەکەکە لەباشور بێ مۆڵەتو خواستی هەرێمە، بەڵام ئەوانیش پاساو بۆ خۆیان دەهێننەوە. کەواتە خاکی هەرێم مەیدانی جەنگێکە لەبنەڕەتەوە دەبوایە ئەو مەیدانە باکوری کودستانو تورکیا بێ نەک باشور، بەڵام پەکەکەش هێزێکەو گالتەی پێناکرێ.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا دەبێ لەو نێوەندەدا هەرێم هەڵوێستی چیو چۆن بێ؟
ڕونو ئاشکرایە، تائێستا هەرێم وەک قەوارەی سیاسی بەگشتیو حکومەت بەتایبەت ڕۆڵو بۆچوونی لێڵو گوماناوین، ئەوەی هەیە سیاسەتی پارتیە زاڵەو لەڕێگای دامەزراوەکانەوە دەنگی پێدەداتەوە، بەڵام حکومەت لەسێ لایەنی سەرەکی ئەم وڵاتە پێکهاتووە، خۆ دەبێ ئەو بابەتە گرنگە لەناو پەرلەمانو ئەنجومەنی وەزیران یەکلایی بکرێتەوە، ئەوکات بەچاک یان خراپ هەڵوێستی ڕهسمی حکومەت دەردەکەوێ.
ئەو کێشە ئاڵۆزە لەباشور هەر تەنیا پەیوەندی بەپارتیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەهەموو حزبەکانی کوردستانو تاک تاکی ئەم وڵاتەوە هەیە، بۆیە پێویستدەکات لەسەر ئاستی نیشتمانی هەڵوەستەی لەسەربکرێ.
کاتێک ئەردۆگان هاوار دەکا "ڕەنگە لەپڕ شەوێک بچنە شەنگالو ڕەنگە بچنە قەندیلیش" ئەوە دەهێنێ کە حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی سەربەخۆی ڕاستو دروستو ڕاشکاو لەبەرامبەر تورکیاو پەکەکە داڕێژێ، بەتایبەت ئێمە دەزانین تورکیا هەنگاوێک بێتە پێش ناکشێتەوەو ئەوەتا لەساڵی١٩٩٧وە تائێستا ڕۆژ بەڕۆژ بنکەو بارەگاکانی لەباشور بەهێزترو قایمتر دەکا.
ئەگەر چیتر لەژورە تاریکەکان گفتوگۆو ڕێکەوتنی لابەلا بکرێ، ئەوا بێگومان بارودۆخی هەرێم خراپتر دەبێو ئەوانەیش کە لەهەرێم دانوساون کەڵک وەردەگرن. گفتوگۆی لابەلاو ڕێکەوتنەکانی ژورە تاریکەکان هەرگیز لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نابن بەپارتیو یەکێتیو گۆڕانیشەوە.
ئەو پرسە گەورەیە پێویستی بەهەڵوێستو هەڵوەستەیەکی نیشتمانی هەیە، من وایدەبینم ئەگەر هەڵوێستێکی نیشتمانی دروستببێ ئەوا هەرێمی کوردستان دەتوانێ ڕۆڵێکی کارا بگێڕێو ڕەنگە بتوانێ ئاوێکیش بەو ئاگرەدابکا کە لەسەرەتادایەو خەریکە تەشەنە دەکا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی