ئه‌مریكا له‌ نێوان ستراتیژی كۆن و نوێدا

03/04/2021

زانا توفیق بەگ

پێویسته‌  دوو ڕاستی گرنگ هه‌یه‌ باسی بكه‌ین،  تاكوو بتوانین گفتوگۆیه‌كی جدی له‌سه‌ر دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ سایه‌ی دۆخی سیسته‌می كه‌پیتالیزمی جیهان و ستراتیژییه‌تی نوێی نێوده‌وڵه‌تی بخه‌ینه‌ڕوو، كه‌ ئێستا ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات.
١.حه‌قیقه‌تی سیسته‌می كه‌پیتالیزمی جیهانی و ستراتیژییه‌تی ئه‌مریكی كۆنه‌، له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابووردوودا كه‌ چه‌ندین كێشه‌و بۆشایی گه‌وره‌ی تێدابوو، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر ووڵاتانی بلۆكی سۆشیالستی و به‌لقان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.  بۆیه‌ پێویستی به‌وه‌ ده‌كرد جارێكی تر فۆڕمه‌له‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ بكرێت بۆ جێبه‌جێ كردنی له‌ سه‌ده‌ی نوێدا، به‌تایبه‌تی ئه‌و ململانێیه‌ی كه‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و له‌گه‌ڵ بلۆكی سۆشیالستی به‌رده‌وام له‌ جه‌نگی ساردا بوون بۆ تێكشاندنی یه‌كتری.

٢.ڕاگه‌یاندنی ستراتیژییه‌تی نوێ ئه‌مریكا له‌ ساڵی ٢٠٠٢ دا به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كی كۆكوژی، له‌گه‌ڵ ووڵاته‌ به‌هێزه‌كانی ئابووری وه‌ك (صین، ڕووسیا و به‌ریتانیا) هه‌ندێ ووڵاتی تری وه‌ك (هندستان، پاكستان و كوریای جنوبی)، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا  نه‌یتوانی ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی سودبه‌خش بۆ ئاسته‌نگ و كێشه‌كانی سیسته‌می كه‌پیتالیزمی سه‌رمایه‌داری كه‌ ڕووبه‌ڕووی بازاڕی ئازادی ئه‌مریكا ببوه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌دوای به‌هێزبوونی ژێرخانی ئابووری صین و توانایی به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، كه‌ كێبڕكی سیسته‌می به‌رگری و سه‌ربازی ئه‌مریكای ده‌كرد.
٣. سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا  ستراتیژی نوێی ڕاگه‌یاند، به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ جیهاندا. ئه‌و به‌رنامه‌ نوێیه‌ی ئه‌مریكا چه‌ندین ڕێساو نوڕمی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا یه‌كانگیر نه‌ده‌بوونه‌وه‌. به‌تایبه‌تی ئه‌و پلان و نه‌خشانه‌ی ئه‌مریكا كه‌ كێشا بووی بۆ سوپه‌ر پاوه‌ری  تاك جه‌مسه‌ری زلهێزی له‌ دنیادا.

زیاتر پشت به‌ستن به‌ هێزی سه‌ربازی گه‌وره‌ بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی له‌ جیاتی به‌هێزكردنی یاسا نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان، هه‌وڵدان بۆ لاوازكردنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ ئه‌ندامی هه‌میشه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانن.
له‌ واقیعدا دوای جه‌نگی ئه‌مریكا وعێراق له‌ سه‌رده‌می (جۆرج بۆش)ی كوڕدا،  له‌ تریمی دووهه‌می سه‌رۆكایه‌تدا، به‌ ئاشكرا ئه‌و ستراتیژه‌ نوێیه‌ی باسكرد كه‌ ئیتر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێگه‌ی یه‌كه‌می ئابووری ئه‌مریكایه‌. ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ گرنگی پێدانی ئه‌مریكا گۆڕاوه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وروپا.  ئه‌و ستراتیژه‌ش هه‌ڵقوڵاوی ئه‌زموونی ئه‌مریكا بوو له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كه‌ ئه‌وروپا نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست كۆمۆنیسته‌كان. ئێستا ده‌یه‌وێت به‌ هه‌مان سیناریۆی كۆن دووباره‌ی هه‌مان ستراتیژی خۆی بكاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ژێر مه‌ترسی تیرۆر و چه‌سپاندنی سه‌قامگیری ئاشتی بۆ جیهان دروستكردنی هه‌یمه‌نه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ ووڵاتانی خاوه‌ن سامانی نه‌وتی به‌تایبه‌تی كه‌نداو و به‌شێك له‌ خوارووی ئه‌فه‌ریقا .
ئایا ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی ووڵاتانی جیهانی ئیسلامی، تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك توانیویانه‌ خۆیان ئاوێته‌ی ئه‌و ستراتیژه‌ نوێیه‌ ئه‌مریكا بكه‌ن به‌تایبه‌تی له‌دوای ڕووداوی ١١ی سێبتێمبه‌ر و شه‌ڕی عێراق؟
هه‌ر دوو ڕووداوه‌كه‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بوون بۆ به‌رهه‌مهێنانی ڕه‌وتێكی نوێ، كه‌ له‌ پێناو خۆگونجاندنی ئه‌و ته‌وژمه‌ نوێیه‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست بێت. به‌تایبه‌تی لای به‌شێك له‌ ووڵاته‌ ئیسلامیه‌كان هۆشیارییه‌كی نوێ په‌یدا بوو، ئه‌و هۆشیارییه‌ پێی وابوو كه‌ ده‌بێت ئیسلامیه‌كان و ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ستراتیژیی خۆیان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی واقیعی سیاسی و پلان و ستراتیژیی نوێ ئه‌مریكا بگونجێنن، وه‌ پێداویستیه‌كانی ئه‌و واقیعه‌ بونیاد بنێنن، هه‌روه‌ها خاڵه‌ به‌هێزو و لاوازه‌كانی خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی پراگماتی ببین‌و  خۆیان له‌و مه‌ترسیانه‌ به‌ دوور بگرن‌و بتوانن دیالۆگی كراوه‌ له‌گه‌ڵ بازاری  ئازاد و دژایه‌تی تیرۆر و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكادا له‌به‌رچاوبگرن‌و بگونجێنن.