ئایا ئازادی ڕادەربڕین لەمەترسیدایە؟

23/02/2021

دییە عەلی

ئازادی ڕادەربڕین کۆڵەکەیەکی گرنگی دیموکراسیەو ناکرێ‌و نابێ وڵاتێ یان شوێنێ خۆی بەدیموکراسی بزانێ‌و ڕێگا بەئازادی ڕادەربڕین نەدرێ، چونکە ژیان بەبێ ئازادی مەحاڵە.

لەگەڵ سزادانی پێنج کەس بەتاوانی سیخوڕیکردن‌و پلاندانان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم، بەتۆمەتی پەکەکەو چەند وڵاتێکی دراوسێ جارێکی تر باسوخواسی ئازادی ڕادەربڕین هاتە گۆڕێ، وەک هەمیشە خەڵکانێک کە خۆیان لەپەنای دەسەڵاتی یەکێتیدا حەشارداوە کەوتنە وێزەی حکومەتی هەرێم‌و لەوێشەوە لێدان لەپارتی، هەرچەندە بۆمن یەکێتی‌و پارتی دووهێزن هیچ شایەنی پێداگوتن نین، بەڵام ئیتر ئەمری واقیعن‌و دەبێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ.

یەکێتی‌و لایەنگرانی لەم کەیسەدا گەمەیەکی خراپ دەکەن‌و بەهەموو توانای خۆیانەوە هەوڵدەدەن ئەوەندەیتر متمانەی خەڵک بەدەسەڵاتی دادوەری لەقبکەن، نازانن ئەمکارە زیانی یەجگار گەورەی هەیەو دواتریش بەرۆکی خۆیان دەگرێتەوە، چونکە ئەگەر تاوان‌و کارە قێزەونەکانی یەکێتی لەپارتی زیاتر نەبێ ئەوە ڕێک بەقەد ئەوە، چونکە هەرئێستا وەزیری ڕۆشنبیری کەلەپشکی یەکێتیە‌و لەباڵی هەڵۆکانیشە ڕێگریدەکات لەبڵاوکردنەوەی یاداشتەکانی جەلالی سام ئاغا، بۆیە ئەم فرمێسکە تیمساحیانەی یەکێتی بۆ خەڵکانی هۆشیار مەهزەلەیەکی بێوێنەیە.

دادگایکردنی ئەو پێنج سزادراوەی بادینانیش بەئاشکرابووەو خەڵکانێکی زۆر ئامادەی دادگاییەکەبوون، هەرچەندە هێشتا ماوەی پێداچوونەوە یان تەمیزکردنەوەی ماوەو تاوانباران دەتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن‌و دووریش نییە گۆڕانکاری لەحکومەکەیاندا بکرێ، تائێرە چیرۆکێکی ئەم ململانێی دواییەی پارتی‌و یەکێتییە، کەهەموو شتێ دەقۆزنەوە بۆ لێدان‌و شکاندنی یەکترو دامەزراوەکانی دەوڵەت، کە هەمووان زەرەر دەکەن لەم ململانێ بێمانایانەدا.

با لەباسە سەرەکیەکەی خۆمان لانەدەین کە ئازادی ڕادەربڕین لەمەترسیدایە! بەڵێ ئازادی ڕادەربڕین لەمەترسی جدیدایە، بەڵام چ جۆرە ئازادییەک؟ ئازادی لۆژیک‌و ئازادی بیرکردنەوە، بەڵام ئازادی جنێودان هیچ جۆرە سانسۆرو مەترسیەکی لەسەرنییە، ئەوانەی جنێودەدەن‌و بیرکردنەوەیان نییەو هێزی لۆژیکیان سفرە لەهەمووان دەنگیان بەرزترە، رۆژنییە ئەمانە هێرشنەکەنەسەر هەرکەسێ کە بۆچونی خۆی لەسەر بابەتێ دەرببڕێ.

کەم نین ئەوکەسانەی کەخاوەنی بۆچونی خۆیان‌و ئێستا نەسڵەمێنەوە لەدەربڕینی بۆچونەکانیان بەهۆی ئەو شەپۆلە جنێودەرانەوە کەڕۆژانە قەڵەم‌و خاوەن بۆچونەکان دەکەنە ئامانج‌و ژینگەیەکیان دروستکردووە، ئەوەی وەک ئەوان بیرنەکاتەوە هیچ سنورێک ناناسن‌و ئەوەی بەدەمیاندابێ نایگێڕنەوە بەبێئەوەی بیر لەئەنجامی ئەوکارە بکەنەوە، لەسەر کەتەلۆک تۆمەتی بۆدادەتاشن، ئیتر واز لەپەیجە بێ دایک‌و باوکەکانیش بێنە کە چۆن دەیانکەن بەکەرەستەیەک بۆ جنێودان‌و خۆخاڵیکردنەوەی ئەو خەڵکە ئەمانە دۆخێکیان دروستکردووە هیچ کەسێ دڵنیانەبێ لەوەی بەیانی لەخەو هەڵدەسێ دەیان تۆمەتی گریسیان بۆ ریزنەکردبێ، بەبێئەوەی کەسەکە هیچ شتێکی وەهای تێدابێ، ئەمانە دەمانگەیەننە ئەو دەرئەنجامەی بەدەنگی بەرز بڵێین، بەڵێ ئازادی ڕادەربڕین لەمەترسیدایەو جنێودانیش هیچ مەترسیەکی لەسەرنییەو بەتەواوەتی ئازادە.