دەرچوونی تورکیا لە پەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەپرسی ژنان

31/03/2021

زاهیر باهیر

لەکاتێکدا لەتورکیادا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لەژنان دەکوژرێن توندوتیژییەکی زۆر بەرانبەر بەژنان بەکاردەهێنرێت گەرچی داتایەك لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نییە بۆ ژمارەی کوژرانی ژنان لەتورکیا، بەڵام بەگۆێرەی داتاى ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەدا 38ی ژنان رووبەڕووی توندوتیژی لەلایەن مێردو برادەرو خێزانیانەوە دەبنەوە لەبەرانبەر لەسەدا 25ی ژنان لەئەوروپادا. 

لەگەڵ ئەوەشدا لەبری باشکردنی بارودۆخی ژنان لەوێ ئەردۆگان لەو پەیمانەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەپرس‌و مافی ژنان‌و پارێزگاریکردن لێیان، کە لەساڵی 2011دا بوو بەئەندم تیایدا لەم ڕۆژانەدا کشایەوە بێئەوەی هیچ هۆکارێك لەکشانەوەی خۆی بخاتە بەردەست، کە ئەمەش ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان زیاددەکات، هەرئەمەشە کە پرۆتێستەکانی ژنان لەوێ بەردەوامە، لەوانە پرۆتێستە گەورەکەی ڕۆژی جیهانی ژنان.

بەمکارەش ئەردۆگان ئەوەندەی دیکە ئەگەری چوونی تورکیا بۆ ناو یەکێتی ئەوروپای  مەحاڵ کرد، تورکیا لەساڵی 2005وە  کاندیدە بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورووپاوە بەڵام لە بەر ڕیکۆردی خراپی تورکیا سەبارەت بە مافی مرۆڤ و نزمی ستاندەری و جیاوازی سیاسەتی لەگەڵ ئەوروپادا ، تا ئێستا پاش 16 ساڵ  هەر لە دەرەوەی ئەو یەکێتییە .

بێ گومان هەر تورکیا نییە کە لەو پەیمانە کشاوەتەوە بەڵکو وڵاتانی دیکەی وەکو پۆڵۆنیاش هەڕەشەی کشانەوە لەو پەیمانە دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی