عێراق چاوەڕێی هەڵبژاردن‌و هەرێمیش بەهێزبوونەوە دەكات

02/04/2021

عوسمان گوڵپی

عێراق بەدۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت، بەجۆرێك كە ئەو ئاراستە سیاسیانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن بكرێت‌و لەعێراق كێشەی زیاتر ڕوونەدات، تاڕادەیەك پشوویەك بدرێتە كێشەكان تا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، ئەمانە لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجەو چارەسەری كاتی كێشەكان بوون.

لەهەرێمی كوردستانیش بەهۆی زۆری كێشەكان‌و پرسی داهاتەوە مەیلی ئەم ڕێككەوتنانە هەبوون، بەڵام ئەمە مەیلی چارەسەركردن نییە، بەڵكو مامەڵەكردنە بۆ تێپەڕاندنی كات، واتە هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بەهێزبوونەوە دەكات یان بەپێچەوانەوە لاوازبوونی عێراق بەهۆی دۆخێكی تایبەتەوە.

بۆئەوەی ئەم ڕێككەوتنەی كە كاتیەو چارەسەری كێشەكانی بەدوادا نایەت تێپەڕێت، ئەوكات چ عێراق دەچێتەوە سەر قەوانە كۆنەكەو هەرێمیش گۆرانیەكانی پێشتر بۆ عێراق دڵێتەوە، چونكە لەهەرێم مەیلی دووری لەبەغدادو ماڵی خۆت بۆ  خۆت‌و هی خۆم بۆ خۆم‌و لەعێراقیش ئەوەندە هێزی شۆڤێنی‌و وابەستە بەسیاسەتی دەرەكی‌و شەڕەنگێزی هەیە كە هەمیشە بۆ دەرفەتی لاوازكردنی هەرێم بگەڕێن‌و بەدوای گەورەكردنی كێشەكانەوەبن تا چارەسەریان زەحمەتتربێت.

تێپەڕاندنی بودجەو گفتووگۆكان‌وتوندنەبوونەوەی پەیوەندیەكان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو ئاراستانەی سەرەوە هەیە، ئەوە لەكاتێكدا كە پێگەی سەرۆك كۆماری عێراق لەئێستای بەغدادا بەهێزەو كاریگەری ئیجابی لەسەر جەمسەرەكان هەیەو ئەمەش لەم دۆخەی هەرێمدا بەقازانج كەوتۆتەوەو بووەتە هۆی پاراستنی هاوسەنگی‌و لەساڵی ڕابردووشدا ڕێگربووە لەفراوان نەبوونی بۆشایی نێوان هەولێرو بەغدا، لەپەرلەمانیشدا كوتلەكانی كورد ئەگەرچی ناكۆكیان زۆرە، بەڵام كاریگەرن، بەتایبەت ژمارەیەك پەرلەمانتاری چالاكی دوور لەحیزب، هەرچەند نێوان كوتلە كوردیەكان زۆر دوورە لەیەكەوە، بەڵام لەهەندێك خاڵدا یەكدەگرنەوەو ئەمەش لێكەوتەی ئیجابی هەبووە.

لەكۆتایدا پێموایە هەر ڕێككەوتنێك لەنێوان بەغدادو هەولێر بەمشێوازو میكانیزمانەی ئێستاو لەژێر كاریگەری ئەو هۆكارانەدابێت كاتیەو  ئەگەری جێبەجێنەكردنی نزیكە تا جێبەجێكردن، ئەگەرچی لەهەموو حاڵەتێكدا چەند مانگێكی كەم دۆخەكە ئاسایی دەكاتەوەو دواتر كێشەكان سەرهەڵدەدەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی