یەکێک لەو ھەڵە ستراتیژیانەی حیزبە کوردییەکان کردیان، گۆرینی یاسای ھەڵبژاردنەکان
بوو لەلیستی داخراوەوە بۆ نیمچە کراوە. ئەمە وایکرد ھەموو کەسێک چانسی چونە پەرلەمانی
ھەبێ، بێ گوێدانە تواناو پسپۆڕی کەسەکە، لەدوای یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی سلێمانیو
ھەولێرو ئەکتیڤکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، حیزبە سیاسیەکان، بەسیستمی لیستی داخراوی
ھەڵبژاردن چونە پەرلەمانی ھەم کوردستانو ھەمیش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە تێیدا
کەسانی ئەکادیمیو شارەزاو دەسترۆشتویان ناردە پەرلەمانو لەڕیزبەندی کاندیداکانیان
سەرەتا کەسانی سیاسی بەئەزمونو دواتر پسپۆرانی یاساییو ئینجا داراییو ئەندازیاریو
پاشان کەسانی تایبەتمەندی بوارەکانی تریان دەخستە ناو لیستی کاندیداکانیانو بەمەش
پەرلەمان دەبوە شوێنی کەسانی بەئەزمونو شارەزا، تاپلەی پڕۆفیسۆر لەبوارە جیاجیاکاندا،
ئەمەش وایکرد کە پەرلەمان ببێتە دامەزراوەیەکی گرنگو حیزبە سیاسیەکانو دەسەڵاتداران،
ھەر میوانێکی بیانی ڕوی لەھەرێم بکردایە لەپەرلەمانەوە میواندارییان دەکرد، ئەوەندە
ئەو شوێنە گرنگو بەھەیبەت بوو.
بەڵام لەدوای ئەوەی لیستی ھەڵبژاردنەکان لەلیستی داخراوەوە کرا بەسیستمی لیستی
نیمچە کراوە، دۆخەکە ئاقارێکی تری وەرگرتوو، ھەموو ئەوکەسانە چانسی سەرکەوتنیان زیاتربوو
کە زیاتر لەشاشەی تیفییەکانو سۆشیاڵ میدییاوە دەردەکەون. بێگوێدانە ئاستی معریفیو
زانستی کاندیدەکە، کە ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ ناھۆشیاری دەنگدەر، کە لەسەر
بنەمای توانای ڕۆشنفکریو ئاستی زانستی کاندیداکان ھەڵنابژێرێ.
تەنانەت ئەمە کاریکردۆتەسەر کاری پەرلەمانیو کاروباری لیژنە جیاجیاکانی پەرلەمان
وەک پێویست رایی ناکرێن، دەرچوی پەروەردەی کوردی لەلیژنەی داراییەو دەرچوی جوگرافیا
لەلیژنەی سامانە سروشتیەکانەو خاوەن بروانامەی مێژوو لەلیژنەی کشتوکاڵە ..
ئەمەش لەئەنجامی بۆشایی نەبونی کەسانی تایبەتمەند دەگەرێتەوە، ئەگەرچی سیستمی
ھەڵبژاردنی نیمچە کراوە دیموکراسی ترو سەردەمیانەترە، بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک ئێمە کە
موزایەداتی سیاسیو کێ برکێی نازانستیانە بەرۆکی گرتووە، ڕەنگە سیستمێکی سەرئێشەو سەرچاوەی
بەشێکی زۆری کێشەکان بێ، ھەربۆیە گەر حیزبە سیاسیەکان بیانەوێ شکۆی پەرلەمان قایمتربێتو
ھەیمەنەی جارانی ھەبێ، ئەبێ سیستمی ھەڵبژاردن بگۆڕن بۆ سیستمی لیستی داخراو ئەوکات
نە کەس پێڵاوی تێئەگیرێو نە کەس دەم چاوی شوخت ئەکرێو نە شەڕە بتڵی ئاویش رووئەدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی