دادی بێداد، داد وبێداد !

17/02/2021

عەبدوڵا ساڵح

داواکاری گشتی، لەو ووڵاتانەی یاسا تیایاندا سەروەرە ، پەناگایەکە دەکرێ لە تەنگانەدا هانای بۆ بەری بۆ سەندنەوەی مافێک کە پێتوابێ لێت زەوتکراوە، یا بۆ سکاڵا لەدەست نادادپەروەریەک کە پێتوابێ بەرامبەرت کراوە. یا خود بەرگری لە مافێکی گشتی کە پێتوابێ لە ناو کۆمەڵگادا زەوت کراوە . سەربەخۆیی سیستمی دادوەری پێوەرێکە ، ووڵاتانی پێ هەلدەسەنگێردرێن لەمەڕ پاراستن یا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دادوەر لەوێدا نمونەی عەدالەت پارێزیە .

لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە هەندێک ووڵات شایستەی گوڵباران بن و هەندێکیش ...... باران ، چونکە پێم وانیە پاراستنی مافی مرۆڤ، ئەو مافە سروشتیانەی ڕەوایە هەموو زیندەوەرکی سەر ئەم گۆی زەویە لێی بەهرەمەند بێ، لە هیچ کونجێکی ئەم جیهانە سەد لەسەد پەیڕەو کرابێ ، بەڵام کاتێک بێدادی و پێشێلی، تەنانەت سەرەتایترین مافی مرۆڤ، دەبێتە بڕیار ویاسای بۆ دادەتاشرێ و دادوەریش دەکرێتە ئامرازی جێبەجێکار، ئیتر هیچ نامێنێتەوە ، ئەگەرچی دڵنیام بەشێکی بەرچاو لە دادوەران ماون کە ویژدانی خۆیان کردۆتە ڕەقیب بەسەر خۆیانەوە ، بەڵام یا لە مەوقعیەتی دەسەڵات وبڕیاردانا نین یا لە ژێرفشاردان .

لە ڕاستیدا چەتری داد لە کوردستاندا بەو شێوەیە نیە کە ئەگەر من ، وەک هاوڵاتیەک، کاتێک ببینم زوڵمم لێدەکرێ پەنای بۆ بەرم تاکو مافەکەم بۆ وەرگرێتەوە، ئەوەش نیشانەو زەنگێکی ترسناکە بەداخەوە لە کوردستان لێدەدرێ . بارو دۆخەکە ناچارمان دەکا ئەو پەندە کوردیە بێنینەوە کە دەڵێ: خۆراک بۆ ئەوەی نەگەنێ خوێ دەکرێ ، ئەی کە خوێ خۆی گەنی !!؟ لەم شانۆگەریەی دوێنێ ڕویدا، من لۆمەی دەسەڵات ناکەم ، چونکە کار لە لۆمە دەرچوە ، بەڵام دڵم بۆ ئەو دادوەرانە دەسوتێ کە بەزۆر یا بە خواهیشت ئەوکارەیان پێکرا ، نەک تەنیا ئەو کارە، بگرە ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا پاساویشی بۆ هێنایەوەو سەرزەنشتی ئەم پشتگیریەی کرد کە لەو پێنج چالاکوانە بێتاوانانە کرا لەلایەن خەڵک و هەندێ ڕێکخراوی سیاسی و کەسانی مرۆڤدۆست و ئازادی خوازەوە کاتێک دەڵێ : (( ئەم هەڵوێستە دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە کارو باری دەسەڵاتی دادوەری )) !!

لەکاتێکدا ، لە ووڵاتێک باڵاترین دەزگای یاسادانان کە گوایە “ هەڵبژێردراوی “ خەڵکە و ناوی پەرلەمانە، سێکتەرێکی حزبی بێ ، لەهەمان کاتیشدا کەی حزب فەرمانی دا هەموو دەسەڵاتەکان بێدەنگ، قڕوقپ، تەنیا جێبەجێکردنیان لەسەر بێ ، ئاستی بەرەنگاری زوڵمیش لەلایەن جەماوەرە بەم شێوەی ئێستا لە خوارەوە بێ ، ناچار دەبێ بڵێین ( ئەی داد وبێداد ).

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی