فرمێسکێك و هەزار مانا

19/02/2021

علی عبدالصمد

زۆرجار وێنەی دیمەنێك، یاخود هێزی نیگایەک، 
بارتەقای چەندین ڕۆمان و وشە، قسە دەکات و کاریگەری دروست دەکات. 

زۆر جار بێ وتنی تەنها وشەیەکیش  دەکرێت فرمێسکێك، گەیەنەری چەندین پەیامی قوڵی  پڕ لەئازار و وشە بێت، دەکرێت بەهێزترین دەربڕین و ناڕەزایی بێت لە بارودۆخ و ڕوداوێك کە دێنە پێش. 

دیمەنی گریان چەند هەست بزوێنەرە بۆ مرۆڤ، دەی گەر ئەو گریان و فرمێسکە بە چاوی منداڵێکی بێ تاوان و بێ هەڵەوە ببیندرێت دەبێت چەند هێندە هەست بزوێنەرتر و دڵبریندارکەر تربێت بۆ مرۆڤی خاوەن هەست؟

دیمەنی گریانی منداڵێكی بێ تاوانی یەکێک لەدەست گیرکراوەکانی دهۆک و بڵاوبوونەوەی بەو شێوە فراوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی،  هەڵگری زیاتر لە چەند مانایەکە،

مانایی ژیان نەکردنی منداڵی ئەم هەرێمە لە تەمەن و ژیانی خۆیاندا و ئاوێزانکردنیان بە خەم و کێشە و گرفت و ڕووداوە سیاسییەکانەوە و دوورخستنەوەیان لە دنیای خۆیان و شێواندنی دنیایی جوانی منداڵییان. 

گریانی ئەو منداڵە لەمانایەکی دیکەیدا، گریانی تەنها منداڵێك نیە بەتەنها بۆ ڕوداوێك، بەڵکو گریانێکە لەبری گریانی هەزاران منداڵی دیکەی ئەم نیشتیمانە کە ساڵانێکە لەسۆزی باوکیان دابڕاون و بوونەتە قوربانی ململانێ سیاسیەکانی ئەم هەرێمە و  هەندێکیشیان تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە. 

گریانێکە پێمان دەڵێت کە من لەبری ئێوەش دەگریم و ئەم فرمێسکانە بەرجەستەی هەزاران چاوی منداڵی دیکەی نیشتیمانە، بەرجەستەی هەزاران چاو کە جگە لەخودا کەس فرمێسکەکانیانی نەدیوە و سکاڵایان هەر بۆ لای ئەو هەڵگرتووە. 

فرمێسکەکانی ئەم منداڵە بێ تاوانە ئەو ڕاستیەی پشان داین، دەکرێت ئیدی هەرچیەک دەسەڵات ئارەزووی بکات ڕووبدات و هێزەکانی دیکەش بێ دەنگی هەڵبژێرن، دەکرێت ئیدی ئەم گریان و فرمێسکە، گریانێکیش بێت بۆ مەرگی دادگەری و ئازادیی و تەنها کەوتنی جوانی و ڕاستیەکانی نیشتیمان و دنیایی ئێمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی